ئاب 22, 2019

کێشە سێکتەرییەکانی عێراق بەرەو کوێ؟

لەسەر بەرفراوانکردنی دەسەڵاتیان لە موسڵ، سوننەکانی موسڵ و دەوروبەری شیعەکان تۆمەتباردەکەن کە لەوەتەی ناوچەکانیان لەژێر دەستی داعش ڕزگارکراونەتەوە کاریگەرییەکانیان زیادیکردوە و، هەوڵدەدەن دیمۆگرافیای بەشێک لەشوێنە پیرۆزەکانیان بگۆڕن.

لەڕاستیدا گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان لەعێراق مێژوویەکی دوورو بەردرێژی هەیە، لەکاتی دەسەڵاتی ڕژێمی (سەددام حسین) یشدا کوردەکانیان بەزۆر ناچارکردوە ناوچەکانیان بەجێبهێڵن و عەرەبیان لەشوێنەکانیان نیشتەجێکردوە، وە تاوەکو ئێستاش ئەو کێشانە بەچارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە تاکەی ئەو کێشانە لەعێراقدا درێژەیان دەبێ؟ ئایا ئەو کێشانە سەرناکێشن بۆ دروستکردنەوەی ناسەقامگیری و، بەردەوامیدانبە گرژییەکان لەعێراق و، سەرهەڵدانی گروپی هاوشێوەی داعش.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەلمۆنیتەر) عەرەبە سوننەکانی موسڵ نیگەرانن لەو هەوڵانەی شیعەکان لەناوچەکانیان، (ابوبکر کەنعان) بەڕێوەبەری وەقفی سوننی لە پارێزگای نەینەوا لەمانگی ڕابردوودا لە لێدوانێکیدا دەڵێ، ئەو هەوڵانەی شیعەکان گۆڕینی دیموگرافیان و خەڵکی لەکۆمەڵگایەکان بەفشار و بەپارە ناچاردەکرێن ناوچەکانیان چۆڵکەن.
(کەنعان) ئەو کێشەیەی گەڕاندەوە بۆ کێشەی سێكتەری نێوان سوننە و شیعەکان کە لەدوای شەڕی سەرکەوتن بەسەر داعشدا لەساڵی (٢٠١٧) ەوە لەو ناوچانە سەریهەڵداوەتەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی شوێنە ئایینی و پیرۆزەکان لەلایەن هێزەکانی شەڕکەرەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لە موسڵ بەدیدەکرێ، هەروەها لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، بەڵگەی دۆکیومێنتیش هەیە کە دەسەڵاتی وەقفی شیعەکان هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵی چەند ناوچەیەکی ئایینی شارەکە بکات، لەوانە (١٧) شوێن لەناوچە کۆنەکانی موسڵ لەلایەن شیعەکانەوە کۆنتڕۆڵکراون.
لەسەر زەقبونەوەی ئەو کێشەیە ئەندام پەرلەمانەکانی شارەکە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا کۆبونەوە و بەڕێوەبەرانی هەردوولای وەقفی سوننی و شیعەکانیان کۆکردەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو کێشانەی نێوانیان و دۆزینەوەی چارەسەری پێویست.
هەروەها لەبەرئەوەی کێشەکە جیدیە و سوننەکانیش نیگەرانن لەسەر دەستبەسەرداگرتنی شوێنە ئاینیەکانیان لەلایەن دەسەڵاتی شیعەوە، سوننەکان نامەیەکیان بۆ (علی سیستانی) گەورە مەرجەعی شیعەکان ناردوە و تیایدا داوایان لێکردەوە سنورێک بۆ نوسینگەی ئەوقافی شیعەکان دابنێت لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی مزگەوت و، شوێنە ئاینیەکانی سوننەکان.
هەر لەسەر ئەو کێشەیە، (شیروان دوبەردانی) بەڕاپۆرتەکەی گوتوە، میلیشیا چەکدارەکان بەنایاسایی کۆنتڕۆڵی شوێنەکانی سوننەکان دەکەن، وە گوتیشی خەڵکی موسڵ توڕەن لەسەر کۆنتڕۆڵی شیعەکان بەسەر شوێنەکانی سوننەکانەوە.
لەڕاستیدا ئەو کێشەیە تەنها شوێنە ئاینیەکانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو ناوی چەند مارکێت و شوێنێکیش ناوی هێما و پیرۆزییەکانی شیعەکانیان لێنراوە، ئەو دیاردەیە لەدوای ڕزگارکردنەوەی موسڵ لەژێر دەستی داعش بەزۆری هەستی پێدەکرێ.
(ئەسیل نوجەیفی) پارێزگاری پێشوی نەینەوا گوتی، لایەنە ئاینیەکان و هێزەکانیان لەو باوەڕەدان کە پێویستە موسڵ بگۆردرێ بۆ شارێکی شیعەیی. هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە هێزەکانیان هەوڵدەدەن کۆنتڕۆڵی مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکان بکەن کە سوننەکان بۆ سەدان ساڵە خواپەرستی تێدادەکەن.
هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێکن لەو ململانێیانەی ئێستا کە لەناو موسڵدان و، کار بۆ باڵادەستی شیعە لەناو موسڵدا دەکەن، لەو بارەیەوە هاوڵاتی (فخردین الجبوری) ئاماژەی بەوەداوە، پیاوەکانی حەشدی شەعبی کە بەشداریانکردوە لە ڕزگارکردنەوەی موسڵ بەخەڵکی شارەکە دەڵێن ئەوان ئەو هێزەبوون کە گروپی تیرۆریستی داعشیان لەشارەکە دەرکردوە، وە لەوێش دەمێننەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن جارێکی دیکە تیرۆریستان نەگەڕێنەوە. لەڕاستیدا مانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر قوڵکردنەوەی کێشە تایەفی و مەزهەبیەکان.
کێشەی سوننەکان و شیعەکان تەنها لەناو موسڵدا نەماوەتەوە، بەڵکو ململانێ و دەمەقاڵێیەکانیان لەسەر شوێنە پیرۆزەکان لە سامەڕاش هەیە، سوننەکان لەوێش شیعەکان تاوانباردەکەن کە شوێنە پیرۆزەکانیان کۆنتڕۆڵکردوە، بۆ نمونە شوێنی گومەزی ئیمام عسکریانیان خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.
لەدوای ساڵی (٢٠٠٤) ەوە بەرە بەرە ململانێ سێکتەریەکانی عێراق سەریانهەڵداو و قوڵبونەوە بەتایبەتی لەنێوان سوننە و شیعەدا، هەردوو دەسەڵاتی وەقفی سوننی و شیعەکان دامەزرێندران و هەردووکیان بەستراونەوە بەوەزارەتی ئەوقافی حکومەتی عێراقیەوە.
لەو کاتەوەی موسڵ لەلایەن داعشەوە لەساڵی (٢٠١٤) داگیرکرا، وەقفی شیعەکان کار و چالاکیەکانیان لەموسڵ ڕاگرت هەتاوەکو شارەکە ڕزگارکرایەوە و دواتر بارەگای سەرەکیان لە کۆتایی ساڵی (٢٠١٧) ەدا لەوێ کردەوە.
یەکێک لەو شوێنە پیرۆزانەی سوننەکان کە شیعەکان لەدوای ڕزگارکردنەوەی موسڵ خاوەنداریەتیان لەسوننەکانەوە گواستۆتەوە بۆ سەر خۆیان، مزگەوتی کچی ئیمام حەسەنە کە دووەم ئیمامی شیعەکانە و دەکەوێتە شاری موسڵی کۆنەوە.
لەنێو سوننەکاندا گلەیی و تاوانبارکردنی شیعەکان لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانیان و شوێنە پێرۆزەکانیان بەزۆری هەستی پێدەکرێ بەڵام شیعەکانیش ئەوە ڕەتدەکەنەوە.
(باسم البیاتی) بەڕێوەبەری وەقفی شیعەکان گوتی، داواکاری سوننەکان هیچ بنچینەیەکی نیە و ئامانج لێی تێکدانی ئارامی سێکتەریە لەشارەکەدا. هەروەها گوتیشی هەر گۆڕانکارێک لە موڵکداری یان لەناوی شوێنە ئاینیەکان ئەنجامدرابێ بەگوێرەی یاسا بوە.
هەروەها (البیاتی) سوننەکانی تاوانبارکرد کە لەژێر دەسەڵاتی (سەددام حسین) داکۆنتڕۆڵی شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکانیان کردوە و، ئەوان ئێستا ڕاستی دەکەنەوە و دەیانگێڕنەوە.
شیاوی باسکردنە، ئەو گرژیانەی نێوان سوننە و شیعەکان سەرەتایەکە بۆ دروستبونەوە و قوڵبونەوەی ئاڵۆزییەکان لەعێراقدا و مەترسیدارە بەتایبەتی بۆ ڕەوشی ئێستای عێراق کە لەقۆناغی خۆڕێكخستنەوەدایە لەدوای شەڕی داعش.
لەڕاستیدا گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکان لەعێراقدا مێژوویەکی قوڵی هەیە و، لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا بەبەرفراوانی لەدژی کورد و شیعەکان ئەنجامدراوە، بەهەزران خێزان لەناوچەکانیان دەرکراون و موڵکەکانیان لێ سەندراوە، وە ئەو کێشانە پێویستیان بەچارەسەرکردن بەگوێرەی دەستووری عێراق هەیە بۆ ئەوەی دادوەری موڵکداریەتی بۆ خەڵکەکە بگەڕێتەوە.
هەر لەسەر ئەو بارودۆخە (محمد عبد رەبۆ) ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراقی لەنەینەوا گوتی، دەستبەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی مزگەوتەکان دەبێتەهۆی گواستنەوەی ململانێیەکان بۆ ئاستێکی نوێتر، وە هەوڵێکە بۆ بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی شیعەکان لەناوچەکانی سوننەکاندا و، وە ئەو هەوڵانە بەپلان بەڕێوەدەچن.
موسڵ و ئەو ناوچانەی دیکەی کە داعش دەستی بەسەرداگرتبوون و وێرانیکردبوون هێشتا قوربانین بەدەست گیروگرفتی دیکەوە، ئەوان لەئێستادا قوربانی ئاڵۆزی سێكتەرین لەسەر ململانێیەکانی نێوان هەردوو دەسەڵاتی وەقفی سوننی و شیعەکان.
لەماوەی ڕابردوودا چەند ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتیش ئاماژەی بەگیروگرفتە سێکتەرییەکانی ناوچەکەداوە، وە حەشدی شەعبی کە لەو ناوچانەدا ماون هاوکاری بەرفراونکردنی دەسەڵاتی شیعەکانی ئەو ناوچەیە دەکەن و ئەوەش کێشەکانی زیاتر قوڵترکردۆتەوە، ئەوان لەدژی کوردەکان نەتەوەگەرایی بەکاردێنن و، لەدژی سوننەکانیش مەزهەبگەرایی بەکاردێنن، وە لەموسڵ بەتایبەتی دەستێوەردان دەکەن لەشوێنە ئاینیەکان کە ناوەکانیان لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە تۆمارکراون.
ئەوەی کە تاپێش ساڵی (٢٠٠٣) لەلایەن سوننەکانەوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شوێنەکان ئەنجامدەدرا، ئێستا شیعەکان دەسەڵاتیان هەیە و، هەمان شت ئەنجامدەدەن.

 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler