تشرینی یەکەم 27, 2020

لەماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا بە نزیکەیی تەواوی تاوانەکان ئاشکرا کراون

بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، ئاماری تاوانەکانی ٦ مانگی رابردووی سنووری پارێزگاکەی ڕاگەیاند. بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، لە کۆی پێنج هەزار و 992 تاوان 92.9٪یان ئاشکرا کراون. واتە ٥ هەزار و ٥٦٨ تاوان ئاشکرا کراوە، مەبەست لەمەش دەستگیرکردنی تاوانباران و ساغبوونەوەی تاوانەکەیە لەسەریان.

پۆلیسی هەولێر، باسی لەوەشکردووە، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر توانیویانە 665 تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە لە هەموو تاوانە جیاوازەکانن کە باندی دزی، کوشتن، ساختەکاری، سپیکردنەوەی دراو، ماددە هۆشبەرەکان و .. هتدی تێدا بووە.
هەر بە پێی ئامارەکانی ٦ مانگی ڕابردووی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتبار هەبووە چەندین ساڵ فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە، بەڵام دەستگیر نەکرابوو" و هێزەکانیان توانیویانە دەستگیریان بکەن و بیاندەنە دەستی یاسا.
لەم ڕاگەیەندراوەی پۆلیسی هەولێردا، سواڵکەرەکانی سەر شەقامیش لە نێو ئامارەکەدان و تێیدا باس لەوە کراوە، توانیویانە 751 سواڵکەر بە هەردوو رەگەز لە شاری هەولێر دەستگیر بکەن و رادەستی یاسایان بکەن کە لە شوێنەگشتییەکان و چوارڕیانەکان و ناوبازاڕدا سواڵیان کردووە.
ئەوەش هاتووە، لە ئامارەکەدا هاتووە کە هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بەسەر دوو هەزار و 43 نێرگەلەدا گرتووە و لەناویان بردوون.
لە ئامارەکەدا ئەوەش ڕاگەیەندراوە، 28 تۆن دەرمانی ماوەبەسەرچوو و ساختە دەستی بەسەرداگیراوە، 70 شوێن داخراون، 72 ئۆتۆمبێل بەهۆی هەراسانکردنی خەڵکیەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، 148 سەرپێچیکاریش دەستگیر کراون و هەزار و 284 شوێنیش بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستییەوە داخراون.

 

© 2017 Hawler