نیسان 07, 2020

سكرتێری‌ پەرلەمانی كوردستان بۆ " هەولێر " سەرەتای مانگی سێ دەست بە دانیشتنەكان دەكەینەوە

ڕائیب جادر - هە‌ولێر

 

سكرتێری‌ پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن لەم خولەی پەرلەمان دەستووری هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت و كوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی. دەشڵێ: 1ی3 پشووی پەرلەمان تەواو دەبێت و دەست بە دانیشتنەكان دەكەینەوە، ئەو پڕۆژانەی لە لایەن لیژنەكانەوە تەواو دەكرێن و دەدرێنە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دەخرێنە بەرنامەی كارەوە.

سەرەتای مانگی سێ دەست بە دانیشتنەكان دەكەینەوە
مونا قەهوەچی، سكرتێری‌ پەرلەمانی كوردستان بە "هەولێر"ـی گوت:" 1ی3 پشووی پەرلەمان تەواو دەبێت و دەست بە دانیشتنەكان دەكەینەوە، ئەو پڕۆژانەی لە لایەن لیژنەكانەوە تەواو دەكرێن و دەدرێنە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دەخرێنە بەرنامەی كارەوە.
سكرتێری‌ پەرلەمانی كوردستان، گوتیشی:" لیژنەكانی پەرلەمان بەردەوام كار دەكەن، سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژە و راپۆرتەكانیانن، كەی پرۆژەكان تەواو بوون دەدرێنە لیژنەی هاوبەش، لیژنەی هاوبەشیش ئامادەكاریی دەكات بۆ پرۆژەكان، دوای ئەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان رەوانە دەكرێن و دەخرێنە بەرنامەی كارەوە.
لەم خولەدا دەستوور یەكلا دەكرێتەوە
مونا قەهوەچی، سكرتێری‌ پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: بۆ دروستكردنی زەمینەسازی بۆ پەسەندكردنی دەستووری هەرێمی كوردستان، لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان سەردانی هەموو لایەنەكانمان كرد و داوامان لێكردن كە هاوكار بن بۆ ئەوەی دەستوور لەم خولەی پەرلەمان پەسەند بكرێت. هەموو لایەنەكان لەگەڵ نووسینەوەی دەستوورن، بەڵام ئێستا بارودۆخی عێراق ناجێگیرە، بۆیە، بە پێویستی دەزانین پاش پێكهێنانی حكوومەت لایەنەكان یەكدەنگ و یەكڕیز بن بۆ نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی كوردستان، بە ڕێزگرتن لەسەرجەم بیروبۆچوونی بیروڕای سەرجەم پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان. بۆیە، هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن لەم خولەی پەرلەمان دەستووری هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت.
بە بۆچوونی سكرتێری‌ پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر كوردستان بووە خاوەن دەستووری خۆی، مافەكانی خەڵكی كوردستان زیاتر پارێزراو دەبن، بەتایبەتی مافی پێكهاتەكان ئەو كات بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ پێكهاتەكان دەكرێت و، زۆر لە كێشەكان چارەسەر دەبن".

 

© 2017 Hawler