ئاب 22, 2019

هەڕەشەی کەمبونەوەی ئاو لەسەر دواڕۆژی عێراق هه‌یه‌

ئاو یەکێکە لەو سەرچاوە گرنگانەی ژیان کە بەهایەکی گرنگی هەیە بەتایبەتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە سەرچاوەی ئاوی ناوخۆییان کەمە. گۆڕانی کەش و هەوا و، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری بەنداو لەسەر ئەو ئاوانەی کە دەڕژێنە ناو عێراقەوە بۆتەهۆی مەترسی بۆ سەر ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکانی عێراق.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڤۆکس) ئاوەکانی عێڕاق لەمەترسی بەردەم وشکبوندان، لەدوای ئەو هەموو شەڕانەی کە بەرۆکی عێراقیان گرتبوو ئێستا هەوڵی ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی سەقامگیری دەداتبەڵام لەو کاتەدا سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکە کە لەوانەیە هەموو ئەو هەوڵانە لەناوببات ئەویش نەمانی ئاو دەبێت لەدواڕۆژدا.
عێراق زۆربەی ئاوەکەی لەڕێگای دوو ڕووبارەکەوە دەستدەکەوێت کە ڕووباری فوڕات و ڕووباری دیجلەن، هەردووکیان بەدرێژایی ئەو ناوچانەی پێیدا تێدەپەڕن ئاوی پێویستی ژیانی ناوچەکانیان لێوە دابیندەکرێ لەوانە خواردنەوە و، کارەبا و، کشتوکاڵ و پێداویستیەکانی دیکەی ڕۆژانەی هاوڵاتیان. لەڕاستیدا شتێکی قورسە کە خەیاڵی ئەوە بکرێ عێراق بەبێ ئەو دوو ڕووبارە بەردەوام دەبێ یان نا.
لەساڵی (٢٠١٨) ەدا ئاستی ئاوی هەردوو ڕووبارەکەی زۆر کەمیکردبوو، ئاوی ڕووباری فوڕات بۆ چارەگێک لە ئاوی ئاسایی خۆیی کەمببۆوە و، ئاوی ڕووباری دیجلەش بەئەندازەیەک کەمیکردبوو کە لە بەغدا بەناویدا لێی دەپەڕینەوە، هەروەها لە شەتولعەرەب ئەو شوێنەی کە هەردوو رووبارەکەی لێ پێکدەگەن بەهۆی کەمی ڕێژەی ئاوەکەوە ژەهراویی و پیسبوون هاتبۆپێش.
شەتولعەرەب کە دەکەوێتە پارێزگای بەسڕەوە یەکێکە لەڕێچکە ئاوییە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنی تێپەڕینی بازرگانیە جیهانیەکانە و زۆرجار بە ڤێنیسیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشناودەبرێ.
بەسرە بەو پێیەی کە دەوڵەمەندە بەنەوت سیمبولی دەوڵەمەندی سەقامگیری ئابوری و خۆشگوزەرانی عێراقە، نزیکەی چوار ملیۆن کەس دانیشتوانەکەیەتی و نزیکەی (٨٠%) ی داهاتی نیشتمانی عێراقیش لەو ناوچەیەوە دەستدەکەوێ.
بەڵام لەساڵی (٢٠١٨)ەدا و بەهۆی وشکبونی ئاوی کەناڵەکانی و پیسبونی شەتولعەرەبەوە ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتیانی ئەو شارە خەڵکی توشی نەخۆشی کردبوو، نزیکەی (١٠٠ هەزار) کەس بەهۆی کێشەی پیسبونی ئاوەوە گەێندرانە نەخۆشخانەکان.
بەسڕە بێجگە لەکێشە کەڵەکەبوەکان لەناڕەزایەتیەکانی هاوڵاتیان بەهۆی کەموکورتی خزمەتگوزارییەکانەوە، هاوکات کەم ئاویش کێشەیەکی سەرەکی دیکە دەبێ لەئێستا و لەداهاتوودا.
ئاوی ڕووبارەکانی عێراق:
ئاوی هەردوو ڕووبارە گەورەکەی عێراق بێگومان سەرچاوەی ژیانن، هەردووکیان بەدرێژایی ئەو ناوچانەی لەناو عێراقدا پێیدا تێدەپەڕن سودیان لێوەردەگیرێت بۆ خواردنەوە و، کشتوکاڵ و، بەنداوەکان و، دەمارێکی گەورەی ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەن بەڵام کۆنتڕۆڵەکەیان لەدەستی عێراقدا نیە و هەردوو ڕووبارەکە لە تورکیاوە سەرچاوە دەگرن.
نزیکەی (٧١%)ی ئاوی عێراق لە تورکیاوە دێت و، نزیکەی (٤%) ی لە سووریاوە و، نزیکەی (٦%)یشی لە ئێرانەوە دێت، کۆی ئەو ئاوەش نزیکەی (٨١%)ی ئاوی پێویستی عێراق لە وڵاتە هاوسێیەکانیەوە پێکدێ و عێراق دەسەڵاتی بەسەریدانیە و، تادێت ئەو وڵاتانە زیاتر و زیاتر بۆ خۆیانی گلدەدەنەوە.
لەوەتەی ساڵەکانی حەفتاکانەوە تورکیا بەلایەنی کەمەوە نزیکەی (٢٠) بەنداوی لەسەر ڕووباری فورات دروستکردوە، وە لەنێویاندا بەنداوی (ئەتاتورک) هەیە کە گەورەترینە لەجیهاندا، هەروەها سووریاش چەند بەنداوێکی لەسەر ڕوباری فوڕات دروستکردوە کەو ئەو ڕووبارە بەشێوەیەک کەمیکردوە کە تەنها چارەگێک ئاوی دەگاتە عێراق.
لەسەر ڕووباری دیجلەش هەمان شت ڕوویداوە، تورکیا ژمارەیەکی زۆر بەنداوی لەسەر دروستکردون کە دیارترینیان بەنداوی (ئیلیسو) یە کاتێک لەساڵی (٢٠١٨)ەدا پرۆژەکە تەواوبوو ئاوی دیجلە بەئەندازەییەک کەمیکردبوو کە خەڵکی لەبەغدا دەیانتوانی بەپێ بەناویدا بپەڕنەوە.
هەروەها لقەکانی ڕووباری دیجلە بەشێکیان کە لەئێرانەوە دێن، لەوێش هەمان شت ڕوویداوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا ئێران نزیکەی (٦٠٠) بەنداوی دروستکردوە هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن کە ئاوی عێراق لەمەترسیدایە و بەپێی پێویست بەشی ناکات بۆ خواردنەوە و، بەرهەمهێنانی کارەبا.
لەگەڵ کەمبونەوەی ئاوەکان ئاستی پیسبونی ئاوەکانیش زیاددەکات و، هەروەک ئەوەی کە ساڵی پار ڕوویدا و بەڕێژەیەکی زۆری سامانی ماسیش لەناوچوون.
لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا عێراق بەسێ شەڕی گەورەدا تێپەڕیوە، لەساڵی (١٩٩٠)دا کاتێک پەلاماری کوێتیدا هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هێزەکانی عێراق لە کوێت ئەنجامدا، لەو کەمپەینەدا لەناو خاکی عێراقیش هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر چوار دامەزراوەی هایدرۆکارەبایی عێراق ئەنجامدا و تێکیان شکاندن ئەوەش کاریگەری گەورەی دروستکرد لەسەر پرۆسەکانی دابینکردن و خاوێنکردنەوەی ئاو.
عێراق توانی خۆی بگرێت بەڵام دواتر بەهۆی سزایەکانی نێودەوڵەتیەوە نەیتوانی پەرە بەئاوەدانکردنەوە و، چاککردنەوەی دامەزراوە کارەبایی و ئاوییەکانی بداتەوە ئەوەش کاریگەری گەورەی دروستکرد لەسەر کەرتی ئاو و، کشتوکاڵ لەوڵاتەکەدا.
دواتر کاتێک عێراق هێرشیکردە سەر نەیارە شیعەکانی لە زۆنگاوەکانی خوارووی عێراق، بەشێک لەو زۆنگاوانەی لەناوبردن و ڕێڕەوی ئاوەکانی لەسەر وشککردن، ئەوەش قەیرانێکی دیکەی بۆ ئاوەکانی خوارووی عێراق دروستکرد و بێ بەرهەم بوون.
لەشەڕی ڕووخانی ڕژێمی عێراق لەساڵی (٢٠٠٣)ەدا بەخێرایی ڕژێم ڕوخێنرا، ئەو قۆناغەش زیاتر ژێرخانی ئابوری و، وەبەرهێنانی لەڕووی ئاو و کارەباوە لەو وڵاتە تێکدا.
بەپێی توێژینەوەیەکی (هارڤارد) نزیکەی (٤٠%) ی خەڵکی عێراق دەستیان بەئاوی پاک ڕاناگات، وە نزیکەی (٧٠%) ی ئاوەڕۆییەکانی عێراق پێویستیان بەچاککردنەوە هەیە بۆیە لەدوای ئازادی عێراق بەهاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان پلانی ستراتیژیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق ڕاگەێنرا و پلانیان دانا کە ئاوی پاک بگەێننە ملیۆنان خەڵکی عێراق و، توانای کۆکردنەوە و پاککردنەوەی ئاویش بەرفراوانتر و چاکتربکەن بەڵام بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنی پارە و سامان و، زۆربوونی گەندەڵی تەنها بەشێکی کەمی پلانە ستراتیژیەکان جێبەجێکران، بەوەش کەرتی ئاوو و، دابینکردنی ئاو بەکەمتوانایی مایەوە.
لەگەڵ هاتنی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش جارێکی دیکە نەهامەتیەکانی بۆ عێراق زیادکرد، بەهۆی شەڕەوە زۆربەی سیستەمەکانی ئاو و ئاوەڕۆیی شارەکانی ژێر دەستی داعش تێکچون و پێویستیان بەسەرلەنوێ دانانەوە ونۆژەنکردنەوە هەیە، عێراق لەشوباتی ساڵی ڕابردوودا لەکۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لەکوێت داوای کۆمەکی (٨٨ ملیار) دۆلاری کرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان لەدوای شەڕی داعش.
ئێستا عێراق پێویستی بەوەبەرهێنانی گەورە هەیە لەبواری دابینکردنی ئاو، تەواوکردنی بەنداو و پرۆژەکانی ڕابردووی کە بەشێکی زۆریان بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵیەوە جێبەجێنەکراون.
بەسڕە شادەماری داهاتی عێراقە، بەشێکی گەورەی خۆپیشاندانەکانی پار بەهۆی کێشەی نەبوونی ئاوی پاک و کارەباوە دروستببون، ئەگەر عێراق بیەوێ سەقامگیربێ دەبێ پەرە بەکەرتی ئاوبدات، ئاوی پێویست و پاک بۆ هاوڵاتیان سەقامگیری و ئاسایش و دەوڵەمەندیش بەرقەراردەکات.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler