ئەیلول 19, 2019

بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ڕێکخستنی گروپەکانی حەشدی شەعبی لێكه‌وته‌ی جیاوازی لێكه‌وته‌وه‌

(عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەحەفتەی ڕابردوودا فەرمانێکی دیوانی دەرکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێزەکانی نێو حەشدی شەعبی، ئەو بڕیارە پێشوازی گەرمی لەلایەن سەرکردە و باڵە شیعەکان و، هێزەکانی ناوچەکە و، لایەنە نێودەوڵەتیەکانەوە لێکرا. هەندێک ڕاپۆرت ئاماژەیانبەوەداوە کە هەندێک لەسەرکردەی گروپە شیعەکان ناڕازین لەو بڕیارە و ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی دروستدەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئەی‌بی‌سی نیوز) هەنگاوەکەی حکومەتی عێراقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گروپ و میلیشیا شیعەکان کە ئێران پاڵپشتیان لێدەکات کارێکی ئاسان نابێ، وە لەو کاتەدا گرژییە سیاسیەکانی ناوچەکە زیاددەکات و، هەروەها دەبێتەهۆی بەرزکردنەوەی ئەو ئاڵۆزییانەی نێوان ئەمەریکا و ئێرانیش کە ئێستا لەناوچەکەدا هەن.
گروپە شیعیەکانی سەر بەحەشدی شەعبی وێڕای ئەوەی کە بەشدارییان هەبوو لەشەڕی داعشدا و لەگەڵ هێزەکانی دیکەی عێراقی سەرکەوتنیان تۆمارکرد بەڵام ئەو هێزانە بەفتوایەکی (علی سیستانی) گەورە مەرجەعی شیعەکان بۆ بەرگریکردن لەعێراق و تایبەت لە هێرشەکانی داعش لەسەر بەغدا لەساڵی (٢٠١٤) ەدا دامەزراون، وە ئێستا عێراق دۆخێکی جیاوازتری هەیە و ئەو هێزانە بەو جۆرە بەربڵاوییە و دەسەڵاتەی کە هەیانە کێشە لەسەر سەقامگیری و ئاسایش دروستدەکەن و، جۆرێک لەهەستیاری نێوان پێکهاتەکانیش قوڵدەکەنەوە بۆیە هەڵوەشاندنەوە و ڕێکخستنیان پێویستیە.
لەدوای بڕیارەیەکەی (عەبدولمەهدی) بۆ ڕێکخستنی ئەو هێزانە لەژێر چەتری هێزەکانی سوپای عێراقدا زۆربەی لایەنە عێراقیەکان پێشوازیی گەرمیان لێکرد، فەرمانەکەی سەرۆکوەزیران لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریدا خوێندنەوەی بۆ کرا و، هەروەک بەڕێز (عەبدولمەهدی) یش بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند نابێ چەک لەدەرەوەی چوارچێوەی هێزەکانی دەوڵەتدا هەبێت، دیارە زۆری ئەو گروپانە لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکومەتدا ئیشدەکەن و چەک و پارەیان هەیە و مانەوەیان بەو شێوەیە بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ وڵات مەترسیدار دەبێت.
سەرکردەی هەندێک لەگروپە شیعەکان وەکو (سەدر) و (عەسائیب ئەهل لحەق) و (بەدر) هەر زوو پێشوازیان لەو بڕیارەکرد و گوتیان هەنگاوێکی دروستە بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکە بەشێکی دیکە لەسەرکردەکان دەڵێن گروپەکانیان نوسینگەی نیهێنیان هەیە و ئامادەنین ئەو نوسینگانە دابخەن و، تانە لەو بڕیارەی (عەبدولمەهدی) دەدەن و بە بڕیارێکی ئەمەریکایی دەزانن. یەکێک لەو سەرکردانە قسەی بۆ (ئەسۆشێتد پرێس) کردوە کە بەنهێنی ناوەکەی هێڵراوەتەوە دەڵێ سەرۆکوەزیران و ئەمەریکا خەون دەبینن ئەگەر پێیانوابێت ئەو هەنگاوە جێبەجێدەکرێت.
هێزەکانی حیزبوڵلا کە یەکێکین لەگروپە گەورەکانی میلیشیا شیعەکان و پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێراندا هەیە بەناڕاستەوخۆ ڕەخنەیان لەو بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گرتوە دەڵێن، بەرپرسیاریەتی حکومەت ئەوەیە ئەمەریکا دەربکات، دەبوایە هێزە داگیرکارەکەیان و پەیوەندییە بازرگانیانەکانیان لەعێراق نەهێڵێت کە ئەوان هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی عێراق. بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەوان نەیانگوتوە پابەندی بڕیارەکەی (عەبولمەهدی) نابن بەڵام لەو بڕیارە خۆشحاڵ نین.
حەشدی شەعبی:
حەشدی شەعبی لەساڵی (٢٠١٤)ەدا بە بانگەوازێکی (علی سیستانی) مەرجەعی باڵای شیعەکان بۆ پاراستنی عێراق دروستبوون کاتێ داعش یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیرکرد، لەو کاتەدا سوپای فەرمی عێراقی بەشێوەیەکی بەرفراوان لەناوچەکاندا تێکشکاو و ڕووخاو ببوو.
بەدەیان هەزار شیعە بەدەم بانگەوازەکەی (سیستانی) یەوەچون و لەنێو هێز و گروپی جیاجیاکاندا کۆبونەوە و بەشداریان لەپاراستن و ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانی عێراقدا کرد. زۆرێک لەو هێزانە چەند ساڵێک پێشتریش هەر هەبوون هەتا هەندێکیان شەڕیان لەدژی هێزەکانی ئەمەریکاش لەدوای ڕزگارکردنی عێراق لەساڵی (٢٠٠٣)ەوە کردبوو و، هەروەها لەبن سزای حکومەتی عێراقیشدا بوون بەڵام بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ئەو کاتە و باڵادەستیان و نزیکیان لەئێرانەوە توانیان خۆیان بەهێزبکەنەوە و ببنە یاریکەرێکی سەرەکی لەشەڕی دژی داعشدا و، دواتر بەشە سەرکەوتنی خۆیشیان پێبڕا.
شەڕی داعش یارمەتی بەرزکردنەوەی قەڵا و دەسەڵاتی میلیشیاکانیدا و لەدوای داعشیش وەکو باڵی گەورەی سیاسی و سەربازی مانەوە و ئەو پێشنیارانەش کە هەبوون بۆ هەڵوەشاندنەوەیان جێبەجێ نەکران. هێزەکانی حەشدی شەعبی کە چەکی بەهێز و تانک و پێداویستیە سەربازییەکانیان لەبن دەستدایە و لەزۆربەی پارێزگایەکانی حکومەتی فیدڕالدا هەن لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ئاستەنگیان بۆ بەڕێوەبردن دروستکردوە و بونەتەهۆی قوڵکردنەوەی دژایەتی پێکهاتە و مەزهەبیەکان.
بەرفراوانبونی دەسەڵاتی گروپی میلیشیا شیعەکان لەزۆربەی ناوچە سوننەکاندا بەتەنها نەبونەتە مایەی نیگەرانی بۆ سوننەکان بەڵکو جێی نیگەرانی هەندێک بەرپرسی سەربازی سوپای عێراق و حکومەتیش بوون. مانەوەی ئەو هێزانە بەو شێوە دەسەڵاتەی هەیانە مەترسی لەکۆنتڕۆڵکردنی پایە و دامەزراوەکانی حکومەت دروستدەکەن، هاوشێوەی ئەو ڕۆڵ و پێگەیەی کە سوپای پاسدارانی ئێرانی هەیانە.
لەو بارەیەوە (جۆو ماکاڕۆن) لە توێژینەوەی عەرەبی واشنتن گوتی، ئامانجی ڕژێمی ئێران لەو هێزانە تێکەڵبونیان نەبوە لەگەڵ حکومەتدا و مانەوەیان بوە بە سەربەخۆیی لەناو پێکهاتەیەکی سەربازیدا. دیارە هەندێک تیڕوانینی عێراقی لەنێو شیعەکانیشدا هەیە کە داوادەکەن بەتەواوەتی تێکەڵببنەوە لەگەڵ سوپای عێراقیدا.
شیاوی باسکردنە، ئەو هەنگاوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەنێو سوپای عێراقیدا پێشوازی گەرمی لێکراوە بەڵام بەبێ ئاستەنگیش نابێت.
ئەو فەرمانە دیوانیەی سەرۆکوەزیران جیاوازە لەو بڕیارەی (حیدر عبادی) سەرۆکوەزیرانی پێشوی عێراقی لەساڵی (٢٠١٨) ەدا، چونکە بڕیارەکەی (عەبدولمەهدی) بەرفراوانترە و فەرمانیکردوە کە ئەو هێزانە نابێ ناوەکانیان بمێنێ و، دەبێت ئۆفیسەکانیان دابخەن و پلە و ناونیشانی سەربازیان لەناو سوپادا بۆ ڕێکدەخرێتەوە و، بارەگا سەرەکیەکانیشیان نامێنێ و، هەروەها پێویستە نوسینگە داراییەکانیشیان هەڵگرنەوە، وە هەموو ئەو بڕیارانە دەبێت تاکۆتایی ئەو مانگە جێبەجێبکرێن.
هەروەها بۆ ئەوانەش کە نیگەرانن لەو بڕیارە و نایانەوێ خۆیان بگوازنەوە بۆ ناو سوپای عێراقی دەتوانن بەپارتی سیاسی بمێننەوە و، هەر پارت و لایەنێکیش بەئاشکرایی و بەنهێنی هێزی چەکداری بمێنێ ئەوا ڕێکاری یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر.
(زافر لعانی) ئەندام پەرلەمانی سوننەکان گوتی هیوادارم ئەوە تەنها بڕیاری سەر کاغەز نەبێ و گروپە میلیشیاکان تێکەڵبکرێن لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و بەرگری عێراقی و میلیشیایەکان بەتەواوەتی هەڵوەشێنەوە و، وە فەرمان ڕاستەوخۆ لە فەرماندەیی گشتی هێزەکانی عێراقی وەربگرن.
لەبارەی بڕیارەکەی (عەبدولمەهدی) یەوە (ماکاڕۆن) گوتی، سەرۆکوەزیران لەژێر فشاری ئەمەریکا و ئێراندا کات دەکڕیت، هەڵبەتە هەندێک لە ئەمەریکا و لەوڵاتانی عەرەبیش پێشوازییان لەو بڕیارەی حکومەتی عێراقی کرد بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە بەبێ ڕەزامەندی ئێران جێبەجێ ناکرێت.
وە بەشێک لەڕەخنەگرانیش دەڵێن لەبەرئەوەی ئەو هێز و گروپە شیعیانە گرێدراوی ئایدۆلۆژی ئێرانین و فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن بەئاسانی بەدەم بانگەوازەکەی حکومەتەوە نایەن.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler