کانونی یەکەم 11, 2019

کەمتەرخەمی و هێواشی لەئاوەدانکردنەوەی موسڵدا هەیه‌

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) کەمتەرخەمی و هێواشی لەئاوەدانکردنەوەی موسڵدا هەیە، هاوڵاتیانی شارەکە و، یاسادانەران و ڕێکخراوەکان نیگەرانیەکانیان بەرزکردۆتەوە لەئاستی کەموکورتی و کەمتەرخەمیەکانی پرۆژەکانی حکومەت سەبارەت بەئاوەدانکردنەوەی شارەکە.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، ئەو کوڕانەی کە بێ ماڵ و لەسەر جادەکانن و پارچە و سکراپەکانی باڵەخانەی کۆمپانیای بیمەی نیشتمانی کۆدەکەنەوە خێراتر ئیش دەکەن لەو عەفارانەی بۆ ئەو ئیشە تەرخانکراون، ئەوەش نیگەرانی لای هاوڵاتیان دروستکردوە.
ماوەیەکی درێژ بەسەر کۆتایی شەڕی موسڵ و ئازادکردنەوەی لەژێر دەستی داعشدا تێدەپەڕێت بەڵام بەرپرسانی ئەو شارە هەوڵی گەرموگوڕیان نەداوە بۆ خاوێنکردنەوەی شارەکە لە خۆڵ و خاشاک و کەلوپەلە تێکشکاوەکانی باڵەخانە ڕووخاوەکان، پرۆسەی خاوێنکردنەوەکە بەهێواشی بەڕێوەدەچێ.
نەبونی کەلوپەل و ئۆتۆمبیلی پێویست بەو بوارە هۆکارێکی دیکەی بەردەم خاوێنکردنەوەی شارەکەیە، بەسەدان ئۆتۆمبیلی پارێزگای موسڵ کەوتنە دەستی داعش و، لەلایەن ئەوانەوە بۆ کردەوە خۆکوژی و شەڕەکان بەکاردەهێنران، هێشتا بەشێکی کەمی لەو ئۆتۆمبیلانەی پێویستین بۆ کارو خزمەتگوزارییەکانی شارەکە دابینکراونەتەوە.
ئەو کۆمپانیایەی کە لەلایەن پارێزگای موسڵەوە بەکرێگیراوە، ئیشەکانی بەهێواشی دەکات و کەموکورتی لەدەستەی ئیشکردنیدا هەیە، بەرپرسان و یاسادانەرە لۆکاڵیەکان دەڵێن هەندێک جار لەشوێنەکانی ئیشکردندا نابینرێن و وجودیان نیە.
لەبارەی کەموکورتیەکان و گەندەڵی لەبواری خاوێنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی موسڵدا، بەرپرسانی پارێزگای موسڵ ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە و، هۆکاری کەموکورتیەکان دەگێڕنەوە بۆ نەبوونی پارەی پێویست لەبەردەستدا هەتا پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی پی باشتر بکەن.

ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە:
نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوچەکانی موسڵ و دەوروبەری نەگەڕاونەتەوە، ئاستەنگەکانی بەردەم دابینکردنی ئاسایش و، نەبونی پارەی پێویست بۆ دروستکردنەوەی خانوەکانیان و، هەروەها نەبوونی خزمەتگوزارییەکان لەهەرە هۆکاری سەرەکیەکانی بەردەم نەگەڕانەوەیانن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆربەی خێزانەکان ناتوانن خانوەکانیان دروستبکەنەوە لەبەر خراپی بارودۆخی داراییان، بەشێک لەخێزانەکان پارەیان لەکەسوکار و هاوڕێکانیان قەرزکردوە بۆ دروستکردنەوەی ماڵەکانیان، هەروەها بەشێکیان لەکرێچیەتیدا ماونەتەوە و، بەشێکی دیکەیان نژیانی کەمپەکانیان بەلاوە پەسندترە. پرۆژەکانی شارەکەش کە لەلایەن وڵاتانی دەرەوەوە پارەیان بۆ دابیندەکرێ وە جێبەجێکردنی پرۆژەکان دواکەوتوون، هەموو ئەوانە گەڕانەوەی ژیانیان لەموسڵ و دەوروبەری کە پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بوون زەحمەتکردوە.
لەو بارەیەوە (محمد نوری عەبد ڕەبۆ)ی پەرلەمانتار بۆ ڕاپۆرتەکە دەڵێ، پلانی ستراتیژی بوونی نیە و، ناوچەکە لەگرفتدایە.
نەبوونی پلان بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ یان پلانی بەکەموکورتی وادەکات هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە خراپ بەڕێوەبچن و، گەندەڵی سەرهەڵدەدات و، ئاوەدانکردنەوەکەش بەهێواشی ئەنجامدەدرێ. سەرەڕای هەموو ئەو گرفتانەش دانیشتوانی موسڵ ترسیان هەیە کە پاشماوەی چەکدارەکانی داعش جارێکی دی سەرهەڵدەنەوە.
(ئەبو علی نیشوان) بۆ ڕاپۆرتەکە دەڵی، دروستکردنەوەی شارەکە تەنها لەسەر کاغەز بوونی هەیە، لێرە حکومەتی لێ نیە و، گەندەڵی لەهەموو شوێنێک هەیە.

ترس لەگەڕانەوەی داعش:
لەبارەی تۆمەتەکانی خراپ بەسەرڕاگەیشتنی ئیش و کارەکان لەموسڵ و گەندەڵی لەو شارەدا، (نوفال حمدی السولتان) پارێزگاری نەینەوا ڕەتیکردەوە کە خراپبەسەڕاگەیشتن و پارە زۆر خەرجکردن هەبێت.
دەسەڵاتدارانی ناوچەکە دەڵێن، بەشێک لەناوچەکان بەتەواوەتی تێکڕوخاون و چارەسەرکردنی بارودۆخەکە ئاسان نیە.
هەتا ناوچەکە بەخاپوری بمێنێتەوە ئەوا ژینگەیەکی لەباریش دەبێ بۆ گروپە توندڕەوەکانی وەکو داعش و، هەروەها پەلکێشکردنی خەڵکی ناڕازی بۆ لای خۆیان، بۆیە هەرچی زووتر ئەو کێشانە چارەسەربکرێن بۆ دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ئەو ناوچانە باشترە.
هێواشی لەپرۆسەی خاوێنکردنەوە و، ئاوەدانکردنەوەی شارەکە نیگەرانی لەلای هاوڵاتیان دروستکردەوە، بەپێی داتایەکانی ڕێکخراوی (ڕیچ) نزیکەی دوو ملیۆن عێراقی تاوەکو ئێستا لەئاوارەیدا دەژین و زۆربەیان ئامادەنین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان لەبەر هۆکاری وێرانی ناوچەکانیان و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست تیایاندا.
خەڵکەکە ترسیان هەیە لەوەی چاککردنەوەی موسڵ کاتێکی درێژتر بخایەنێت، لەو باوەڕەدان ئەوە ئاسانکاری دەکات بۆ سەرهەڵدانەوەی گروپە توندڕەوەکانی وەکو داعش و، ڕاکێشانی خەڵکی بۆلای خۆیان. بەپێی ڕاپۆرتەکە هۆکارەکانی پێشوتر کە بونە هۆی سەرهەڵدانی داعش لەساڵی (٢٠١٤) ەدا لەوانە بارودۆخەکانی گەندەڵی و، کەمتەرخەمی ئیدارەی شارەکە و، کەمتەرخەمی بەرانبەر کۆمەڵگای سوننەکان لەلایەن حکومەتی شیعەوە هێشتا وەکو خۆیان ماون.
شیاوی باسکردنە، بەهۆی کەموکورتیەکان لە شێوەی بەسەرڕاگەیشتنی خاوێنکردنەوەی پاشماوەی باڵەخانە تێكروخاوەکان و، نەبوونی پلانی ستراتیژی و، گەندەڵی و، هێواشی کار و پرۆژەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ خەڵکی موسڵی و دەوروبەری نیگەران کردوە و داوای خێراترکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان دەکەن.
بەگوێرەی لێدوانی دوو پەرلەمانتاری موسڵ لەبودجەی ساڵی (٢٠١٩) ی عێراقدا، نزیکەی (٥٦٠ ملیۆن) دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ تەرخانکراوە، وە بەپێی ڕاوێژکاری نەتەوە یەکگرتوەکان لە موسڵیش، بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ بۆ ساڵێک پێویستی بە (١،٨ ملیار) دۆلار هەیە.
هەروەهاڕاوێژکاری نەتەوە یەکگرتوەکان گوتیشی، زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانن ئیشەکان ئەنجامدەدەن، جێی شەرمەزاریە پارە دەبێ لەدەرەوەی وڵات ڕابێت لەکاتێکدا عێراق بەدەوڵەمەندە بەنەوت.
دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، پارەی زۆر خەرجدەکەن و، ئیشەکان کاتێکی درێژیان دەوێت، دەبوو کارەکان بەخێراتری و بەخەرجی کەمتر ئەنجامبدارانایە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler