ئایار 27, 2020

ته‌نیا لاینی چه‌پ ڕێگه‌ دراوه‌، كه‌چی شۆفێرانی هه‌ولێر به‌ چه‌ندان ڕیز ده‌سوڕێنه‌وه‌

ته‌نیا یه‌ك ساید ڕێگه‌ پێدراوه‌ و كه‌چی له‌ شوێنی سوڕانه‌وه‌كانی هه‌ولێری پایته‌خت، له‌بری یه‌ك ڕیز، به‌ چه‌ندین ساید ئۆتۆمبێل به‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ مل له‌ سوڕانه‌وه‌ ده‌نێن. ئه‌وان كه‌ نیوه‌ی شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ده‌گرن، جیا له‌ قه‌ره‌باڵغی و خنكانی هاتوچۆ، زۆرجاریش ڕووداو ده‌نێنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ركات كه‌لێنێك ببینن خۆی بۆ ده‌كوتن. ئه‌و دیاریده‌ ڕۆژانه‌ به‌رده‌وام له‌ شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین گرفتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆیه‌ و به‌بڕوای شاره‌زایه‌كی بواری هاتوچۆش، دانانی فسفۆڕ به‌ماوه‌یه‌كی به‌ر له‌ سوڕانه‌وه‌كان، ئه‌و دیاریده‌ كه‌متر ده‌كاته‌وه‌.

به‌ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ی بگه‌یته‌ بۆشایی سوڕانه‌وه‌، پێویسته‌ شۆفێر ئیشاڕه‌تی ئاماژه‌ی لادان دابگیرسێنێت و لاینی ده‌سته‌ چه‌پ بگرێت كه‌ ته‌نیا ئه‌و لاینه‌ ڕێپێدراوه‌ بۆ پێچكردنه‌وه‌، كه‌چی له ‌هه‌ولێری پایته‌خت به‌ده‌گمه‌ن شۆفێر هه‌یه‌ به‌و شێوه‌ درووسته‌ بسوڕێته‌وه‌ و زۆربه‌یان كاتێك ده‌گه‌نه‌ سه‌ر بۆشایی سوڕانه‌وه‌ له ‌لاینی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ به‌بێ گوێدانه‌ ئۆتۆمبێلانی پشت خۆیان، یه‌كسه‌ر لاده‌ده‌ن. جیا له‌وانه‌ی وه‌ك پیاده‌ له‌وبه‌ر بۆ ئه‌مبه‌ری شه‌قام مل ده‌نێن، زۆربه‌ی جار له‌ شوێنه‌كانی سوڕانه‌وه‌، سێ ڕیز ئۆتۆمبێل به‌یه‌ك جار ده‌یانه‌وێت بسوڕێنه‌وه‌ و كه‌سیش له‌سه‌ر كه‌س ناوه‌ستێت. كاتێك له‌ شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر له‌ نۆره‌ی سوڕانه‌وه‌‌دایت، ده‌بینی چه‌ندین ئوتۆمبێلی دی به‌بێ گوێدانه‌ گرتنی شه‌قام، له‌ته‌نیشته‌وه‌ ڕیزێك و دووڕیز درووست ده‌كه‌ن و فوللایت و هۆڕن به‌ گوێیاندا ناچێت و یه‌كجێ هێرش ده‌هێنن و په‌له‌یانه‌ تابه‌ر له‌تۆ بسوڕێنه‌وه‌، كه‌ چاوه‌ڕوانی لاینی سه‌ره‌كی سوڕانه‌وه‌ بۆ چه‌ند به‌رانبه‌ر درێژتر ده‌كه‌نه‌وه‌. شۆفێرانی هه‌ولێریش كه‌ تاقه‌تی وه‌ستان و چاوه‌ڕوانییان نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌كه‌می شۆفێری هه‌ولێر له‌ لاینی سه‌ره‌كی ده‌وه‌ستێت و هه‌مووان خۆ بۆ ڕیزه‌كانی دووه‌م و سێیه‌م ده‌كوتن، كه‌سیش نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێته‌ ده‌نگ و ڕێ له‌و سه‌ره‌ڕۆییه‌یان بگرێت.
له‌ هه‌ولێر شوێنه‌كانی سوڕانه‌وه‌ زۆره‌ و له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی، له‌ زۆربه‌یان پۆلیسی هاتوچۆ هه‌ن، به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ شۆفێران پابه‌ندی ڕێنمایی هاتوچۆ بكرێن.ئه‌وناڕێكیسوڕانه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستابووه‌ته‌ دیاریده‌ له‌سه‌رشه‌قامه‌كانیهه‌ولێر، به‌رده‌وام له‌ نزیكشوێنه‌كانیسوڕانه‌وه‌ ئۆتۆمبێلپه‌نگده‌خۆنه‌وه‌ و فه‌وزایه‌كه‌ئه‌وبه‌سه‌رئه‌وئه‌ویتربه‌سه‌رئه‌ویترداله‌ كێبڕكێ و ململانێیزوو سوڕانه‌وه‌دان،كه‌ ئه‌وه‌ به‌یه‌كجارهاتوچۆیئه‌وشاره‌یقێزه‌ونكردووه‌.
یوسف بازیانی سەرۆكی ڕێكخراوی سەلامەتی هاتوچۆی ڕێگاوبان ڕای ده‌گه‌یه‌نێ،ناشریترین دیاریده‌ كه‌ له‌ شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر به‌دی ده‌كرێت، سوڕانه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌ له‌سه‌ر شه‌قام، كه‌ چه‌ندین لاین ئۆتۆمبێل به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌ و ده‌ڵێ "به‌پێی یاسا، ته‌نیا ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌ لاینی ده‌سته‌چه‌پی شه‌قام ده‌ڕۆن ده‌توانن پێچ بكاته‌وه‌ و سوڕانه‌وه‌ له‌ لاینه‌كانی تر نایاساییه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ هۆكارن بۆ دروست بوونی قه‌ره‌باڵغی و ڕووداوی هاتوچۆ".
ئه‌و فه‌وزایه‌ی شۆفێرانی هه‌ولێر ڕۆژانه‌ له‌ شوێنه‌كانی سوڕانه‌وه‌ دروستی ده‌كه‌ن، وه‌نه‌بێت بێ گرفت ده‌رباز ببن، به‌ڵكو زۆربه‌ی كات جگه‌ له‌ هه‌ڵچوون و پێكپڕژانی شۆفێران، پێكدادانیش ڕووده‌دات، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر به‌ گه‌وره‌ترین گرفتی هاتوچۆی نێو شار له‌قه‌ڵه‌می ده‌دات و ئاشكرای ده‌كات كه‌ زۆرترین پێكدادانه‌كانی ناوشار هی شوێنه‌كانی سوڕانه‌وه‌ن.
ڕائید فزڵ حاجی گوته‌بێژی هاتوچۆی هه‌ولێر ده‌ڵێ" گه‌وره‌ترین كێشه‌ی هاتوچۆ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان هه‌مانه‌، سوڕانه‌وه‌یه‌، كه‌ تۆ ده‌ته‌وێت بسوڕێیته‌وه‌، كه‌چی كه‌سێكی دی له‌ ڕیزی دووه‌م دێت له‌سه‌رت ده‌سوڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ید ی له‌ ڕیزی سێیه‌م و ئه‌ویدی چواره‌م و هه‌ندێك جار به‌ هه‌شت ڕیز ئۆتۆمبێل ده‌سوڕێنه‌وه‌، كه ‌هه‌موو ئه‌وانه ‌نایاساییه‌ و سزای پێبژاردنه‌".
ئه‌و گوته‌بێژه‌ی هاتوچۆی هه‌ولێر گله‌یی له‌وسه‌ره‌ڕۆییه‌ی شۆفێران هه‌یه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێ، شۆفێران پابه‌ندنین به‌ یاساكانی هاتوچۆ و ئه‌وه‌ش بۆلایه‌ن یپه‌روه‌رده‌ییان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانێت له‌ قوتابخانه‌كانی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ فێری ڕێزگرتنی یاساكان بكرێن. جیا له‌وه‌ ده‌ڵێ" كه‌سانێك شاره‌زایی ته‌واویان له‌ یاساكانی هاتوچۆ نییه‌ و چاو له‌ شۆفێرانی دی ده‌كه‌ن و هه‌ڵه‌كه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌سه‌ری به‌رده‌وامده‌بن، كه‌ نازانن ئه‌وه‌ نایاساییه‌ و له‌ زۆر دووباره‌ بوونه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان ئاسایی بووه‌".
زۆرێك له‌و شۆفێرانه‌ی كه‌ له‌ ڕیزی دووه‌م و سێیه‌م ده‌سووڕانه‌وه‌، بێ ئاگاییان له‌و سه‌رپێچیه‌ پیشاندا كه‌ ڕۆژانه‌ به‌رده‌وام له‌شه‌قامه‌كان دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وان باسیان له‌وه‌ ده‌كرد، ئه‌گه‌ر سووڕانه‌وه‌ به‌ سێ ڕیز و چوار ڕیز سه‌رپێچییه‌، ئه‌دی بۆ تائێستا پۆلیسی هاتوچۆ پێشی پێ نه‌گرتوین، كه‌ له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌كانی سوڕانه‌وه‌ هه‌ن و یارمه‌تی ده‌رچوونمان ده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی یاسای ژماره‌ ٨٨، سوڕانه‌وه‌ جگه‌ له‌ لایینی ده‌سته‌چه‌پ، له‌ ڕیزی دووه‌م و سێیه‌م، نایاساییه‌ و سه‌رپێچییه‌كه‌ی ٣٠ هه‌زار دیناره‌.
یوسف بازیانی شاره‌زای بواری هاتوچۆ ڕایده‌گه‌یه‌نێ، جگه‌ له‌ كه‌می هۆشیاری شۆفێران، كه‌ هۆكاره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆیه‌، پێویسته‌ ساڵانه‌ كارمه‌ندانی هاتوچۆش ڕابهێندرێته‌وه‌، كه‌ چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ شه‌قام و سه‌رپێچیكاراندا بكات. بازیانی ده‌ڵێ "سه‌رباری پێزانینمان بۆ كارمه‌ندانی هاتوچۆ كه‌ به ‌سه‌رما و گه‌رما له‌سه‌ر شه‌قامن، به‌ڵام كه‌موكوڕیش له‌ چاو پۆشینی سه‌رپێچییه‌كان هه‌ن، كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رپێچیكاران به‌ سزایه‌كی قورس سزابده‌ن، جارێكی دی ئه‌و شۆفێره‌ هه‌ڵه‌ ناكاته‌وه‌".
ئه‌و شاره‌زایه‌ی هاتوچۆ، به‌ پێویستی ده‌زانێت چاودێری له‌سه‌ر پۆلیسی هاتوچۆ هه‌بێت، كه‌ زۆرجار به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ له‌ كه‌موكوڕییه‌كانی كارمه‌نده‌كانی ئاگادار نییه‌.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆش ئۆباڵی سه‌ره‌ڕۆیی و بێ یاسایی سه‌رشه‌قامه‌كان، ده‌خاته‌وه‌ ئه‌ستۆی شۆفێران و نووسینگه‌كانی فێربوون، كه‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی شۆفێرین و فازڵ حاجی باس له‌ كه‌مته‌رخه‌می نووسینگه‌كانی فێركردنی شۆفێری ده‌كات، به‌وه‌ی شۆفێر باش فێری یاساكانی هاتوچۆ ناكه‌ن و ده‌ڵێ" ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ نووسینگه‌كانی شۆفێری ده‌رس ده‌ڵێنه‌وه‌، شاره‌زایی ته‌وویان نییه‌ و جگه‌ له‌ یاساكان، شۆفێر فێری ئه‌خلاقیاتی شۆفێری ناكه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ گه‌لێك پێویسته‌".
ئێستا ڕۆژانه‌ له‌ زۆربه‌ی شوێنی سوڕانه‌وه‌كانی هه‌ولێر، به‌چه‌ندین ڕیز ئۆتۆمبێل به‌دووی یه‌كدا و له‌هه‌ندێكیان به‌ به‌رچاوی پۆلیسی هاتوچۆ ده‌سوڕێنه‌وه‌ و كه‌سیش له‌سه‌ر كه‌س ناوه‌ستێت. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ كه‌ له‌و سه‌ره‌ڕۆیی و بێ یاساییه‌ی شۆفێران له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر و دووباره‌ بوونه‌وه‌ی به‌ به‌رده‌وامی و ده‌ست هه‌ڵنه‌گرتنیان لێی نه‌ به‌ ڕێنمایی و نه‌ به‌ سزاش ده‌سته‌وه‌ستانه‌، وه‌ك چاره‌سه‌ر یوسف بازیانیش ده‌ڵێ" ده‌كر‌ێت به‌ مه‌ودایه‌ك به‌ر له‌ سوڕانه‌وه‌، له‌ لاینی ده‌سته‌چه‌پ فسفۆڕ دابنرێت، كه‌ له‌ لاینه‌كانی دی جیای ده‌كاته‌وه‌ و ڕێگه‌ له‌ چه‌ند ‌ڕیز سوڕانه‌وه‌كانیش ده‌گرێت". جیا له‌وه‌ بازیانی جه‌خت له‌ لێپێچینه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ شۆفێران له‌ سه‌رپێچی كردن دوور ده‌خاته‌وه‌.

© 2017 Hawler