ئاب 09, 2020

هەموو بەرێوەبەرایەتییە خانەنشینیەكان دەبن بە یەك بەڕێوەبەرایەتی

یاسای چاكسازیی گەورەترین خزمەت بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكات

 

سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ناوەڕۆكی یاسای چاكسازیی لەگەڵ خواست و داواكارییەكانی پێشمەرگە یەكدەگرێتەوە، بۆیە یاساكە گەورەترین خزمەت بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكات.

هەموو خانەنشینانی هێزی پێشمەرگە بە یەكەكانی ٧٠و٨٠ دەچنەوە سەر وەزارەتی دارایی و تەنها لە وەزارەتی دارایی مووچە وەردەگرن، بۆیە ئێستا ناویان ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی ئامادە بێت بۆ وەزارەتی دارایی، كە ئەوكات خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە رێز لە قارەمانێیتی و قوربانیدانەكانی پێشمەرگە دەگرێت و هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی خزمەتێكی شایستە پێشكەش بە پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدە نەمرەكان بكرێت.
ئێوارەی رۆژی شەممە 7/12/2019، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتارێكی لەبارەی كارو چالاكییەكانی سەد رۆژەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و لە وتارەكەیدا، پلان و ئامانج و هەوڵەكانی كابینەكەی روونكردەوە و، تیایدا پێشمەرگە و ماف و ئایندەی پێشمەرگە بە تەوەرێكی سەرەكی هەوڵەكانی كابینەی نۆیەم دانراوە، بە تایبەتی پرۆسەی چاكسازی و خزمەتكردنی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان و هەوڵدان بۆ پێشخستنی توانا سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و زامنكردنی مافە دەستورییەكانیان لە سیستەمی بەرگری عێراقدا.
رێڤینگ هرۆری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بۆ "هەولێر" دیاركرد:"یاسای چاكسازی چەند خاڵێكی گرنگی تێدایە گرێدراون بە هێزی پێشمەرگە، یەكێك لەو خاڵانە یەكەی ژمێریارییە، كە تا ئێستا هێزی پێشمەرگە زۆر یەكەی ژمێریاری هەنە، ئەو یەكە ژمێریاریانە هەموو دەبن بە یەك یەكەی ژمێریاریی و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن.
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" هەروەها هەموو بەرێوەبەرایەتیە خانەنشینیەكان دەبن بە یەك بەڕێوەبەرایەتی و ئەویش سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت، هەروەها یاساكە ژمارەی پاسەوانی بەرپرسەكان رێكدەخاتەوە و هەموو سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبن".
رێڤینگ هرۆری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" هەروەها زۆر كەس هەن تا ئێستا یەك رۆژ پێشمەرگایەتیان نەكردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا پلەی زۆر باشیان وەرگرتووە، ئەو پلانە بۆ ئەوان نامێنەوە، ئەوەش هەموو لە بەرژەوەندی مووچە خۆران و پێشمەرگەدایە".
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان زیاتر دەڵێ:" بەرنامەی سەرۆكی حكوومەت خاڵی زۆر باشی تێدایە بۆ باشتر كردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە، بەڵام پێویستە ئەو لایەنانەی كە لە حكوومەتن هاوكاری سەرۆكی حكوومەت بن بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیە وەكو خۆ جێبەجێ بكرێت".

 

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

© 2017 Hawler