ئەیلول 18, 2020

بەشێک لە هاووڵاتیان سەرەڕای تووشبوونیان بە کۆرۆنا خۆیان کەرەنتینە ناکەن

بەشێک لە هاووڵاتیان سەرەڕای ئەوەی کە تووشی کۆرۆنا بەهۆی ناهوشیاریی بێت یان باوەڕنەکردن بە ڤایرۆسەکە لە کاری رۆژانەیان بەردەوامن و هۆکارن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە. بەرپرسانی تەندروستی داوای رەچاوکردنی رێنماییەکانی تەندروستی و لایەنی چاودێریش رێوشوێنەکانی توندتر دەکات.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە خێرایی زیاد دەکات و دۆخەکە بە تەواوی لە کۆنترۆڵی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پێوەندیدارەکان دەرچووە و هۆشیاریی تاک بە گرنگترین ئامرازی رووبەرووبوونەوە و زیاتر رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هەژمار دەکرێت.
پێشتر کۆرۆنا کە نەگەیشتبوووە نێو شار و گەڕەک و کۆڵانەکانەوە بەرپرسیارێتی سەرەکی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەسەرشانی حکوومەت بوو بەڵام ئێستا کە کار لە کار ترازاوە و کۆرۆنا گەیشتووەتە بەر دەرگای ماڵان. بە پێی بەدواداچوونەکان لە شارێکی وەک هەولێری پایتەخت هیچ گەڕەکێک نییە بە دەیان حاڵەتی تووشبووی کۆرۆنای نەبێت و بەپێی بەدواداچوونی هەولێر دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک لە کۆڵانەکان حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا هەست پێ بکرێن.
پێشتر سەرجەم ئەوانەی تووشی کۆرۆنا دەبوون بە هۆی ئەوەی ژمارەیان کەم بوو لە نەخۆشخانەکان چاودێری دەکران بەڵام ئێستا بەشی زۆریان رەوانەی ماڵەوە دەکرێن و بەشێکی تریش بە بێ پشکنینیش دەزانن تووشی کۆرۆنا بوون و بۆیەش خۆیان کەرەنتینە دەکەن.
بەشێک لەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن و سەرەڕای ئەوەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن لە کاری رۆژانەی خۆیان بەردەوامن. ئەوانەی کەمێک زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن ئەوا لانی کەم دەمامک بەکار دەهێنن و لە کاتی چوونە دەرەوەش خۆیان لە هاوولاتیانی تر بەدوور دەگرن بەڵام هەیشە سەرەڕای ئەوەی دەزانێت کۆرۆنای هەیە گوێ بە هیچ رێنماییەک نادات و هۆکارە لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بۆ خەڵکی تر.
دابینکردنی بژێویی یەکێکی تر لەو هۆکارانەیە هەندێک کەس گوێ بە نەخۆشییەکە نەدەن و لە کار و کاسبییان بەردەوام بن. لەوانەیە کەسەکە کرێکاری نانەواخانەیەک یان مارکێتێک بێت و تووشبوونی خۆی بشارێتەوە.
پێویستە بگوتریت لایەنەکانی تەندروستی چاودێری بازاڕ هەوڵەکانی خۆیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی رێنمایی و بڕیارەکانی حکوومەت بۆ دوووکان و بازاڕ و نانەواخانە و مارکێتەکان بە تەواوی جێبەجێ بکرێن. بەتایبەتی نانەواخانەکان ئەگەر کرێکارەکانیان بە وردی رەچاوی رێنماییەکانی خۆپارێزی نەکەن رۆڵیان دەبێت لە خراپترکردنی دۆخەکە.
هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر بۆ هەولێر ئاماژەی دا لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک زۆر لە دووکان و نانەواخانەیان داخستووە و تیمەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچوون و ئەگەر بزانن لە هەر شوێنێک سەرپێچی روو دەدات ئەوا خێرا سزایان دەدەن. ئەو گوتی هەر دوێنێ نانەواخانەیەک کرێکارێکی لە کاتێکدا سەموونی بە خەڵک دەدا، پارەشی وەردەگرت کە پێچەوانەی رێنماییەکانە و داوای لە سەرجەم شوێنەکان کرد بۆ پاراستنی خۆیان و خەڵکی تریش رەچاوی رێنماییەکان بکەن.
رێوشوێنە توندەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لە کاتێکدا گیرانە بەر کە تەنیا چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا لە کوردستان راگەیەنرابوون. کەرەنتینەکردنی خەڵک و داخرانی بازاڕ هۆکار بوو لەوەی ڤایرۆسەکە بڵاو نەبێتەوە و هەموو ئامانجێکیش ئەوە بوو کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە لە دەستی دامەزراوەکانی حکوومەتدا بمێنێتەوە و لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت. ئێستە ئاستەمە ئەو رێوشوێنانە دووبارە بکرێنەوە و دۆخەکە بە زیاتر هوشیاریی هاووڵاتیان و جێبەجێکردنی رێنماییەکان باش دەبێت.
دکتور محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەوە دەکات لەم دۆخەی ئێستادا دەبێت تاک رۆڵی سەرەکی بگێڕێت و سەرجەم رێنماییەکانی خۆکەرەنتینەکردن و خۆپارێزی و رێگەگرتن لە ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی دەوروبەری خۆی جێبەجێ بکات. ئەو پێی وایە خەڵک نابێ چاوەڕێی حکوومەت بکەن هەر دەبێ رێوشوێنی توندی گشتییان بەسەردا بسەپێنێت بەڵکوو دەبێت هاووڵاتیان خۆیان وریا بن و خۆیان بە جیددی بەشدار بن لە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، لە هەرێمی کوردستان سەرووی 17 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە لەو ژمارەیە 641 کەس گیانیان لەدەست داوە و 10 هەزار و 143 کەسیش چاکبوونەتەوە.

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler