کانونی یەکەم 08, 2019

شانە نووستووەکان پێشتر لەشارەکان هەبووە

پسپۆڕێکی ئەمنی و سەربازی عێراقی ئاشکرای دەکات " گرووپی تیرۆریستی داعش، شانە نووستووی لەعێراق نیە، چونکە ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو و ئاشکرا جموجۆڵەکانی خۆی ئەنجامدەدات".

عەبدولکەریم خەڵەف، لیوای خانیشینکراو و شارەزای ئەمنی رایگەیاند "ئێستا ئەوانیش لەناوچەکانی بیابانی رۆژئاوای موسڵ، باشووری رۆژئاوای کەرکوک، ناوچەی مەکحول، و چیاکانی حەمرین چڕ بوونەتەوەو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیش راویان دەنێن و، فرۆکە جەنگییەکانیش خەریکی بۆردومانکردنیانن".
لەبارەی شانە نووستووەکانیش روونیدەکاتەوە "شانە نووستووەکان پێشتر لەشارەکان هەبووە پێش ئەوەی بگاتە قۆناغی داگیر کردن".
لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو گرووپە چەکداریە لەسەر پرۆسەی سیاسی بەغداو، مەترسییەکانی پسپۆڕە ئەمنییەکە دووپاتیدەکاتەوە کە داعش " هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ڕەوشی سیاسی نەماوە، چونکە کۆتایی هاتووەو، لەقۆناغەکانی کۆتایی دایەو، دەستی ئاشکرا بووەو، دامەزراوە هەواڵگری و سەربازییەکانیش بەردەوام کردوویانەتە ئامانج".
دەشڵێت" بەداخەوەش لەم ماوەیە توانی لەچەند ئۆپەراسیۆنێک سەرکەوتوو بێت، لەتیرۆر کردنی گەنجانی ئەنبارو کردەوەی تیرۆریستی لەموسڵ، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی توانای یەکگرتوویی و دروست کردنی کاریگەریی نەماوە".
خەڵەف لەبارەی کۆتایی هێنانی یەکجاری پێشبینی ئەوە دەکات کە " پرۆسەی لەناوبردنی یەکجاری گرووپی داعش " ماوەی پتر لەساڵێکی پێ بچێت، بۆ ئەوەی بەیەکجاریی لەناوبردرێت".
ئەو لێدوانەی پسپۆڕە ئەمنیەش لەکاتێکدایە، زۆربەی بەرپرسانی بەغدا هۆشداریی ئەوەیان داوە، لەداهاتوو بەهۆی ناسەقامگیری سیاسی لەبەغدا، " نەوەی سێهەمی تیرۆر سەرهەڵبداتەوە، بەجۆرێک لەداعش مەترسیدار تر بێت".
داعش دوای ئەوەی لە حوزەیرانی ٢٠١٤ توانی شارەکانی موسڵ، ئەنبار، سەڵاحەددین و بەشێک لەپارێزگای دیالە داگیر بکات، لەساڵی ٢٠١٧ حکومەتی ناوەندی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ رزگار کردنەوەی شارەکانی ژێر دەستی داعش دەستپێکرد، کەماوەی ساڵێکی پێچوو و، لەزۆربەی قۆڵەکانەوەش بەهاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی و سوپا توانا سەرکەوتن لەسەر ئەو گرووپە رابگەیەنێت.

 

سازدانی کارزان حەمید ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler