تەمموز 09, 2020

شاندی باڵای هاوبەشی كوردستانی لە بەغدا؛ داوا دەکات تایبەتمەندیی کیانی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت

پاڤین ڕەمەزان - هەولێر

 

 

محەمەد تۆفیق عەلاوی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق، لە دۆخێکی ناجێگیر و ئاڵۆزی نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، هەنگاوەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەکەی خێراتر کردووە. عەلاوی، ڕاسپێردراوی هەردوو کوتلەی (سائیرون و، بینا و فەتحە) کە موقتەدا سەدر و هادی عامری سەرۆکایەتییان دەکەن. ئەوەی زانراوە؛ کورد و سوننە و چەند باڵێکی شیعەکان، لە چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی عەلاوی نیگەرانن و، بەشێکی خۆپێشاندەرانیش، دروشمی دوژمنکارانەی بەڕوودا بەرز دەکەنەوە.

کورد لە حکوومەتەکانی عێراقدا
کورد، وەک بەشداری حکوومەتی عێراق، ئەزموونێکی درێژی نییە. دەکرێت یەکەم ئەزموونی بەشداریکردنی کورد، لە حکوومەتی عێراقدا، بە ساڵی ٢٠٠٣ دیاری بکەین. کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس پرۆسەی بنیاتنانەوەی عێراق ده‌ستیپێکرد. لەو کاتەدا، کورد و سوننە و شیعە، لەژێر سەرپەرشتیی هاوپەیمانان و دەسەڵاتی حاکمی مەدەنیی ئەمریکا، پێکەوە بەشدار بوون لە حکوومەتی عێراقدا. تا نووسینەوەی دەستوور و گەڕانەوەی حوکم بۆ عێراقییەکان، گرفت و ناکۆکییەکی ئەوتۆ دروست نەبوو. بەڵام، دوای نەمانی حاكمی مەدەنیی ئەمریکا لە عێراق، گرفتی تائیفی و ناکۆکییەکان وردە وردە بەدیار کەوتن و سەرۆک بارزانیش چەندین جار هۆشداریی لە قووڵبوونەوەی گرفتەکانی حوکمڕانیی عێراق دا.

پێشێلکارییە دەستوورییەکان بەرامبەر بە کورد
لە دەستووری عێراقدا، زیاتر لە ٥٠ بڕگە و ماددەی تایبەت بە مافەکانی کورد و هەرێمی کوردستان، هەیە. بەڵام، لەو بڕگە و ماددانە، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، زۆرینەیان پشتگوێ خراون، گرنگترینیان ؛ ماددەی ١٢١ کە دانی بە هێزەکانی پێشمەرگە و مافەکانیان دا ناوە. بەڵام، حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمیی زۆری لە جێبەجێکردنی هەبووە. ماددەی ١٢٦ کە ڕێگا نادات دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێم کەمبکرێتەوە. ئەم ماددەیە، لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ بە تەواوی پێشێڵکرا و، دواتر سیاسەتی سەرکردایەتیی کوردستان ڕۆڵی لە ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە گێرا. ماددەی ١٣٢، کە تیایدا بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی سەردەمی ڕژێمی بەعس دراوە. ئەم ماددەیەش بەڵێن دوای بەڵێن بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. ماددەی ١٤٠ کە تیایدا چارەنووسی ناوچە دابڕێنراوه‌کان دەبێت دیاری بکرێت و تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە. جگە لە دەیان ماددە و بڕگەی دیکە، کە ڕوون و ئاشکران.

دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندیی کوردستان بکرێت
دوای ئەوەی، عەلاوی لە چەند لێدوانێکدا، چەند مەرجێکی بۆ شێوازی هەڵبژاردنی کابینە وەزارییەکەی خۆی دانا، لایەنە کوردستانییەکان، قسه‌یان هەبوو. بۆ هەمان مەبەستیش، شاندی باڵای کوردستان، سەردانی بەغدای کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سوننی و شیعییەکان کۆببنەوە. فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە چوونه‌ بەغدای شاندی باڵای کوردستان، لە لێدوانێکدا دەڵێت:" لە بەغدا لەگەڵ لایەنە سوننە و شیعەكان كۆدەبنەوە".
میرانی، باسی لەوەشکردووە، ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان درز نەکەوێتە نێوان لایەنە کوردستانییەکان. ئەوەشی گوتووە: " كەس ناتوانێ لە بەغدا وەزیر بۆ لایەنە كوردستانییەكان دیار بكات، بەڵكو دەبێ خۆمان ناوەكانیان پێبدەین و بڵێین ئەمانە وەزیری كوردن".
مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانیش، لە لێدوانێکدا، سەبارەت بە چوونی شاندی کوردستان بۆ بەغدا، ڕایگەیاندووە: ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، لە کۆبوونەوەکەش باسی ئەو تایبەتمەندییانە دەکرێت، چونکە ناکرێت کەسێک لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کاندید بکرێت بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی کورد لەو حکوومەتە بکات".

بۆ هەر ئەگەرێک، کورد هەڵوێستی دەبێت
فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، لە لێدوانێکیدا بۆ "هەولێر" ڕایدەگەینێت: ئەگەر مەرجەکانی کورد و تایبەتمەندیی کوردستان لەبەرچاو نەگیرێن، جگە لەوەی لە پەرلەمان فراکسیۆنە کوردستانییەکان پشتیوانی لە کابینەکەی عەلاوی ناکەن. بەڵکو، هەڵوێستی خۆشیان دەبێت.
فارس عیسا، سەبارەت بە دانووستانەکانی شاندی باڵای کوردستان لەگەڵ لایەنە سوننی و شیعییەکان، ڕاگەیاند؛ لە ڕابردوودا، دانوستانەکانی حکوومەتی هەرێم و عێراق، ئەنجامی باشی هەبووە و، ئەمجارەش چاوەڕێی ئەنجامی باش لە کۆبوونەوەکان دەکەن.
فارس عیسا، بۆ "هەولێر" ئەوەشی ڕوونکردەوە، ئێستا گرفتەکە لە میکانیزمی دانانی وەزیرەکانە، کوردستان دەیەوێت خۆی وەزیرەکانی خۆی دیاری بکات. باسی لەوەشکرد، دۆخی عێراق پێویستی بە لێکتێگەیشتن و دانوستانی سەرجەم لایەنەکان هەیە و، بە بێ ڕەزامەندیی کورد و لەبەرچاوگرتنی مافە دەستوورییەکانیشی، هەرگیز حکوومەتێکی سەرکەوتوو لە عێراق دانامەزرێت.
"هەولێر" ئەوەی زانیووە، لەدوای سەردانیکردنی شاندی باڵای کوردستانی و بە ئەنجام گەیشتنی دانوستانەکان، لایەنە کوردستانییەکان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق ڕادەگەیەنن.

© 2017 Hawler