ئەیلول 20, 2018

سەرۆكی كۆمسیۆن :تاوتوێی ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و پەرلەمان دەكەین و وەڵامی پەرلەمان دەدەینەوە

بنكەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران كرانەوە و، هاووڵاتیان دەتوانن بۆ ماوەی یەك مانگ سەردانی ئەو بنكانە بكەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت فۆڕمی خۆراك و یەكێك لە بەڵگەنامەكانی دیكە لەگەڵ خۆیان ببەن.

پەرلەمانی كوردستان تاكە دەزگای چاودێرە لەسەر كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان و رۆژی دووشەممە پەرلەمان و كۆمسیۆن لەو بارەیەوە كۆبوونەوە.
ئەندامانی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی، چوونە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران، لەبارەی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن، لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان زیاتر لە 100 پرسیار ئاراستەی كۆمسیۆن كران.
سەرۆكی كۆمسیۆن دەڵێت "تاوتوێی ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و پەرلەمان دەكەین وەڵامی پەرلەمان دەدەینەوە.
هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەگەر داوامان لێبكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش لەگەڵ پەرلەمان بكرێت، ئەوە كاتی زیاتری دەوێت، دەتوانین وەك كۆمسیۆن تاوتوێی بكەین و دواتر وەڵامی پەرلەمان بدەینەوە.
لەلایەكی دیكەوە شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پێوەندییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد، بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران 215 بنكەی دەنگدان لە كوردستان كرانەوە و ئەو پرۆسەیە بۆ ماوەی 30 رۆژ بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویستە دەنگدەران بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان سەردانی بنكەكەكان بكەن، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هاووڵاتیان فۆڕمی خۆراك، لەگەڵ یەكێك لەوانە، كارتی نیشتمانی، ناسنامەی باری شارستانی، ڕەگەزنامەی عێراقی و پاسپۆرت، لەگەڵ خۆیان ببەن، كەواتە دەبێت لە هەموو حاڵەتەكاندا فۆڕمی خۆراكی لەگەڵ بێت.
روونیشیكردەوە، بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدەین، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا تەفاسیلی ئەوە دەخەینەڕوو، كە ئەو تۆمارە 6 مانگە كاری لەسەر دەكرێت، ناوی مردوو، ناوی دووبارە و لێكچوو نەماوە، ئەو پرۆسەیە كاری لەسەر كراوە، ئەو تۆمارە ماوەی مانگێكیش لەبەردەم هاووڵاتیاندا دەبێت، بۆ ئەوەی دڵنیا بن لە ناوەكانیان".

 

ڕائیب جادر ـ هە‌ولێر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.