نیسان 15, 2021

کێشەی کوالێتی و نرخی بەنزین چارەسەر دەبێت

ڕائیب جادر - هه‌ولێر

 

لەسەرەتای مانگی ئازارەوە، دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە دەری کردووە دەربارەی رێکخستنی بەنزین بە باشترین کواڵێتی، لیژنەکانی نەوت و کانزاکان بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکە سەرجەم بەنزینخانەکانی ئاگادار کردووەتەوە هەر کەسێک پابەند نەبێت سزای یاسایی دەدرێت.

تا ئیستا لە هەرێمی کوردستان، هەر بەنزینخانەیەک بە نرخێکی جیاواز بەنزین دەفرۆشێت، جگە لەوەی لەرووی کواڵێتیەوە زۆر خراپە، ئەوەش هاووڵاتیان و شۆفێرانی نیگەران کردووە، دەڵێن، پێویستە حکوومەت چاودێرییەکی چڕ بخاتەسەر بەنزینخانەکان لە دیاریکردنی کواڵێتی بەنزین و جۆرەکەی بۆ ئەوەی چی دیکە زەرەرمەند نەبن. جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ، لەپێناو باشترکردنی جۆری بەنزین، هەر کۆمپانیایەک بەنزین هاوردە بکات دەبێت مۆڵەت وەربگرێت، بۆ ئەم مەبەستە تەواوی بازرگان و کۆمپانیاکان ئاگادار کراونەتەوە بە هێنانی ئەو بەنزینەی کە بۆیان دیاریکراوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە جۆر و کواڵیتیەکەی بەرز بێت.
سەرپەرشتیاری سووتەمەنی دەورووبەری هەولێر، دەشڵێ:" بەپێی ئەو کوالێتیەی دیاریکراوە، بەنزینی نۆرمال نابێت ئۆکتانەکەی لە ٩٠ کەمتر بێت و رەنگەکەشی دەبێت زەرد بێت، محەسەن ئۆکتانی ٩٣ و رەنگی شین بێت، سوپەڕ ئۆکتانی ٩٥ و رەنگی سوور بێت، سلڤەرەکەشی نابێت لەسەرووی ٥٠ بێت، پێشتر ئەو بەنزینەی کە دەهات سلڤەرەکەی لەسەرووی ١٥٠ بوو، گومان هەبوو ماددەیەکی ژەهراوی تێدا بێت، هەر لەبەر ئەوە ئێستا سلڤەرەکەمان کەم کردۆتەوە، ئەو بڕیارەش لە بەرژەوندی هاووڵاتیان و ئەو کارمەندانەیە کە لەسەر بەنزیخانەکان کار دەکەن، بۆ ئەم مەبەستە ماوە ماوە سەردانی بەنزینخانەکان دەکرێت هەر بەنزینخانەیەک پێوە پابەند نەبێت، سزا دەدرێت".

 

© 2017 Hawler