تەمموز 18, 2018

د. ئاراس حەسۆ میرخان:هیچ هۆكارێك نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

د. ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی لە دیدارێكدا لەگەڵ "هەولێر" رایگەیاند، پارتی هێزێكی گەورە و كاریگەرە لە ساحەی عێراق، وەكو حزب پارتی نەك گەورەترین حزبی كوردستانە، بەڵكو گەورەترین حزبی عێراقە، پارتی سێ بنەمای بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان كردۆتە مەرج، ئەوانیش بریتین لەوەی دەبێت شەراكەت لە ئەنجوومەنی وەزیران هەبێت، تەوافق لە پەرلەمان هەبێت، تەوازن هەبێت لە دابەشكردنی پۆستەكان، كورد لە هەموو شوێنێك پشكی هەبێت، ئەو سێ مەرجە دراون بە ئەمریكا و ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە پێشوازیان لێ كردووە.

روونیشیكردەوە، هەموو كات پارتی داوای یەكڕیزی كردووە و پێی خۆشە، بەڵام دەبێت یەكڕیزی لەسەر بنەمای كوردستانی بێت، بەداخەوە لە چوار ساڵی رابردوودا هەندێك لە لایەنەكان بە ناوی كورد لە بەغدا بوون، بەس ئەوەندەی دژایەتی كورد و كوردستانیان دەكرد، ئەوەندە دژی ئەو كەسانە نەدەوەستانەوە كە دژی مافەكانی كوردستان بوون.
د. ئاراس حەسۆ میرخان، گوتی:" بۆ هەموو لایەنە عێراقییەكان و كوردستانییەكان دیاربوو كە هەتا دوێنێ بیریان لەوە دەكردەوە و خەونیان بەوە دەبینی پارتی نامێنێت، پارتی لاواز دەبێت، ئەمڕۆ بۆیان روو بوویەوە كە پارتی هێزێكی گەورە و كاریگەرە لە ساحەی عێراقی بە شێوەیەكی گشتی و لە كوردستان بەتایبەتی، وەكو حزب پارتی نەك گەورەترین حزبی كوردستانە، بەڵكو گەورەترین حزبی عێراقە، ئەوانی دیكە هەموو ئیتلافن، بۆیە وەكو حزب پارتی حزبی یەكەمە لەسەر ئاستی هەموو عێراق، هەر لەبەر ئەوەی ئەو لایەنانەی كە ئەمڕۆ دێنە كوردستان و دێنە لای پارتی و سەرۆك بارزانی، بۆ ئەوەیە كە پارتی بەشدار بێت لە پرۆسەی سیاسی، ئەوەش ئەوە نیشاندەدات كە رۆڵی پارتی و سەرۆك بارزانی چەند گەورەیە، ئێمەش بە ئاشكرا بەو لایەنانەمان راگەیاندووە كە پێمان گۆتووە تێبینیمان لەسەر هەندێك كەس هەیە، بەتایبەتی ئەدای كاری ئەوان لە رابردوودا ئێمە نامانەوێت ئەو كێشانەی كە لە رابردوو دروست بوون لە داهاتوودا دووبارە بێنە پێشەوە، تا دادگای ئیتحادی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند نەكات، دوای ئەوە هەر لایەنێك پێشوازی لە بەرنامەی كوردستانی و پارتی بكات، ئێمە پێشوازی لێ دەكەین.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی گوتیشی:" ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ هەموو لایەنەكان، نەك تەنیا فەتح و دەوڵەتی یاسا، بەڵكو لەگەڵ لایەنەكانی دیكە ڕێك بكەوین، هەتا بڕێت مەكگورك لە كوردستانە و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوویەوە، ئەو بابەتە باس كراوە، ئەمریكا جددی تر لەناو بابەتەكەدایە، داوامان لێ كردووە كە بەشدار بێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە حكوومەتی عێراق غەدر لە كوردستان نەكات.
لەبارەی مەرجەكانی پارتی بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی داهاتوو، د. ئاراس دیاركرد، پارتی سێ بنەمای بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان كردۆتە بنەما، ئەوانیش بریتین لەوەی دەبێت شەڕاكەت لە ئەنجوومەنی وەزیران هەبێت، تەوافق لە پەرلەمان هەبێت، تەوازن هەبێت لە دابەشكردنی پۆستەكان، چونكە ئێستا لە سوپای عێراق كورد هەر نەماوە، دەبێت كورد لە هەموو شوێنێك پشكی هەبێت، بۆیە داوامان كردووە و ئەوە مەرجی پارتییە بۆ بەشداری كردن لە حكوومەت، ئەو سێ مەرجە دراون بە ئەمریكا و ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە پێشوازیان لێ كردووە، بەڵام چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەین، دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراق دەكرێت باس لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بكرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام جەختی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە كورد بە یەكگرتوویی بچێتە بەغدا و تا ئێستایش چەند كۆبوونەوەیەك لە نێوان یەكێتی و پارتیدا بۆ ئەو مەبەستە كراون و، هەردوولا رێك كەوتوون بە بێ یەكتری سەردانی بەغدا نەكەن، هەروەها داوایشیان لە لایەنەكانی دیكە كردووە ئەوانیش بێن لەگەڵیان بەشدار بن، بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی بچنە بەغدا.
هەر لەسەر ئەو بابەتە د. ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی ئاشكرای كرد، پارتی و یەكێتی رێككەوتوون هیچ بڕیارێك لەبارەی بەغداوە بە بێ یەكتری نەدەن، لیژنەیەكی هاوبەش پێك دێنن و بەرنامەیەكی هاوبەش دادەنێن بۆ عێراق، بۆیە تەنیا لەسەر بەرنامە رێك كەوتوونە، نەك پلە و پۆست، لەسەر بەرنامەیەك كە داواكاری كورد لەسەر بنەمای شەڕاكەت، تەوافق و تەوازن، لە داهاتوودا داوا لە لایەنەكانی دیكەش دەكەین كە بەشدار بن، هەموو كات پارتی داوای یەكڕیزی كردووە و پێی خۆشە، بەڵام دەبێت یەكڕیزی لەسەر بنەمای كوردستانی بێت، بەداخەوە لە چوار ساڵی رابردوو هەندێك لە لایەنەكان بە ناوی كورد لە بەغدا بوون، بەس ئەوەندەی دژایەتی كورد و كوردستانیان دەكرد، دژی ئەو كەسانە نەدەوەستانەوە كە دژی كوردستان بوون، دژی مافەكانی كورد و پارتی و داواكارییەكانی كورد دەوەستانەوە، ئەوەندە داواكاری كوردیان نەبردە پەرلەمان، هەر لەبەر ئەوە چەند گرنگە كورد بن، ئەوەندەش گرنگە كوردستانی بن، بە ئەوانیش رامان گەیاندووە كە ماف و داواكاری كورد گرنگە، ئەگەر لەگەڵ نەبن با دژیش نەبن، لە چوار ساڵی رابردوو گۆڕان و كۆمەڵ دژی هەڵوێستی كوردستانی بوون، داوایان لێ دەكەین بە یەكڕیزی بچین بۆ بەغدا، ئەگەر نەهێنە پێشەوە، با هەر هیچ نەبێت دژی داواكارییەكانی كورد نەوەستنەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بە بایەخەوە باسكردن بووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و، بە پێویست زانراوە ئەو هەڵبژاردنە لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، هاوكات باسی ئامادەكاری و میكانیزم و هەنگاوی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەكە كراوە و بڕیاریشی لەبارەوە وەرگیراوە. هەر لەم بارەیەوە ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی گوتی:" شتێكی یاسایی و دەستوورییە و هیچ هۆكارێكیش نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت، پارتی داوا دەكات هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت".

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.