ئەیلول 20, 2018

لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسند دەکرێ

بڕیاربوو دوێنێ، لەبارەی پڕۆژە یاسای چاكسازی كۆبوونەوەیەك لە نێوان حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ھۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكە بۆ ئامادەنەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان دەگێڕێتەوە و پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتیش رایدەگەیەنێت، دەبێ لە چەند رۆژی داهاتوودا پڕۆژە یاسای چاكسازی پەسند بکرێت.

فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: وەك پارتی پێداگیرین لەسەر تێپەڕاندنی یاسای چاکسازی و هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نییە.
گوتیشی: باشترین چارەسەر ئەوەی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی و فراكسیۆنەكان ئەنجامبدرێت، لەم كۆبوونەوەیە بڕیار لە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پەسندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی.
فرسەت سۆفی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: تێپەڕاندنی ئەو یاسایە ھیچ پەیوەندی بە بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە نییە، نابێ كاروباری پەرلەمان و حكوومەت بەھۆی بانگەشەی ھەڵبژاردن بوەستێندرێت، دەبێت یاساکە لە چەند رۆژی داهاتوو پەسندبکرێت، ئەگەر ھەر ھێزێك بیەوێت ببێتە رێگر لەبەردەم بە شەفافی ھەموو راستیەكان بۆ رای گشتی ئاشكرا دەخەینەڕوو.
ئەوەشی خستەڕوو: ھەوڵدەدەین ھەموو لایەك پێكەوە ئەو یاساییە تێپەڕینین و نەیكەینە دەستكەوتی سیاسی و حزبی و تێكەڵاوی نەكەین بە بانگەشەی ھەڵبژاردن، بەپێچەوانەوە دەستكەوتێكیكی گرنگە بۆ خەڵكی كوردستان و مەبەست لێی مووچەی كەس نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكە بۆ دادپەروەری لە كوردستان.
ھەر سەبارەت بەو پرسە بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان رایەگەیاند: بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد، لەبارەی ئەو ماددانەی كە تێبینیان لەسەرە لەگەڵ تێبینی و پێشنیارەكانمان پێ بڵێنەوە، بەڵام وەزیرەكان نەیانتوانی ئەمڕۆ بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمان ئامادەبن و رایانگەیاندبوو لە كاری دیكەیان ھەیە و داوای دواخستنی كۆبوونەوەكەیان كردبوو، بۆیە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان دواخرا.
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: ھیچ فراكسیۆنێك بەتایبەتی ئەوانەی لە سەرۆكایەتی پەرلەمانن و بەشدارن لە حكوومەت رێگرنین لە پەسندكردنی پرۆژە یاسای چاكسازی، بەپێچەوانەوە پاڵپشتی پڕۆژە یاساكە دەكرێت بۆ تێپەڕاندنی.
لەبارەی ئەو دەنگۆیەی كە یەكێتی دەگوترێت یەكێتی رێگرە لە پەسندكردنی پڕۆژەكە، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: رێژەی ھەموو لایەنەكان لەنێو خانەنشینان ھەیە و ئەوە راست نییە كە دەگوترێت یەكێتی رێگرە، چونكە ئەو یاسایە تەنھا بۆ یەكێتی نییە و یاساییەكی گشتگیرە.
لە کوردستان ٢٤ەوە

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.