ئەیلول 20, 2018

سەرۆك بارزانی سه‌ره‌خۆشی له‌ كەسوكاری قوربانیانی سنە ده‌كات

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، په‌یامێكی هاوخه‌می بۆ كه‌سوكاری قوربانییانی رووداوه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نارد.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: هاوسۆزی و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوەكە و خەڵكی خۆشەویستی شاری سنە دەكەم و هاوبەشی خەمیانم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
شه‌وی رابردوو، تانكه‌رێكی گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی خۆی به‌ پاسێكی نه‌فه‌رهه‌ڵگردا كێشا، به‌هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ی 27 كه‌س گیانییان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون.
رووداوه‌كه‌ له‌ نزیك ته‌رمینالی سنه‌، له‌ شه‌قامی "دكتۆر حوسێنی" روویداوه‌، به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، تانكه‌ره‌كه‌ نه‌وتی عێراقی هه‌ڵگرتووه‌.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌:
پەیامی هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوەكەی شاری سنە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان.
بەداخێكی زۆرەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوە لە پاسێكی نەفەرهەڵگر لە شاری سنە ژمارەیەك هاووڵاتی بوونە قوربانی و ژمارەیەكی تریش برینداربوونه‌.
ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە و گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی شاری سنە هەموومانی خەمبار كرد. هاوسۆزی و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوەكە و خەڵكی خۆشەویستی شاری سنە دەكەم و هاوبەشی خەمیانم و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
لە خودای مەزن داواكارم سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك بدات.
مسعود بارزانی
11ـی 7ـی 2018"

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.