نیسان 15, 2021

ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک: پەکەکە و حەشدی شەعبی رێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال

دلۆڤان رەحیم - هه‌ولێر

 

 

رۆژی ٩ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٠ رێککەوتنێک لەبارەی دۆخی شنگال واژۆ کرا، بەپێی رێککەوتنەکە، نووسینگەی کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق یونامی و حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر دۆخی ئەمنی و ئیداری و سەقامگیری ناوچەی شنگال رێککەوتن، بەو ئامانجەی ئاشتەواییەک لەو ناوچەیە هەبێت.

شنگال چەقی ناوچەیەکی ستراتیژییە
شنگال کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردی ئێزدیە، دەردەسەری زۆری بەدەستی داعشەوە بینیوە، چەکداران لە ٢٠١٤ ئەو کەمینەیان کۆمەڵکوژ کرد، ئێستا کە هەڕەشەی داعش نەماوە، بەڵام هێشتا مشتومڕی سیاسی رێگرە لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیە .
شنگال یەکێک لەو ١٤ ناوچەیەی پێی دەگوترێت ناوچەی جێناکۆک، ناوچەیەکی گرنگە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوسنووریشە لەگەڵ حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان لە باکووری رۆژئاوا و سلۆپی لە باکووری رۆژهەڵات، بووەتە چەقی ناوچەیەکی ستراتیژی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست .

ڕێککەوتنی شنگال جەخت لە ئاشتەوایی و ئاوەدانی دەکاتەوە
ئەو رێککەوتنەی لەبارەی شنگال کراوە، جەخت لە ئاشتەوایی و گۆڕانکاری ئیداری، ئەمنی، ئاوەدانکرانەوە دەکاتەوە، لە رووی ئیدارییەوە داوای دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزاکە کراوە، ئێستا لە شنگال دوو حکومەت هەیە، یەکێکیان لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە دانراوە لە شنگال لەگەڵ یەکێکی دیکە کە بە هەڵبژاردن کراوەتە قایمقام،بەڵام لە دوورەوە لە دهۆک کارەکانی رایی دەکات، رێککەوتنەکە داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات قایمقامێکی سەربەخۆ دابنێن،بەڵام ئەوە هێشتا نەکراوە
لە رووی ئاسایشەوە، رێککەوتنەکە داوای چوونەدەرەوەی هەموو گرووپە چەکدارەکان دەکات،لەگەڵ دامەزراندنی ٢٥٠٠ پۆلیسی خۆجێی لە شنگال، هەرچەندە داوای کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنی لەلایەن هێزی ئەمنییەوە جێبەجێ نەکراوە، هەر بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت پەکەکە لەوناوچەیە بچێتە دەرەوە،پەکەکە پێش چەند ساڵێک بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی چووە ئەو ناوچەیە،راستەوخۆش دوای دامەزراندنی یەبەشە باڵێکی سەربازی ئەو گرووپە چەکداریەش بە ناوچەی ئەنجووەنی خۆسەری شنگال دامەزرا، بە تێكەڵبوونی پەکەکە لەگەڵ دام و دەزگاکان و پشتیوانی گرووپە چەکدارەکان گەورەترین ئاستەنگ بۆ رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دروست بووە .
لەرووی ئاوەدانکردنەوە، رێککەوتنە ئیداری و ئەمنییەکە داوای پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش دەکات لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی نەینەوا بۆ دەستکردن بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان، داوای دامەزراندنی ئیدارەیەکی سڤیل و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان دەکات تاوەکو زەمینە خۆش بێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان کە ماوەی ٧ ساڵە لە دەربەدەریدا دەژین .

تاوەکو ئێستا چی کراوە ؟
رێککەوتنەکەی شنگال بووە سەرەتای پەیوەندییەکی باشی هەولێر و بەغدا،هەرچەندە دوای ٥ مانگ تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە، لە کانوونی دووەم نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق جانین پلاسخارت داوای پەلەکردن لەجێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی کرد لە نێوان هەردوو حکومەت، وەکو هەنگاوی یەکەم حکومەتی عێراق دوو لیوای لە پۆلیسی فیدراڵی لە شنگال جێگیر کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنی شارەکە،جێگیرکردنی ئەو هێزانە بۆ ئەوە بوو خەڵك هان بدرێت بگەڕێنەوە ناوچەکە، لەرووی ستراتیجی/شەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی عێراق،شنگال بووەتە قوربانی دەستی دەسەڵات و بوونی گرووپی چەکداری بەکرێگیراو،لە سەرەتای مانگی ئادار، قادر قاچاغ بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال رایگەیاند:" هێزی هەرێمی دەیانەوێت شنگال ببێتە بەشێک لە هیلالی شیعی."
بە بوونی پەکەکە و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە شنگال، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هەر دوور دەکەوێتەوە،بەگوتەی شێخ شامۆ راوێژکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری کوردی ئێزدی:" نزیکەی ١٥ هەزار چەکداری حەشدی شەعبی لە مانگی ئادارەوە براونەتە شنگال،ئەو بەرپرسە دەڵێ:" حەشدی شەعبی خەریکی دروستکردنی بنکە و بارەگایە لە چیای شنگال،ئەوە لەکاتێکدایە پێش ماوەیەک رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رایگەیاند:" رێگەنادەن شنگال ببێتە قەندیلی دووەم، بە واتایەکی دیکە رێگە نادات پەکەکە پێگە و بنکەکانی لە چیای شنگال قایمتر بکات،رەتکردنەوەی پەکەکە بە جێهێشتنی شنگال وای کرد تورکیا بۆردوومانی چیای شنگال بکات ئەوەش رێککەوتنەکەی هێندەی دیکە لە جێبەجێکردن دوورخستەوە، واقیعی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال شتێکی قورس نییە بەڵام نەبوونی هەنگاو و کرداری یەکەم وای کردووە بەوشێوەیە دەربکەوێت،سەرەڕای ئەوەش خەڵکی شنگال گلەیی ئەوە دەکەن کە پرس و رایان پێ نەکراوە، رێککەوتنەکە بەهۆی ئەو ئاستەنگانەوە نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام وەکو بەرپرسان دەڵێن باشترین دەرگە و رێگەی گەڕانەوەی سەقامگیریە بۆ شنگال لەگەڵ هاندانی گەڕانەوەی هەزاران ئاوارە، ئەگەر ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت دەبێتە نموونەیەکی تەندروست بۆ هەموو ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، پرسی دیکەش کە بوونەتە ئاستەنگ دانانی قایمقامێکی نوێیە، بێ توانایی حکومەتی عێراقیش بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شنگال،هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەگەڵ رەتکردنەوەی حەشدی شەعبی بۆ چوونەدەرەوە لە ناوچەکە سەرەکی ترین ئاستەنگەکانن

ئێستا چی دەکرێت ؟
لەوەتەی پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣،خەڵك لە ناوچە کوردستانییەکان دۆخیان باش نەبووە، سەرەڕای هەوڵی زۆر بەڵام ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ یەکلایی نەکراونەتەوە و چارەنوس و داهاتوویان دیار نییە،بۆ سەرکەوتن و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگالیش وا دەخوازێ هەموو بگەڕێنەوە سەر دەقی نووسراو لە رێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی لە سەر ئەرزی واقیعدا، ئەو رێککەوتنە گرنگ و هەستیارە کەئامانجی گەڕانەوەی ئارامی،سەقامگیری هەستانەوەی ئابووریە، ئێستا لەبەردەم هەڕەشەی ئەوەدایە هیچ لە خاڵەکانی جێبەجێ نەکرێن، کوردانی ئێزدی سەرەڕای ئەو هەموو مشتومڕە داوا دەکەن لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە داخوازیەکانی ئەوان جێبەجێ بکرێت، لەوکاتەی داوای جێبەجێكردنی سەرلەبەری رێککەوتنەکە دەکەن، چارەسەری مەودا کورت و درێژ بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە پێویستە،بۆ کورت مەودا،بوونی رۆڵی خەڵكی شنگال و نوێنەریان بۆ هەنگاوی سەرەتایی پێویستە، پێویستە هەولێر و بەغداش لەسەر دانانی قایمقام بۆ شنگال رێکبکەون،پێویستە نەخشەرێگەیەک دابنرێت بۆ سەقامگیری و ئارام کردنەوەی شنگال، بە هەنگاو کارێک بکرێت بۆ کشانەوەی هەموو هێزەکان لە شنگال و لە رێگەی پۆلیسەوە دۆخی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت .
گفتوگۆی هەولێر و بەغدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، وەکو ئێران و تورکیا کارێکی سەرەکییە و پێویستە داوایان لێ بکرێت پشتیوانی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک بهێنرێت،چونکە بوونی هەر هێزێکی نا کۆنتڕۆڵ کراو لە شنگال رەنگە قەیرانێکی سیاسی و مرۆیی و تەنانەت کارەساتیش بۆ عێراق دروست بکات ئەگەر بە دروستی مامەڵە نەکرێت .
سەرچاوە: ئەنجوومەنی ئەتڵانتیک

© 2017 Hawler