ئایار 26, 2020

٢٥٠ هەزار قوتابی تاقیکردنەوەی وزرای و نیشتمانی ئەنجام دەدەن

یەکشەممە یەکەم تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە هەر سێ بەشی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و ئەمڕۆش دووشەممە یەکەم تاقیکردنەوەی پۆلی نۆی نیشتمانی دەستی پێ کرد. دوو جۆر تاقیکردنەوە (وزرای و نیشتمانی) کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە گرنگییەکی زۆری پێ دەدات و بودجەی تایبەتی بۆ دیاری دەکات.
دوێنێ وەزیری پەرورەدە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ئەمساڵی خوێندنی (٢٠١٧ ـ ٢٠١٨) ٢٣٤هەزار و ٨٤ قوتابی و خوێندکار لە ٤هەزار و ٢٩٥ هۆڵ تاقیکردنەوە بە سیستەمی نوێی ئەزموونەکان و بە چاودێری نزیکەی ٢٥ هەزار چاودێر و بەڕێوەبەری هۆڵ و سەرپەرشتیار ئەنجام دەدەن.
ئەم تاقیكردنه‌وانە کە لە یه‌ك کات و له‌ سه‌رجه‌م پاریزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداروی گه‌رمیان ئەنجام دەدرێت، بە هەمان سیستەمی ساڵی ڕابردوو ئەنجام دەدرێت کە سیستەمی نوێ و پێشکەوتووی تاقیکردنەوەیە و لە زۆرینەی وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەنجام دەدرێت. ئەمساڵ پەڕەی سۆمای تاقیکردنەوەی هەر قوتابییەک باڕکۆدی تایبەتی بۆ دانراوە کە لە هی هیچ قوتابییەکی دیکە ناچێت و دوو ساڵیش دەبێت سیستەمی چێککرد (سەحدان)ـی تاقیکردنەوەکان بە دەستی نەماوە و بە ئامێری تایبەت دەبێت کە ئەمەیش هەم دادپەروەری دروست کردووە و هەم هێزی زۆر و زەوەندی نێو پڕۆسەی تاقیکردنەوەکانی کەم کردووەتەوە کە زۆر جاران مەترسی دزەپێکردنی پرسیارەکانیان لێ دەکرا.
ئەمساڵیش وەک ساڵی ڕابردوو هێڵی ئەنتەرنێت دەبڕیت، بۆ ئەمساڵلە كاتژمیر 7ی به‌یانییەوەیە تا 10 جگە لە شوێنە هەستیار و گرنگەکان کەس هێڵی ئەنتەرنێتی نییە.
وەزیری پەروەردە سه‌باره‌ت به‌و شوێنانه‌ی كه‌ له‌ ده‌روه‌ی هه‌رێمی كوردستانن وه‌ك خانه‌قین و سنجار و زومار مەخمور گوتی "بردنی پرسیار بۆ ئەو شوێنانە ئاسان كراوه‌ و لە ڕووی ئه‌منی و ئیداره‌ییه‌وه‌ ڕێوشوێنی تایبەتیان بۆ گیراوەتە بەر"، واتە دوو سەرپەرشتیار بە ئۆتۆمبێل تا خاڵی پشکنیکی ئەو ناوچانە دەڕۆن و لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان دەگوازرێنەوە بۆ هۆڵەکان.
شایەنی باسە ساڵی ڕابردوو ٢٥٥ هەزار و ٩٧٩ قوتابی و خوێندکار لە ٤ هەزار و ١٦٦ هۆڵ و بە چاودێری نزیک بە ٢٥ هەزار چاودێر و بەڕێوەبەری هۆڵ و سەرپەرشتیار تاقیکردنەوەیان ئەنجام دا.

© 2017 Hawler