تشرینی یەکەم 27, 2020

بەرپرسی لقی مەخموری پارتی هۆشداری دەدات

لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە، ئیدارەی مەخموریش لە لایەن حەشدی شەعبییەوە بەڕێوەدەبرێت. پەکەکەش هێزەکانی لەو سنورە هەر ماوە و بوونەتە هەڕەشە بۆ ئاسایشی ناوچەکە. بەرپرسی لقی مەخموری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەمبەر ڕەوشی ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر کوردنشینانی گوندەکانی مەخمور هەیە هۆشداری دەدات.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی مەخموری پارتی، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی، ڕایگەیاندووە؛ ماوەیەکە بەردەوام عەرەبی ھاوردە بە ھاوکاریی سوپا و حەشدی شەعبی دێنە سەر گوندە کوردییەکان و دەیانەوێت بە زۆر زەویی کورد داگیر بکەن. دەشڵێ، حکوومەتی هەرێم ھاتووەتە سەر هێڵ و دوێنێ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە و قسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانیش کراوە و پێویستە ئەم کشەیە بە تەواوەتی چارەسەر بکرێت. دەشڵێت:" عەرەبی ھاوردە لە ماوەی چەند رۆژێکدا ئەوە چەندین جارە دێنە سەر گوندە کوردییەکان و نووسراوی پارێزگاریان پێیە و بە ھاوکاریی سوپا و حەشدی شەعبی دەیانەوێت بە زۆر زەویی کورد داگیر بکەن و بەسەر خۆیاندا دابەشی بکەن، ئێمەش دوێنێ ئاگادارمان کردنەوە ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لەو کارە و ھێز بەکار بێنن، ئێمەش ئەو کارە دەکەین، بۆیە ھەر زوو کشانەوە، بەڵام پێویستە ئەم کێشەیە بە تەواوەتی چارەسەر بکرێت و ناکرێت بەردەوام بێت، باشترین چارەسەریش جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ە".
باسی لە هەنگاوەکانی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش کردووە و باس لەوە دەکات هەنگاوی جیددی نراوە بۆ چارەسەرکردنی یەکجاری کێشەکان و دەڵێت:" حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھاتووەتە سەر هێڵ و شتێکی ئامادە کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و قسەی لەگەڵ مستەفا کازمییش کردووە، بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەر بکرێت".
کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان ساڵانێکی زۆرە بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان هەرێم و بەغدا ماوەتەوە، کێشەکان لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەوە قوڵتربوونەوە و هەوڵی پەراوێسخستنی کورد دەدرێت لەو ناوچانە، بە تایبەت لە پارێزگای کەرکووک.

 

© 2017 Hawler