تەمموز 18, 2018

214 سندوق لە هەولێر بەدەست دەنگەکانی جیادەکرێنەوە

پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست لە دوو پارێزگای کوردستان کۆتای هات و لە هەولێریش دەستی پێکرد، هەندێک لایەن دەڵێن پرۆسەکە ناشەفاف بووە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت پیشەییانە کارەکە کراوە.

لە کەرکووک دادگای فیدراڵی بڕیاری دابوو %25ـی دەنگەکانی ئەو پارێزگایە بژمێردرێنەوە، سەرەڕای ئەوەی عەرەب و تورکمان هەوڵی زۆریاندا و ئامانجیان ئەوەبوو ئەنجامەکان بگۆڕن، بەڵام بەپێی دوایین ئەنجامی کۆمیسیۆن، ژمارەی کورسیەکان لە کەرکووک هیچ ناگۆڕێت، کورد 6 کورسی و، بەرەی تورکمانی سێ کورسی و هاوپەیمانی عەرەبی 3 کورسی، دوو مانگە هەڵبژاردن کراوە، لەو کاتەوە عەرەب و تورکمان بانگەشەی ئەوە دەکەن دەنگەکانیان زیاترە لەوەی راگەیەندراوە، بەڵام دواجار دادگای فیدراڵی و ژماردنەوەی دەستی قەبارەی ئەوانی دیاری کرد .
دوای کەرکووک، ٩ـی مانگ ژماردنەوەی دەنگەکان لە سلێمانی دەستیپێکرد، لەوێش ٦ لایەنی ناڕازی بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد و گوتیان ناروونە، ئەوان داوا دەکەن دەنگی هەموو سندوقەکان بژمێردرێنەوە، بەڵام پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو کە دەنگی 188 سندوق ئەوانەی تانەیان لێدراوە دەژمێردرێنەوە .
لە کۆی سندوقەکانیش 56 سندوق دەنگەکانیان هەڵوەشێندرانەوە و دەنگی ١٥٢ سندوقیش هیچی لە ئەنجامەکان نەگۆڕی .
ئەڵایس وۆڵپۆڵ جێگری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە شوێنی جیاکردنەوەی دەنگەکان رایگەیاند:"جیاکردنەوەکە پرۆسەیەکی شەفاف و روون و بێ کێشە بوو، ئەو دەڵێت:" راستە پارتەکان نیگەرانن، بەڵام بە لای ئەوان پرۆسەکە بە ڕوونی بەڕێوەچووە" .
٦ لایەنەکە لە سلێمانی دەڵێن تەنیا %10 دەنگەکان ژمێردراونەتەوە، ئەوەش پێچەوانەی خوستی ئەوانە.
ئەڵایس وۆڵپۆڵ گوتی:" داوا لە پارتەکان دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن و پێداچوونە بە رەوشیان بکەن ."
هەر لە پارێزگای سلێمانی، یەکێتی نەبێ، هەموو پارتەکانی دیکە بایکۆت چاودێری ژماردنەوەکەیان کرد.

لە هەولێر پرۆسەکە دەستپێدەکات:
پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگی سندوقە سکاڵا لەسەرەکان، لە هەولێریش دەستیپێکردووە، لەو پارێزگایە تانە لە دەنگی 214 سندوق دراوە و بە دەست دەژمێردرێنەوە .
حاکم جاسم محەممەد، سەرپەرشتیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتی گەیشتنی بۆ هەولێر رایگەیاند:" لە کەرکووکەوە دەستمان بە پرۆسەکە کردووە، ئێستاش گەیشتووینەتە هەولێر، پرۆسەیەکی زۆرباشبوو."
دەشڵێت لە بەیانی رۆژی پێنجشەممەوە دەست دەکەن بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکەن، راشیگەیاند:" هێشتا ناتوانن ئەنجامەکان رابگەیەنن، دوای تەواوبوونی کۆی پرۆسەکە ئەنجامەکان ئاشکرا دەبن، بڕیاریشە دوای هەولێر لە دهۆک دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست بکرێت ."
دوو مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام هێشتا نە پێکهێنانی حکومەت یەکلایی بووەتەوە و نە پەرلەمانیش دانیشتووە، دوو هەفتەشە عێراق لە بۆشایی یاساییدایە و تەمەنی پەرلەمان کۆتایی هاتووە ."
٢١ـی مانگی رابردوو، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری کۆتایی لەسەر تانەکانی سەر ئەنجامی هەڵبژاردن دا، سەرەڕای هەوڵی چەند لایەنێکی کوردستان، بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی ئاوارەکان، بەڵام دادگاکە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکان و دەنگدانی دەرەوەی رەت کردەوە، وە رایگەیاند، ئەو نایاساییە و بەپێچەوانەی مافی دەنگدانە کە مافێکە دەبێت هەموو خەڵکی عێراق هەیبێت. بەو بڕیارەش هەوڵی ئەو لایەنانە سەری نەگرت کە ویستیان دەیان هەزار پێشمەرگە و هێزی ئەمنی رەت بکرێتەوە، لەکاتێکدا رەوایەتیان دایە دەنگدانی هێزە عێراقییەکان .

دلۆڤان رەحیم - هەولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.