ئەیلول 20, 2018

كوردانی ئێزدی رێوڕەسمی جەژنی چوارشەممەی سوور لە پەرستگەی لالش بەڕێوەدەبەن

جەژنی سەری ساڵی كوردانی ئێزدی كە جەژنی چوارشەممەی سووری پێی دەڵێن، دەكەوێتە، چوارشەممەی مانگی نیسان، بەپێی ساڵنامەی رۆژهەڵاتی، رۆژی 18/4 كوردانی ئێزدی رێوڕەسمی جەژن لە پەرستگەی لالش دەگێڕن، كە لەو رۆژەدا بە جەژنە پیرۆزە لە یەكدی و دابەشكردنی شرینی، جەژن لە یەكدی پیرۆز دەكەن.

رۆژێك پێش جەژنەكە كوردانی ئێزدی لە ناوچە جیاوازەكانەوە روودەكەنە پەرستگای لالش و 366 چرا هەڵدەكەن، كە هێندەی ژمارەی رۆژەكانی ساڵە و دەڵێن، هەڵكردنی چراكان بۆ هەموو مرۆڤایەتییە.
وشەی نیسان لای ئێزدییەكان لە دوو وشەی جیاوازەوە یەكیان گرتووە "نی" بە واتای نوێ و "سان" بە واتای لە دایكبوونە، مانگی نیسان پیرۆزی و تایبەتمەندی خۆی لەلایەن كوردانی ئێزدییەوە هەیە، ئێزدی ئەو مانگە بە بووكی ساڵ دادەنێن، یەكێك لە گەورەترین جەژنی ئەوان لەو مانگەدایە، جەژنی سەری ساڵ كۆنترین جەژنی ئێزدییەكانە و دەكەوێتە چوارشەممەی یەكەم لە مانگی نیسان، مێژووی جەژنەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ئافراندنی كنیاتێ.
لە رۆژی پێش جەژن كوڕ و كچان گوڵی سوور كۆدەكەنەوە و بە دەرگای ماڵەكانیاندا هەڵدەواسن، ئێزدییەكان گرنگییەكی زۆر بە سروشت و ژینگە دەدەن و ئێزدییەكان پێنج جەژنیان هەیە، بریتین لە جەژنی چلەی هاوین، چلەی زستان، جەژنی جەمایی، جەژنی خدر ئەلیاس و چوارشەممەی سوور، ئێزدییەكان قیبلەیان رۆژە، لە ئاینی ئێزدییەكان شەوی بەرات و لەیلەتولقەدەر هەیە و ئێزدییەكان 40 رۆژ لە هاوینان و 40 رۆژ لە زستانان بە رۆژو دەبن، جەژنی چوار شەممەی سووریش، كە یەكەم چوار شەممەی مانگی نیسانە، بە ساڵنامەی نوێی ئێزدییەكان ئەژمار دەكرێت.
ئێزدییەكان خاوەن ئایینێكی جیاوازن لە موسڵمان و مەسیحی و ئەوانی دیكە، نزیكەی نیو ملیۆن كەس دەبن و بە نەتەوە كوردن، ئەو ناوچانەی ئەوانی تێدا دەژین بە "ئێزیدخان" ناودەبرێت و ناوەندەكەی قەزای شنگالە و ناوچەكانیان دەكەوێتە نزیك سنووری رۆژئاوای كوردستان - سووریا و هەر چەندە ئەو خاكەی ئەوانی لەسەر نیشتەجێن وەك ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، خاكی كوردستانە، بەڵام هێشتا یەكێكە لە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و تا ئێستا بە فەرمی چارەنووسیان یەكلایی نەكراوەتەوە، بەردەوام سەركردایەتی هەرێمی كوردستان، ئەو ناوچانە وەك بەشێكی جیانەكراو لە هەرێمی كوردستان ناودەبەن.
لوقمان سلێمان، بەرپرسی نووسینگەی رۆشنبیری و كۆمەلایەتی لالش بۆ "هەولێر" دەڵێ، ئێزدییەكان لەو مانگەدا زەوی ناكێڵن و پرۆسەی هاوسەرگیری پێك ناهێنن، چونكە بە بیروباوەڕی ئێمە مانگی نیسان بووكی ساڵە و بە جوانترین شێوە خەمڵاندنی خۆی كردووە، لەگەڵ ئەوەی لە پەرستگەی لالش چرا و سوكی مەعریفەت بەرامبەر بە نیشانە و چاكەكانی ئێزدی دەخوێنەوە و بەیت ڕیز دەكەن و سەماش لەو رۆژەدا دەكەن، لەگەڵ ئەوەی ئافرەتانی ماڵەوە هێلكە دەكۆڵێنن و ڕەنگ دەكەن و یاری پێ دەكەن، پاككردنی هێلكەش لە بیروباوەڕی ئێزدییەكاندا گرێدراوە بە شێوەی گۆی زەوی و لە دایكبوون و سەرچاوەی ژیان، هەر بۆیە لەگەڵ هاتنی ساڵی نویدا، ئێزدییەكان توێكڵە رەنگا و رەنگەكەی هێلكەكە لەگەڵ گوڵ و هەویردا تێكەڵ دەكەن و دەیدەن لە دەرگای ماڵەكانیان، نان دەكەن و بەسەر جیرانەكانی خۆیاندا دابەش دەكەن، لەگەڵ ئەوەی لەو رۆژەدا سەردانی گۆڕستانەكان دەكەن و خێر و خێرات دەكەن و بەسەر هەژاراندا دابەش دەكەن، هەر لە رۆژی جەژندا هەر ئێزدییەك روو لە رۆژهەڵات دەكات و دەست و چاوەكان بە خۆناڤ دەشوات و لەو رۆژەدا سەردانی پەرستگەی لالش دەكەن و جەژنە پیرۆزە لە یەكدی دەكەن.
لەزگین خدر، كەسایەتی ئێزدی، بۆ "هەولێر" دەڵێ، جەژنی چوارشەممەی سوور كۆنترین جەژنی ئێزدییەكانە، هیواخوازین هەموو ساڵێك ئەو جەژنە بە خۆشی بگێڕین و ساڵی دابێ لەسەر خاكی خۆمان و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆمان ئەو جەژنە لە یەكدی پیرۆز بكەین و ڕێوڕەسمەكانی جەژن بگێڕین و كەسوكاری ئێمەش كەتا ئێستا لە دەست داعشدا ماون ئەوانیش ئازاد بكرێن.
هادی لیاس، بۆ "هەولێر" گوتی، جەژنی چوارشەممەی سوور، جەژنی ئێزدییەكانە و بە یەكەم جەژنی ئێزدییەكان دادەنرێت، ئەو جەژنە لە هەموو ئێزدییەكان پیرۆز دەكەین، داوا دەكەین بگەڕێینەوە شنگال و ناوچەكانی خۆمان و پێشمەرگەش بەرگری لە ئێمە بكات و بمانپارێزێت، بۆیە هەموو هیوا و ئۆمێدی ئێمە ئەوەیە كە بگەڕێینەوە ناوچەكانی خۆمان، هەروەها خزم و كەسانی ئێمەش كە لە دەست داعشدا ماون ئەوانیش ئازاد بكرێن و بگەڕێنەوە ناومان، كە ئەوە بۆ ئێمە خۆشترین جەژن دەبێت

 

ڕائیب جادر ـ هەولێر
.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.