ئاب 09, 2020

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: رەفتاری گروپە چەکدارەکان و شانە نوستووەکانی داعش هۆکاری بەردەوامی ناسەقامگیرین لە ناوچە جێناکۆکەکان

رۆژی ١٧/٦/٢٠٢٠ سەنتەری عێراقی بۆ دۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی جەنگ، راپۆرتێکی لە بارەی تاوانەکانی گروپە سەربازییەکان و بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھەواڵگری پارێزگای نەینەوا" بڵاوکردەوە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر چەندین تاوان کە بەرامبەر بەھاوڵاتیانی سڤیل لە دەشتی نەینەوا ئەنجام دراوە و ئاماژەش بە ناوی بەشێک لە بەرپرس و بەڕێوەبەرایەتی دەکات کە ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن و چەندین گرتووخانەی نھێنییان دامەزراندووە کە سەدان گیراو لەخۆ دەگرێت.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە دوای هێرشەکانی داعش دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بە گشتی دووچاری نەهامەتییەکی زۆر و ئاوارەیی و سووتانی ماڵ و موڵک و خانوو بوونەوە و دەیان هەزاریان لە شارەکانی کوردستان ئاوارە و دەربەدەر بوون. دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی داعش کێشەکانی ئەم ناوچانە و مەینەتییەکانی خەڵکەکەی وەک خۆیان مانەوە، بەڵام بە شێوازێکی دیکە، بۆیە داوامان لە رێکخراوەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پێویستە هەرچی زووە بەهانای خەڵکی ئەم ناوچانەوە بێن.

زێباری ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ناسەقامگیری و پێشێلکاریانەی له ‌ماوه‌ی ڕابردودا له ‌سنوری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم هەبووە لەلایەن چەند گروپی سەربازی جۆراوجۆرەوە بوو کە به ‌به‌رده‌وامی هه‌وڵی شێواندن و زیان پێگه‌یاندنی هاوڵاتییانی ناوچەکەیان داوە بە شێوەیەکی گشتی، بۆ نموونە زیانی زۆریان بە جوتیارانی ناوچه‌كه‌ گەیاند. هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و ماوەی چەند ساڵێکە له‌ كاتی دروێنه‌كردنی ڕه‌نجی یه‌ك ساڵه‌ی جوتیارانی سنووره‌كه‌، هه‌ستاون به‌ سوتاندنی ده‌غڵ و دانی هاووڵاتییان و ئاگرتێبه‌ردان و بۆمبڕێژكردنی زه‌وی وزاری گونده‌كان، سەرەڕای کوشتن و گرتنیان .
راپۆرتی ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات ئەو هێزانەی لەو ناوچەیەدا بوونیان هەیە ھەرەشە لە کەس و کاری قوربانییەکان دەکەن ئەگەر نارەزایی دەرببڕن یا ئەو تاوانانە ئاشکرا بکەن کە لە بەرانبەر خۆیان یان کەس و کاریان ئەنجام دراوە، لەم بارەوە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەدایە هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بکرێت بۆ مەبەستی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان و ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانە، بەڵام رەفتاری نابەرپرسانەی بەشێک لەو هێزانە کە هیچیان لە رۆڵەکانی ئەو ناوچانە نین و لە شوێنی دیکەوە هێنراون، هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆر شانەی نوستووی داعش بۆتە هۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ئەمنی لەو ناوچانە و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست. ئەمەش وایکردووە کە دانیشتوانەکەی نەتوانن بە ئاسودەیی بگەڕێنەوە، هەروەها پێویستە ئەو ناوچانە لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێنەوە و خزمەتگوزارییە پێویستەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە وەرگرتنی باج و سەرانە لە ئۆتۆمبێل و دەستبەسەر داگرتنی موڵک و ماڵی ھاوڵاتیان کراوە لەلایەن چەند هێزێکی سەربازییەوە بە ناوی جیاجیا، لەم بارەوە زێباری تیشکی خستە سەر گرنگی گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان وتی: پێش هاتنی داعش بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە ماوەی ساڵانی 2003_2014 هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵی رەوشی ئەمنی ناوچەکەیان کردبوو و ئاسایشی ئەو ناوچەیە بە جۆرێک پارێزراوبوو کە هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی لەو ناوچانە رووی نەداوە. مێژووی ئەم ناوچەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە پێکهێنانی هێزی ئەمنی هاوبەش باشترین چارەسەرە بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنی ناوچەکە بۆ ئەوەی گشت پێکهاتەکان پێکەوەبژین و ناوچەکەیان بوژانەوە بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها هۆکارێکە بۆ نەهێشتنی پێشێلکاری بەرامبەر بە گشت پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەی سەقامگیری.

لە بارەی گرنگی چارەسەر کردنی کێشەی ئەو ناوچانە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: حکومەتی هەرێم بەردەوام داوای چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەی لە بەغدا کردوە و بەباشی زانیوە کە خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان لایەنێک بن لە چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە و مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیانیان هەبێت. لە دوای ساڵی 2003 کێشە ناوچە جێناکۆکەکان یەکێک بووە لەو گرفتانەی کە پێویستی بە چارەسەرکردن هەبوو، وەک کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆیە ئێمە بە باشی دەزانین بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە جێگیر و سەقامگیر بیت و زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنرێت پێش گەڕانەوەی ئاوارەکان و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەماهەنگییەکی کارا هەبێت لە نێوان حکومەتی هەرێم و پارێزگاکان لەگەڵ حکومەتی فیدرال لەرووی هاوبەشی لە زانیاری و ستراتیژیەتی نوێ بۆ پێشخستنی گیانی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە و دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: بەم دواییە کردەوە تیرۆریستییەکانی پاشماوەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان زیادی کردووە و رۆژانە لەو ناوچانە قوربانی هەیە، بۆیە پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە تەواجودیان هەبێت لەو ناوچانە بۆ ئەوەی هاریکار بن لە هێنانەدیی سەقامگیری و رێگاخۆشکەر بن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140.

© 2017 Hawler