ئەیلول 18, 2020

ئەمساڵ رەوشی كارەبا زۆر باش بووە

بەهۆی سەرپێچی كارەبا 300 هاووڵاتی دهۆك سزا دراون

 

دوای ئەوەی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات كەوتەكار، بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان بۆ 3500 مێگاوات زیادیكردووە، بەمەش كاتەكانی كارەبا بە هاووڵاتیان زیاد بووە. بەڕێوەبەری كارەبای دهۆك دەڵێ، ئێستا نزیكەی 18 كاتژمێر كارەبا دەدرێت بە هاووڵاتیانی سنوورەكە و، هەڵمەتی بڕینی سەرپێچیكاران لە دهۆك بەردەوامە و ئەمساڵ تا ئێستا زیاتر لە 300 هاووڵاتی سزا دراون و كارەبایان بڕاوە.

لە رێوڕەسمێكدا 14/7/2020، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی كردەوە، لە قۆناغی یەكەمدا بە توانای 150 مێگاوات وێستگەكە كاری كرد. ئەم وێستگەیەش جیاوازە لە وێستگەكانی دیكەی كارەبا و بە یەكێك لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكان دادەنرێت، كە بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی كوردستان بە تەكنەلۆژیایەكی بەرز لەرێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاوەوە وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و لەرووی تێچوونەوە سوودێكی ئابوورییانەی گەورەی هەیە.
1/8/2020، ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا سەرپەرشتی ئیشپێكردنی یەكەی دووەمی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی كرد و بە سەركەوتوویی توانرا وێستگەكە بەتەواویی توانای خۆیەوە بەكاربخرێت، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 3400 بۆ 3500 مێگاوات.
بەردەوام توانایی بەرهەمهێنان و چاكسازی لە كارەبا بەردەوامە و ئەوەش وای كردووە ئەمساڵ كاتژمێرەكانی دابەشكردنی كارەبا لە ئاستێكی باشدا بێت. لە مانگی 5ی ئەمساڵەوە هەناردەی كارەبا لە وێستگەی خورمەڵەوە بۆ پارێزگاكانی كەركووك و مووسڵ ڕاگیراوە كە بڕەكەی نزیكەی 200 مێگاوات كارەبا بوو، ئێستا داخلی تۆڕی كارەبای نیشتمانیی كوردستان كراوەتەوە.
هوشیار مەحموود، هاووڵاتیەكی دهۆكە بۆ "هەولێر" گوتی:" ئەمساڵ رەوشی كارەبا زۆر باشە، ئەمە لە كاتێكدایە كە قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە حكوومەتی هەرێم لە هەر بارودۆخێكدا بێت دەیەوێت بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆی بكات.
ستار شەفیق، هاووڵاتیەكی دیكەیە بە "هەولێر"ـی گوت:" پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبا بە هاووڵاتیان لەم دۆخەی قەیرانی دارایی و بوونی گرفتەكان ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ‌ئاستێكی باشدایە، دوای ئەوەی وێستگەی خەبات كەوتە كار رەوشی كارەبا زۆر باش بووە و ئێستا لە دهۆك هەندێك رۆژ نزیكەی 20 كاتژمێر كارەبامان هەیە".
سەفەر تەیب، بەڕێوەبەری كارەبای دهۆك بە "هەولێر"ـی راگەیاند، رەوشی كارەبا لە ساڵی رابردوو زۆر باشترە، لە سنووری پارێزگای دهۆك نزیكەی 18 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان دەدرێت، ئەمساڵ تەولید زۆر باشە، ئەگەر تەولید هەبێت رەوشی كارەبا باشتر دەبێت و دەتوانین 24 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان بدەین، چونكە پارێزگای دهۆك هیچ كێشەیەكی لە تۆڕەكانی كارەبا نییە.
بەڕێوەبەری كارەبای دهۆك، روونیشیكردەوە:" هەڵمەتی بڕینی سەرپێچیكارانی كارەبای نیشتمانی لە دهۆك بەردەوامە و ئێستا سێ جۆر سەرپێچی كارەبا دەبڕین، ئەوانیش بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و دواتریش هەر سەرپێچییەك لە ماڵان هەبێت دەیانبڕین، ئەمساڵ تا ئێستا تیمەكانی ئێمە توانیویانە 300 هاووڵاتی سزا بدەن بەهۆی سەرپێچی كردنیان لەسەر تۆڕی كارەبا".

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

© 2017 Hawler