تشرینی دووەم 17, 2018

پارتی و یەكێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق رێككەوتنێکی نوێ دەكەن

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاریانداوە، لە پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ھاوڕابن، لە بەغداش پشت لە یەکتری نەکەن، بەڵام تا ئێستاش لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار و پۆستی پارێزگاری کەرکووك رێکنەکەوتوون، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، پرسی چوونەوەی بەغدا بابەتێكی جەوھەریە و پێویستە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە بن، لە ھەمانکاتیشدا پێكەوە ھەوڵبدەن لایەنەکانی دیکەش لە خۆیان نزیك بکەنەوە.

ئەندامێكی سەرکردایەتی پارتی دەڵێ، دۆخی ئێستای عێراق وا دەخوازێت، لەگەڵ یەکێتی پێكەوەبن و لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی پۆستەکان رەنگە رێكکەوتنی نوێ بکەن، لە بەرامبەردا ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە پۆستی پارێزگاری کەرکووك و پۆستی سەرۆک کۆمار ھیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە و نابێ تێکەڵبکرێن.
ئەحمەد کانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند: پێكەوە بوونی پارتی و یەكێتی بابەتێكی جەوھەرییە، لەسەر بابەتی پۆستەكان دەبێ بە رابردوودا دابچینەوە، پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار دەبێ بەرژەندی گەلی كوردستان.
یەکێتی، نەبوونی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووك دەخاتە ئەستۆی پارتی، ئەوان پێیانوایە پارتی رێگربووە لە دانانی پارێزگار بۆ ئەو شارە، تایبەت بە پۆستی سەرۆک کۆماریش، یەکێتی لاری نییە بۆ کام لایەن دەبێت، بە لای ئەوانەوە گرنگە پۆستەکە بۆ کورد بێت.
لەوبارەوە ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت: پۆستی پارێزگاری كەركووك و سەرۆك كۆمار ھیچ پەیوەندییەكیان بە یەكەوە نییە، پارێزگاری كەركووك پشكی یەكێتی بوو، كە ئێستا كەسێكی دیكە لەشوێنی ئەو دانراوە، دەبوایە پارتی نەرمی بنوێنێ بۆ ئەوەی كەسێكی كورد لەو پۆستە دابنرێت. بۆ پۆستی
سەرۆك كۆمار ئێمە وەك یەكێتی داوا دەكەین بۆ كورد بێت، لە كوردیش پێویستی بە رێككەوتن ھەیە، بەتایبەتی لەنێوان یەكێتی و پارتی، بە دڵنیاییەوە لەسەری رێكدەكەوین.
لە عێراقی نوێ پۆستی سەرۆک کۆمار، پشکی کورد بووە، لە ناو لایەنە کوردستانییەکانیش یەکێتی خاوەنی پۆستەکە بووە، بەڵام ئەمجارە بەشێك لە سەرکردە باڵاکانی پارتی پێیانوایە، نەخشەی سیاسی گۆڕاوە، مەرج نییە ئەمجارە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت، ھەندێك بەرپرسی یەکێتیش دەڵێن، دوای کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەیان لەگەڵ پارتی، گۆڕانکاری لە بۆچوونی پارتی لەسەر پێدانی پۆستی سەرۆک کۆمار بە یەکێتی ھاتووەتە ئاراوە.

لە کوردستان ٢٤ەوە

 

دوا ژمارە

  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 15 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 14 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 13 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 12 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 11 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 08 2018
  • رۆژنامه‌كان
    ت دووەم 07 2018
  • 1
  • 2
  • 3
  • 4
  • 5
  • 6
  • 7
© 2017 Hawler