ئاب 22, 2019

عێراق لەگەڵ ئەمریکایە بۆ گەمارۆخستنە سەر ٤ عێراقییەکە

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی عێراق ناچار ده‌بێت، پابه‌ندی بڕیاره‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بێت، بۆ سزاخستنە سەر ئەو ٤ عێراقییەی کە لە ماوەی پێشوو بە تۆمەتی هاوکاری وڵاتانی دراوسێ، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا گەمارۆیان خرایە سەر.

به‌و هۆیه‌وه‌ش حكومه‌تی به‌غدا كۆمه‌ڵێك بڕیار دژ به‌دۆسته‌كانی لە تاران ده‌رده‌كات و، پێچه‌وانه‌ی "سیاسه‌ته‌كانی دووره‌په‌رێزی" كه‌ماوه‌ی ڕابردوو له‌سه‌روبه‌ندی ناكۆكی وململانێیه‌كانی نێوان ڕژێمی ئێران و ئەمریکا ڕایگه‌یاندبوون.
له‌ماوه‌ی ڕابردوو وه‌زاره‌تی خه‌زێنەدار‌ی واشنتۆن هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌حمه‌د جه‌بوری (ناسراو به‌ ئه‌بو مازن)پارێزگاری پێشووی سه‌لاحه‌ددین، نۆفل عاگوب پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا، ڕەیان كلدانیسەرۆکی گرووپی بابلیۆنی كریستانه‌كانی نێو حه‌شدی شه‌عبی، وه‌عد قه‌دۆ فه‌رمانده‌ی لیوای ٣٠ـی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ به‌ ئه‌بو جه‌عفه‌ر شه‌به‌كی ناسراوه‌، خرانه‌ نێو لیستی سزا‌كانی كۆشكی سپی.ئەمریکاش هۆكاری تۆماركردنی ئه‌و ناوانه‌ش بۆ ئه‌نجامدانی "تاوانی دژ به‌مافه‌كانی مرۆڤ و، گه‌نده‌ڵی دارایی و پێشڵكاریی مرۆیی "بووه‌.
هاوكات عه‌بدولمه‌هدی فه‌رمانی داوه‌، چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سێكی نزیكی ئێران به‌رێوه‌ده‌چێت و، زۆربه‌ی ناوچه‌ تێكه‌ڵییه‌ ئه‌تنییه‌كانی موسڵیان كۆنترۆڵ كردووه‌، ده‌ستبه‌جێ كاره‌كانیان ڕابگرن.له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ بانكی ناوه‌ندی عێراق، داوای له‌سه‌رجه‌م بانكه‌ میری و ئه‌هلییه‌كان كردووه‌، قه‌واڵه‌ی هه‌ر چوار كه‌سایه‌تییه‌كان سڕ بكه‌ن كه‌ناویان له‌نێو لیسته‌كه‌ی ئەمریکادا هاتووه‌.
له‌پاڵ ئه‌وانه‌ش مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیاندا ڕابگیرێت، ڕێگرییان لێبكرێت دۆلاری ئه‌مریكیاین ده‌ستبكه‌وێت، هه‌ڕە‌شه‌ی ئه‌وه‌شیان لێكراوه‌ "سه‌رپێچیكاران سزا‌كانیان ده‌گاته‌ داخستنی ده‌رگای بانكه‌كانیان".به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی به‌غدا ئاشكرای ده‌كات "ده‌بێت به‌زووترین كات هێزه‌كانی ئه‌بو جه‌عفه‌ر شه‌به‌كی له‌ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌"، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌و ناوچانه‌ زۆرینه‌ی پێكهاته‌كانی له‌ كریستیان و شه‌به‌ك و موسڵمانه‌ سوننه‌كانن، چونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ سه‌رپێچی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤیان كردووه‌.
هێزه‌كانی شه‌به‌كی به‌وه‌ش تۆمه‌تبار كراون كه‌ "پاش پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ڕێگری له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌كانیان"، به‌ڵام لایه‌نگره‌ كریستیان وشه‌به‌كه‌كانی ئه‌بو جه‌عفه‌ر شه‌به‌كی و ڕە‌یان كلدانی، ده‌ڵێن "ئه‌وان متمانه‌یان به‌هێزه‌كانی سوپاو پۆلیسی عێراقی نییه‌، چونكه‌ زۆربه‌ی پێكهاته‌كه‌ی موسڵمانن"، داوا ده‌كه‌ن، " هێزه‌كانی خۆیان پارێزگارییان لێبكه‌ن، كه‌ له‌كریستیان وشه‌به‌ك پێكهاتوون".
له‌به‌رامبه‌ریشدا خه‌ڵكانی دیكه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ هێمایان به‌وه‌ كردووه‌ "لیواكانی شه‌به‌ك و كریستیانه‌كانی نێو حه‌شدی شه‌عبی، ته‌نها ناوێكی ڕووكه‌شه‌و، زۆربه‌ی چه‌كداره‌كانیان له‌موسڵمانه‌ شێعه‌ مه‌زهه‌به‌كانن و، حه‌شدی شه‌عبی له‌نێو دانیشتووانی باشوور عێراق له‌كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ئێران دابین كراون، وه‌ك عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق و سه‌رایای خوراسانی".
گووتویانه‌ " سوپای پاسداران، سوودی له‌و لیوایانه‌ی كلدانی و شه‌به‌كی نێو حه‌شدی شه‌عبی وه‌رگرتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌دان جه‌نگاوه‌ری شێعه‌ بخاته‌ نێو ڕیزه‌كانیان، به‌بیانووی ئه‌وانه‌ كریستیان و شه‌به‌كن"، ئه‌مه‌ش وای له‌و خه‌ڵكانه‌ كردووه‌ دژیان بوه‌ستن.له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه‌ كڵێسای كلدانی دژایه‌تی خۆی بۆ هه‌ر گرووپ و بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كداری كریستیانی ده‌ڕبریوه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌ كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاركی كڵدانی كاسۆلیكی عێراق و جیهان له‌ ڕاگه‌یێنراوێكدا دووپاتیكردە‌وه‌ "كڵێسای كلدانی هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ ڕێكخستنه‌وه‌و په‌یكه‌ربه‌ندی حه‌شدی شه‌عبی به‌ئاراسته‌یه‌كی دروست ده‌زانێت، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ك ته‌نها له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت كۆبكرێته‌وه‌و، دامه‌زراوه‌كانیشی پته‌وتر بێت، له‌پاڵ ئه‌وانه‌ش هۆشیاریی نیشتیمانی لایه‌ن عێراقییه‌كان و یه‌كگرتوویی ناسنامه‌ی نیشتیمانی چڕتر ببێته‌وه‌".ده‌شڵێت "كڵێسای كلدانی به‌شێوه‌یه‌كی ڕەها دژی هه‌ر گرووپ و بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كدارییه‌، سیفه‌تی كریستیان له‌خۆ بنێت".
داواشی كردووه‌ "په‌یوه‌ندی وخۆیان له‌دامه‌زراوه‌ ئه‌منی و فه‌رمییه‌كانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناونووس بكه‌ن".بانكی ناوه‌ندی ئه‌و وڵاته‌ش، داوای له‌سه‌رجه‌م ئه‌و بانكانە كردووه‌ زانیاریی ورد له‌باره‌ی ئه‌و ناوانه‌ی له‌نێو سزاكانی ئەمریکا هاتوون.
سه‌رچاوه‌ نزیكه‌كانی به‌غداش جه‌ختیان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ "ئه‌و ڕێكاره‌ به‌بڕیاری ڕاسته‌وخۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوای هۆشدارییه‌كی ڕوونی واشنتۆنه‌وه‌ هاتوون".
كۆشكی سپی به‌گووته‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ "ناڕە‌زایی خۆی به‌عه‌بدولمه‌هدی نیشانداوه‌ به‌وه‌ی، به‌شێك له‌لایه‌نه‌كانی حكومه‌ت به‌سه‌ر سزاكانیان ده‌پێچنه‌وه‌و، ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ی هاوپه‌یمانانی عێراق یارمه‌تی ئێران بده‌ن".له‌و باره‌یه‌وه‌ واشنتۆن نه‌یشاردووەته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ عێراقیش بخاته‌ نێو سزا‌كان، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت له‌یارمه‌تیدانی دراوسێکان.
ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌بووبۆ حكوومه‌تی به‌غدا، ئه‌وه‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ پابه‌ندی سزا‌كانی ئەمریکا بێت، چونكه‌ له‌نێو كێشمه‌كێشه‌ سیاسی و ئاڵۆزەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، حكوومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی لاوازتر دیارە‌، چونكه‌ سه‌دان كارمه‌ندو فه‌رمانبه‌ری سه‌ره‌كیی کە بە قسێی ناکەن و، ترسی ئه‌وه‌یان له‌دڵدایه‌ بكه‌ونه‌ به‌ر شه‌پۆلی سزاكانی كۆشكی سپی.
ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌، حه‌شدی شه‌عبی كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر گه‌وره‌ترو فراوانتری له‌حكوومه‌ت هه‌یه‌، ڕێگری له‌جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان بكات.ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جموجوڵانه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌كرێت، كه‌به‌شێك له‌به‌رپرسه‌ عێراقییەکان خەریکی گواستنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌و پاره‌و وه‌به‌رهێنانه‌كانیان بۆ ئێران، بۆ پارێزگاریكردنیان له‌سزاكانی واشنتۆن.

 

کارزان حەمید-هەولێر

© 2017 Hawler