ئازار 30, 2020

لە کوردستان کامڵترین مرۆڤی نیانده‌رتاڵ دۆزرایەوە

سلێمان تاشان - هه‌‌ولێر

 

کە گوتراوە کوردستان لانکەی شارستانیەت و ژیانی مرۆڤ بووە بە هیچ شێوەیەک زێدەڕۆیی نەکراوە و، بگرە کەمەکەی باس کراوە و بە دۆزینەوەی نوێی شوێنەواری زانایانی زانکۆی کمبریج، ئەوە دەسەلمێنرێت ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی لەوانەیە هەر لە کوردستانەوە دەستی پێ کردبێت و، دواتر پەلی هاویشتبێتە شوێنەکانی تری جیهان.

لێکۆڵەرەوان و زانایانی شوێنەوارناسی لە هەرێمی کوردستان، زانیاریی نوێ و شوێنەواری تازە لەسەر کۆنترین مرۆڤەکانی سەر رووی زەوی دەدۆزنەوە. ئەوان بۆ یەکەم جار لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا توانیویانە ئێسکەپەیکەری مرۆڤێکی نیانده‌رتاڵ بدۆزنەوە کە هێشتا ئێسقانەکان لە شوێنی خۆیان نەترازاون.
ئێسکەپەیکەرەکە، لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە کە کەوتووەتە پارێزگای هەولێر و پێشتریش لە هەمان ئەشکەوت مرۆڤی نیانده‌رتاڵ دۆزراوەتەوە، بەڵام ئەم دۆزینەوە نوێیە زانیاریی زیاتر لە سەر ژیانی مرۆڤ ئاشکرا دەکات.
کەلـلەی سەری ئێسکەپەیکەرەکە بە تەواوی تێکچووە، بەلام پەراسووەکان و هەر دوو دەستی وەک خۆی ماونەتەوە بێ ئەوەی ئێسقانی پەنجەیەک لەوەی تر جیا بکرێتەوە یان تێکەڵ بە یەکتر بکرێن. شوێنەوارناسان پێشبینی دەکەن ئێسکە پەیکەرەکە هیی مرۆڤێکی نیانده‌رتاڵی میانسال بێت.
لە دەیەکانی پەنجا و شەستی سەدەی رابردووی زاینی، شوێنەواری 10 پیاو و ژن و مندالی نیانده‌رتاڵ لە هەمان ئەشکەوت دۆزرابووەوە.
لە میانەی پشکنین و گەڕانی نوێی شوێنەوارناسان لەم ئەشکەوتە مێژووییە، زانایان سەرنجی ئەوەیان داوە کۆمەڵیک مرۆڤ لە تەنیشت یەکتر نێژراون. ئەوەی جێگەی سەرنجی ئەو شوێنەوارناسانە بووە، لە تەنیشت یەکێک لەو ئێسکەپەیکەرانە، شوێنەواری تۆوی گوڵ دۆزراوەتەوە و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆیان دەرکەوتووە لە سەردەمی مرۆڤی نیانده‌رتاڵ، مردووەکان بە گوڵ داپۆشراون و گوڵ لە بە خاک سپاردنی مردووەکان به‌کارهێنراوه‌.
ناشتنی مردوو بە دەستە گوڵ و یان داپۆشینی بەگوڵ مشتومرێکی زۆری لە نێو زانایانی شوێنەوارناسی لێکەوتووەتەوە و، هەر کامێکیان لەسەر ئەوەی بە چ رێورەسمێک مردووەکان نێژراون قسەی خۆیان هەبووە و بەو ئەنجامە گەیشتوون شارستانیەت و کولتووری ئەوکات زۆر لەوە بەرزتر بووە پێشتر بیریان لێی کردووەتەوە و، گریمانەیان بۆی هەبووە.
دوایین جار، کە مرۆڤێکی نیانده‌رتاڵ دۆزرابێتەوە، سەررووی10 ساڵ لەمەوبەر بووە، کە لە ئەشکەوتێکی باشووری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا دۆزرایەوە.
دکتور عەما پومیرۆی، لە زانکۆی کمبریج، پێی وایە ئەو ئێسکە پەیکەرەی لە ئەشکەوتی شانەدەری کوردستان دۆزراوەتەوە زۆر لەو ئێسکەپەیکەرەی ئیسپانیا به‌ بەهاترە چونکە کامڵتر بووە.
پێویستە بگوترێت، پشکنین و لێکۆڵینەوەی نوێی شوێنەوارناسی بە دەستپێشخەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2011ەوە دەستی پێ کرد، کە داوا لە زانایانی زانکۆی کمبریج کرا دەست بە لێکۆڵینەوەی شوێنەواری لە ئەشکەوتی شانەدەر بکرێتەوە.
بەگوێرەی BBC، ئەم لێکۆڵینەوەیە دوای سەرهەڵدانی داعش بۆ ماوەیەک وەستا، بەڵام دواتر دەستی پێ کردەوە و ئەنجامەکەشی دۆزینەوەی کامڵترین مرۆڤی نیانده‌رتاڵ بووە، کە تا ئێستە لە سەر زەوی دۆزرابێتەوە و، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە رابردووی خۆی زیاتر بزانێت و زانیارییەکانی خۆی راستتر بکاتەوە و دووبارە شارستانیەتی مرۆڤ هەموار بکرێتەوە.
بەپێی هەندێک سەرچاوەی مێژوویی، مرۆڤی نیاندرتاڵ ئەژداد و بابەگەورەی زۆربەی مرۆڤەکانی سەر زەوین و، بۆ 130 هەزار تا 200 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە.

© 2017 Hawler