تشرینی یەکەم 24, 2021

فازڵ میرانی: ئێمە لە قوتابخانەی بارزانیی نەمردا وا فێر کراوین

لە درێژەی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە وتارێکدا بۆ کەرنەڤاڵی لقی دووی پارتی لە هەولێر گوتی، ''براوەی گەورە دەبێ میللەتەکەمان و وڵاتەکەمان بێت''.

لە وتارەکەیدا فازڵ میرانی بە کادیرانی حزبەکەی گوت: ''بە دیدی من ئەم حزب، یان ئەو حزب لە هەڵبژارندا بیباتەوە، لەگەڵ خەباتی ئێوە کە وا بکەن نەتەوەیەک بیباتەوە قابیلی بەراورد نییە، ئەوەی ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان خەونی پێوە دەبینین، ئەو بەرهەمەیە کە لەسەر دەستی ئێوە، نەتەوەکەمان بە هەموو ئینتمائاتی سیاسی و نەتەوایەتیی خۆی دەگەیەنێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەم میللەتە هەست بە نەبوونی دەوڵەت و کیانی خۆی بکات''.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی، ئەوانەی لەسەر دەستی ئێوە پەروەردە بوون، ئێستا حزبەکان بەڕێوە دەبەن، جا چاک یان خراپ، گەورە یان بچووک، براوە یان نەبراوە، دیسان من دەڵێم براوەی گەورە دەبێ میللەتەکەمان و وڵاتەکەمان بێت.

فازڵ میرانی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: ''ئارمانجی ئایندەی ئێمە لە پەروەردەی سەر دەستی ئێوەوە دەست پێ دەکات، ئەویش پەروەردەیەک بە مەنهەجییەتێکی ڕاست و دروست و سەردەمیانەوە، بەجێهێشتنی پەوەردەی کلاسیک بە هەموو چاکییەکانییەوە و بەپیرەوەچوونی پەروەردەیەکی تازە بە هەموو تازەکانییەوە. چونکە بنەمای هەموو میللەتێک بۆ دامەزراندنی کیان، زانینە. زانین بە ئیجتیهاد نابێت، زانین بە بیروباوەڕی نیشتمانپەروەری بەدەست دێت و گەشە دەکات. ئێوە هەر پەروەردەکاری خوێندن و زانین نین، ئێوە پەروەردەکاری نیشتمانپەروەرین''.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە دا کە ئەم وڵاتەی ئێمە پێش هەموو شتێک پێویستیی بە ئارامی و خزمەتگوزاری هەیە، بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان، هەریەک لە بواری خۆیدا بتوانێت پلان دابنێت، چونکە ئەم وڵاتە فرەپێکهاتەیە، فرەئایینە و فرەئینتمای سیاسییە، هەموو ئەمانە ''لە نیشتمانێکدا بە ناوی کوردستان'' کۆ بوونەتەوە. ئەو کوردستانەی دوێنێ لەسەر دەستی پارتی ئۆتۆنۆمیی بەدەست هێنا و ئەمڕۆش لەسەر دەستی هەموویان بە دەستکەوتەکانی گەیشتووە، ''با ئێمە وەکوو خەڵکی دیکە نەبین، سوێندیش ناخوین کە هەمیشە براوە دەبین، سوێندیش ناخۆین کە سەرکەوتنی خەڵکی تر خەونە، ئێمە لە بازنەیەکدا بیر دەکەینەوە و پلان دادەڕێژین و هەنگاو دەنێین کە پێی دەڵێین بازنەی واقعبینی، ئەوانەی لە بازنەی واقعبینیدا هەنگاو بنێن، من دڵنیاتان دەکەم هەرگیز زەرەر ناکەن و ئەگەر بەرەو پێشیش نەڕۆن، بەرەو دواوە پاشەکشە ناکەن، بەڵام ئەوانەی خۆپەرستن و لە دەرەوەی واقعبینین و خەڵکی تر قبووڵ ناکەن، هەر هزرێک بکەن و هەر بڕیارێک بدەن و هەر هەنگاوێک باوێژن، دڵنیاتان دەکەمەوە ئەگەر بەرەو دواوە پاشەکشە نەکەن، بەرەو پێشەوە ناڕۆن. مێژووی ئەزموونی پارتی ئەمە دەسەلمێنێت''.

فازڵ میرانی، بە وەبیرهێنانەوە ئەوەی کە مێژووی پارتی پڕە لە سەروەری، گوتی: ''ئێمەی پارتی تەنیا باسی سەروەرییەکانی دوێنێ ناکەین، باسی کەموکووڕییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانییش دەکەین، ئێمە پشتئەستوورین بە میللەتی خۆمان و کەوادیری خۆمان، بە زانایی خۆمان، بە ڕەشوڕووتەکانی خۆمان و قەت چاوپۆشیمان لە هەڵەکانی خۆمان نەکردووە و لە بەرپرسیاریەتی ڕامان نەکردووە و نەمانهێشتووە باری میللەتەکەمان بکەوێتە سەر عەرد. ئێمە لەو حزبانە نین کە پەڕ بە پەڕی مێژوو هەڵدەنەوە و تەنیا سەروەرییەکان نیشان دەدەن، ئێمە لە قوتابخانەی بارزانیی نەمردا وا فێر کراوین کە پەڕەکانی مێژوو هەڵدەینەوە و بە شوێن هەڵەکانیشدا بگەڕێین، بۆ ئەوەی ئەگەر شیاوی پێداچوونەوە بن، چاکیان بکەینەوە و ئەگەریش وا نەبوو لانی کەم ڕێ بە دووبارەبوونەوەیان نەدەین''.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەردەوامیی وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە دەستکەوتەکان زۆرن، بەڵام ئێمە نابێ بە میللەتی خۆمان بڵێین هەرچی ویستووتانە بەدەستمان هێناوە، ئەمە ڕاست نییە، خەون و خواستی میللەتی ئێمە یەکجار زۆرترە لە بابەتی ماددی و بەرچاوەکی، ''خواستی میللەتی ئێمە سەربەخۆیی و سەقامگیرییە''، چونکە وا بیر دەکەینەوە کە بەبێ سەربەخۆیی، سەقامگیری نابێت. ''ئەمە ئامانجی ستراتیژیی ئەمڕۆ یان سبەینێی ئێمەیە، بەڵام وا بیر ناکەینەوە کە چونکە ئەمڕۆ بەدی نایەت، وازی لێ دێنین، یان بڵێین ئەمە خەونی حوشترە، نەخێر، ئێمە دەبێ خۆمان لەگەڵ پێشهاتە تازەکان و واقیعەکان بگونجێنین بەرەو ئەوەی کە لەناو مێشکماندایە، ئەمە دەبێ شێوەی پەروەردەی ئێوە مامۆستایانی بەڕێز بێت''.

فازڵ میرانی باسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی وەبیر هێنایەوە و گوتی: ''بە ئێمەیان گوت، پارتی قوماری کرد کە ڕیفراندۆمی کرد، نا یەکێک لە هەنگاوە پێویستەکانی خەونی هەموو خەڵکی کوردستانمان هاویشت، ئەویش گەڕانەوە بۆ ڕەئیی میللەتە، عێراقییەکان بە قسەی هەندێک لە حزبەکان دژی ئێمە وەستانەوە، ئێمە وەکوو ئەوان ناو ناهێنین و سوێندیش ناخۆین کە نابێ ئەم حزبە کوێخا بێت، کوێخایەتی خزمەتکردنی میللەتە، ئەوەیە کە میللەت لە سەرەوەی خۆی دابنێت و بیکات بە مەرجەعی خۆی، ئێمە وا بووین و واین و هەر واش دەبین، چونکە بەلای ئێمەوە میللەت سەرچاوەی هەموو شتێکە بە لایەنی ئەرێنیدا؛ سەرچاوەی هێزە، سەرچاوەی دەنگ و سەرچاوەی بەرەوپێشبردنە''.

گوتیشی: ''بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ قەزیەیەکیان حەل نەکردووە و هیچ قەزیەیەکیش حەل ناکەن. حزبەکانی کوردستان کۆ بوونەوە و جەنابی سەرۆک بارزانی باسی ئەوەی کرد کە هۆکاری ڕیفراندۆم چییە، ئێمە لە ٢٠٠٣ لەسەر ئەساسی تەوافوق و تەوازون و شەراکەت بۆ عێراقی نوێ پێک هاتین، کەچی هیچکام لەوانە جێبەجێ نەکرا و تەنانەت بودجە و مووچەی کوردستانیان بڕی. بەداخەوە هێشتا بەشێک لە عێراقییەکان لە فیدراڵییەتی تێ نەگەیشتوون، بەشێکیشیان تێ گەیشتوون، بەڵام باوەڕیان پێی نییە. هۆکاری ڕیفراندۆم زۆر و ئەزموونی میللەتانی دنیا ئەوە نیشان دەدات کە بۆچی پەنایان بۆ ڕیفراندۆم بردووە''.

© 2017 Hawler