تەمموز 21, 2019

عێراق شایـستەی زیاتری هەوڵە نێودەوڵەتـییەکـانە لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوەدا

لەدوای شەڕی داعش عێراق چاوەڕێی زیاتری پاڵپشتی نێودەوڵەتی بوو بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابوری وڵاتەکە و، چاککردنەوەی پرد و ڕێگاوبان و خانوبەرە وێرانبوەکان و، دامەزراوە گشتیەکانی وڵاتەکەی بنیات بنێتەوە و، لەو ڕێگایەشەوە پەرە بەئاشتی و سەقامگیری بدات.

بەهۆی کێشە و ئاستەنگەکانی ڕابردوویی و، گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردنی کارگێڕی عێراق لەڕابردوودا نەیتوانیوە متمانەیەکی بەهێز لەسەر ئاستی دەرەوە دروستبکات هەر ئەوەش هۆکاربوو کە وڵاتانی بەخشەری نێودەوڵەتیلە کۆنفرانسی مانگی شوباتی ساڵی (٢٠١٨) ەدا بۆ هاریکاری ئاوەدانکردنەوەی عێراق تەنها بەڵێنی کۆمەکی (٣٠) ملیار دۆلاریان بەعێراقدا، لەکاتێکدا پیویستیەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە پێشنیارکراوەکان لە کۆنفرانسەکەدا تێچوی (٨٨ ملیار) دۆلاریان دەوێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئە‌بی‌سی نیوز) عێراق داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات زیاتر پاڵپشتی عێراق بکەن و هاریکاری پێشکەش بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبوەکانی و، گەشەپێدانی کەرتەکانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لەبوارە جیاجیاکاندا لەپێناو گەشەی ئابوری و، دروستکردنی دەرفەتەکانی کارکردندا.
(عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی شەممەی ڕابردوودا لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لەبەغدا گوتی، عێراق شایستەی زیاتری پاڵپشتی نێودەوڵەتیە بۆ بیناکردنەوەی وڵاتەکەی.
هەروەها گوتیشی، قوربانی عێراقیەکان لەشەڕی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پاڵپشتیەکی گەورەتری مسۆگەرکردوە لە هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبنیاتنانەوەی عێراقدا.
شەڕی دژی داعش زۆر شار و شارۆچکەی وێرانکرد، زۆر گوند تێكڕوخان، بە سەدان هەزارهاوڵاتی عێراق ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی وڵات بوون، عێراق ناتوانێ بەتەنیا بەسەر ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان ڕابگات بەبێ هاریکاری نێودەوڵەتی. وە ئەو بڕە هاریکارییەی کە لەکۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە کوێت بۆ عێراق تەرخانکراوە بڕێکی کەمە و کورتی دێنێ چونکە بڕی پارەی خەمڵێنکراو بۆ پێویستیەکانی عێراق لە ئاوەدانکردنەوە و، دابینکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و، گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر شوێنەکانی خۆیان پێویستی بە (٨٨ ملیار) دۆلار دەبێ.
بەشێک لەڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئەدای حکومەتەکانی ڕابردووی عێراق لەدوای ڕووخانی ڕژێم بەخراپ باسدەکەن، عێراق لەڕابردوودا بێجگە لەپاڵپشتی دارایی نێودەوڵەتی هەروەها داهاتی نەوتیشی هەبوە بۆیە دەکرا لەڕێگای شێوە بەڕێوەبردنێکی دروستەوە ڕێگری لەنەهامەتیەکان بکرایە و، کار بۆ باشتکردنی خزمەتگوزارییەکان و، ئاشتی و سەقامگیری بدرایە.
عێراق تەنها پێویستی بەئاوەدانکردنەوە و یارمەتی دارایی نیە بەڵکو عێراقیەکان پێویستیان بەمتمانەبوون نێوخۆیی هەیە بەجۆرێک کە هەستبکەن دواڕۆژێک لەپێشیاندا هەیە و چاوەڕێیان دەکات، پێویستە هەست بەئەمان و سەلامەتی بکەن لەماڵەکانی خۆیاندا، پێویستە هەست بەهاوڵاتی بون بکەن، وە هەروەها پێویستیان بەمتمانەبوون بەیەکتری هەیە، پرۆژەی وەبەرهێنانی مرۆیی بەئەندازەی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بگرە زیاتریش بۆ عێراق پێویستین.
لەماوەی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی (فۆکس نیوز) لەبارەی مامەڵەی شیاو لەهاریکارییە دارییەکانی بەڵێنە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئاماژەی بەچەند ڕاستیەک داوە، تیایدا هاتوە بەرهەڵستیەکی قورس و ئەستەمە کە هەوڵە ئابورییەکان بەتەنیا بتوانن لەعێراقدا سەرکەون، لەو بارەیەوە توێژینەوەیەکی جیهانی لەلایەن ڕێکخراوی (مێرسی کۆرپس) ئەنجامدراوە ئەوەی دەرخستوە، کە باشتربونی گەشەی ئابوری بەتەنیا نابێتەهۆی پشتگیری بۆ کوژانەوەی ئاڵۆزیی و توندتیژییەکان. لێردەدا ئەوەمان پێ دەڵی کە دەبێ لەو وەبەرهێنانانەی کە لەوڵاتێکی وەکو عێراقدا دەکرێن ستراتیژیەتی پێویستیان لەگەڵدابێکە شانبەشانی ئاوەدانکردنەوە کار بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و پەروەردە و ئاشتی درێژخایەنیش بکرێ هەتاکو لەدواڕۆژدا پرۆژە و وەبەرهێنانەکان سودیان لێوەربگیرێ و جێی خۆیان بگرن.
شیاوی باسکردنە، سەرەڕای پێویستیەکانی عێراق لەئاوەدانکردنەوەی وڵات و، داواکردن بۆ پشتگیریکردنی زیاتری عێراق لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکانیش هەوڵەکانی ئێستای حکومەتی عێراق بۆ ئاشتەوایی ناوخۆیی و، نێوان پێکهاتەکان و،ئاینەکان بەگرنگ دەزانن و ئامادەی هاریکاریی و سەرخستنی دەکەن، وە ئەوە بە پاڵپشتیەکی گەورە دەزانن بۆ دەرچون لە گیروگرفتەکانی ڕابردوو و هەنگاونان بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە.
هەروەها باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەردەمی ئەو کابینەیەی ئێستادا کاریگەریی باشیان دەبێ لەسەرخستنی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان و، دابینکردنی سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابوری وڵات.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler