نیسان 02, 2020

پسپۆڕێكی كەرتی نەوت: دابەزینی نرخی نەوت كاتییە و دەگاتەوە سەرووی پەنجا دۆلار

دوێنێ نەوت لە بازاڕەكانی جیھان بە ڕێژەیەكی بەرچاو رووی لە دابەزین كرد و نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە ٣٢ دۆلار، پسپۆڕێكی كەرتی نەوتیش پێی وایە، دابەزینەكە كاتییە و نرخی نەوت دەگاتەوە سەرووی پەنجا دۆلار.

دكتۆر سیروان عارەب، پسپۆڕی كەرتی نەوت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دابەزینی نەوت زیانی بۆ ئەو وڵاتانە هەیە كە بەرھەمھێنەری نەوتن، بە تایبەتی ھەندێ وڵاتی وەك عێراق زیاتر لە ٨٥%ی داھاتی لە كەرتی نەوتە، ئەوەش دەبێتە ھۆی پەیدابوونی قەیرانێكی ئابووریی لەناكاو، كە پێشتر خۆی بۆ ئامادە نەكردووە، ئەوەی ئێستاش دەبیندرێت دوو ناوچەی بەكاربەری نەوت لە جیھان بە ھۆی كۆرۆناوە كارگەكانیان داخستووە، كە ئەوانیش چین و رۆژئاوای ئەورووپان، لەبەر ئەوە سوودی بۆ وڵاتانی بەكاربەریش نابێت".
ئەو پسپۆڕەی كەرتی نەوت گوتیشی: "دابەزینی نرخی نەوت لە ئێستادا بۆ چەند ھۆكارێك دەگەڕێتەوە، ئەویش شەڕی ئابووریی نێوان سعوودیە و رووسیا و وڵاتانی ئەندام و دەرەوەی ئۆپێك، ھەروەھا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش كاریگەری لەسەر كەرتی نەوت ھەبووە.
دكتۆر سیروان روونیشی كردەوە: "بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گرفتێكی كاتییە و تێدەپەڕێت، وڵاتانی بەكاربەری نەوتیش جارێكی دیكە پێویستیان بە نەوت دەبێتەوە و پێشبینی دەكرێت لە چەند مانگی داھاتوودا نرخی نەوت بەرز ببێتەوە و لە سەرووی پەنجا دۆلار جێگیر دەبێت.

© 2017 Hawler