نیسان 15, 2021

تەندروستیی هەولێر روونکردنەوە لەبارەی کەسێک دەدات کە ڤاکسینی وەرگرتووە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی هاونیشتمانییەک بڵاوکردووەتەوە کە دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا نیشانەی لێدەرکەوتووە و رایدەگەیێنێت "دوو رۆژ پێش ئێستا ڤاکسینەکەی وەرگرتووە و رۆژی دواتریش تووشی ئازاری لەش و تا هاتووە و ئەوەش چاوەڕوانکراوە."
 
ئەم هاونیشتمانییە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 07-04-2021 لە فەیسبووکی خۆی پۆستێکی کردووە و وێنەیەکی بڵاوکردووەتە دەڵێت "بەداخەوە پاش سێ رۆژ لە بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە رۆژی دووەمەوە تەندروستیم تەواو تێکچووە، ئێستاش کەوتمە نەخۆشخانەی فریاکەوتن."
 
ئەو هاونیشتمانییە ناوی محەممەد سەباحە و مامۆستای ئایینییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رووداو گوتی "ئێمە [کەسوکارەکەی] زیاد لە 10 کەس ئەم ڤاکسینەمان بەکارھێنا، تەنیا من تەندروستیم تێکچووە. داوا لە ھاووڵاتیان دەکەم خۆیان بپارێزن و ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاربھێنن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو مامۆستا ئایینییە رایگەیاند، "داپیرم کە تەمەنی 87 ساڵە ڤاکسینی کۆرۆنای بەکارهێناوە و تەندروستیی زۆر باشە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لەبارەی قسەکانی ئەو هاونیشتمانییە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "رۆژی دووشەممە 04-05-2021 لە بنکەیەکی تەندروستی پێکوتەی دژە کۆرۆنای وەرگرتووە، بۆ رۆژی سێشەممە تووشی ئازاری لەش و تا هاتووە، کە ئەم نیشانە لاوەکیانەی وەك تا و لەرز و ژانی لەش چاوەڕوانکراوە و لە هەندێك کەس روودەدات و لەوانەیە بۆ 24 تاوەکو 48 کاژێر بمێنێتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە "ئەم هاونیشتمانییە ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کردووە و چارەسەری تەواوی پێشکەشکراوە بۆ ماوەکی کاتی ماوەتەوە و دواتر نێردراوەتەوە ماڵەوە." ئاماژە بەوەش دراوە کە "تیمی پاراستنی تەندروستی پەیوەندییان بەو هاونیشتمانییە کردووە و بەردەوام چاودێری دۆخی تەندروستی دەکەن و تەنها پێویستی بە پشوو هەیە."
© 2017 Hawler