نیسان 07, 2020

فازڵ میرانی لە دیمانەیە کی تایبەتی هەولێر : عەلاوی خۆی کاندیدی شیعە و سەدر و فەتحە، داوای (کوردی بێلایەن)یش لە ئێمە دەکات

دیمانە: هاودەنگ فارووق

 

هەمیشە ڕوون و ڕاشکاوە، وشەکان و ئیدیۆم و دەستەواژە سیاسییەکان بە دیقەتەوە بەکار دێنێ، زووزووش بە ئایەتێکی پیرۆز، پشتوپەنا بۆ ڕوانگە و هەڵوێستەکانی دەکاتە نموونە: ڕێزدار فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیی تایبەتدا بۆ هەولێر، هەڵوێستی پارتی و لایەنە کوردستانییەکانی لە بارەی پڕۆژەکەی محەمەد تۆفیق عەلاوی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق ڕوون کردەوە و کە داوای (وەزیری بێلایەن)ی لە کوردو پێکهاتە و حزبەکان کردووە، میرانی گوتی: خۆشبەختانە لە بەرامبەر ئەو پرسەدا، کوردستانیان یەکدەنگن، بۆ ئەم پڕۆژە تازەیەش، دەبێ بە شتی تازە و ڕوون ڕووبەڕووی ببینەوە :

* کاک فازڵ سوپاس بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەم دیمانەیە.
- سوپاس کاک هاودەنگ، پێشەکی پیرۆزباییت لێ دەکەم، بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرنووسەریی ڕۆژنامەی هەولێر؛ هەرچەندە درەنگیشە، بەڵام من ماوەیەک لە کوردستان نەبووم.
-زۆر سوپاس کاک فازڵ.

* دوایین پەیڤ و هەڵوێستی کورد، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەی هەوڵەکانی محەمەد عەلاوی، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی عێراق چییە، کە ئەو پێی وایە: خۆی ئیختیاری وەزیرەکان بکات لە کەسانی بێ لایەن هەڵیانبژێرێت، نەک حزبەکان بۆی دیاری بکەن؟
-ئەم باسەی دەکرێ، بە راستی شتێکی تازەیە لە عێراقدا.!! ئێمە ئەگەر زۆر دوور نەچین، ئاوڕێك لە ڕابردووی نزیكمان بدەینەوە؛ ساڵی ١٩٥٨، کە شۆڕشی تەمووز بوو، ئەنجوومەنی سیادەی عێراقیان دانا، یەکێکیان شیعە بوو، بە ناوی مەهدی کوببە، یەکێکی سوننە بە ناوی محەمەد نەجیب ئەلڕوبێعی بوو، یەکێکیش کورد بوو بە ناوی خالید نەقشبەندی.
کەواتە ئەو بیرۆکەی بەڕێز عەلاوی شتێکی تازە نییە، پێکهاتەی عێراق ئەمەیە.

* بەڵام ئەو دەڵێ: دوور لە ئەجێندای حزبەکان وەزیر دادەنێم؟
- لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێ، ئایە عێراق وەکو لیبیای جارانی سەردەمی خوالێخۆشبوو قەزافی وڵاتێکی بێ ئەحزابە؟ ئاخر عێراق هەر لە زەمانی مەلیکەوە، ئەحزابی تێدا بووە، هەروەک پێکهاتەی جیاوازیشی تێدایە، ئەمە واقیعی عێراقە.

* کەواتە ئەمەی عەلاوی دەیڵێت، بۆی جێبەجێ ناکرێت؟
- ئاخر پارلەمانەکەی، کە متمانە بە کابینەکەی (بێلایەنەکان)ی عەلاوی دەدات، پارلەمانی ئەحزابە، مەگەر چەند نەفەرێکی کەمی بێلایەن تێدابن، ئەگەر نا ئەوانەی دی هەموویان نوێنەری حزبەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و تائیفەکانن! چ کورد و کوردستانی بێت، یا شیعەو سوننە، تورکمان و ئاسووری و کلدان یان ئەرمەن بن؛ ئەمانە هەموویان نوێنەری پێکهاتەکان و حزبەکانی عێراقن.

کۆسپی بەردەم کابینەی عەلاوی
* بەڵام عەلاوی دەڵێ: خۆم لە نێو ئەم حزب و پێکهاتانە کەسەکان هەڵدەبژێرم؟
- ئەگەر ڕاوێژ بەم حزبانە نەکرێ و حزبەکان متمانە بەم حكوومەتە نەدەن، چۆن لە ناو پارلەمان دەرباز دەبێت؟ چۆن متمانە وەردەگرێت؟ ئەمە بەربەستە لە بەردەم کابینەکە.

* ناتوانێ بە سەر ئەم کۆسپەدا زاڵ بێت؟
- ئەمە یەکێکە لە بەربەستەکانی بەردەمی.

* ئەی لە ڕووی یاسیاییەوە چیی پێ دەكرێت؟
- مەگەر لە دەستوور لابدات و حكوومەتەکە بە بێ متمانەی پارلەمان دروست بکات و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، ڕەنگە ئەمە لە هەندێک وڵات کرابێت، یان بکرێ.

* ئەمە بۆ عێراق گونجاو نییە؟
- نەخێر عێراق لەو مەرج و خەسڵەتانەی تێدا نییە هەنگاوی ئاوا بنرێت؛ سەرۆک وەزیرانێکی ڕاسپێردراو، پەنا بۆ دامەزراندنی حكوومەتێکی بێ متمانەی پارلەمان ببات.

* بۆچی کورد هێندە هەستیارە بەم هەڵبژاردانەی کاندیدی ڕاسپێردراو؟
- لە بەر ئەوەی ئێمەی کورد، ئێمەی کوردستانی، خەباتێکی زۆرمان لە پێناوی مافی میللەتەکەی خۆمان کردووە، قوربانییەکی یەکجار زۆرمان داوە. ئێمە نەتەوەی دووەمین لە عێراقدا؛ پاشان ئێمە قەوارەیەکی فەرمیی دەستووریمان هەیە، دەستوورێک تەواوی گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و تایبەتمەندیی هەرێمی کوردستانی وەکو هەرێمیکی فیدراڵی تێدا تەبەنی کراوە.

* هەرێمی کوردستان چیی لەم کابینەیە دەوێ؟
- بەلایەنی کەم دەبێ هەرێمی کوردستان بە ئەحزابەکانییەوە، تایبەتمەندیی هەبێ، ئیستیسنا بکرێت.

چارەسەری مامناوەندی
* دەرفەتی دانوستان هەیە لەوبارەیەوە؟
- بە تەئکید دەرفەت هەیە، بۆ دانوستان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە.
* ئەو سازان و سازشە بە چ شێوەیەک دەکرێت؟ ئالتەرناتیفتان چییە؟
- بۆ نموونە با بڵێن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، با نوێنەرانی هەرێمی کوردستان دیاریی بکات، ئەمە چارەسەرێکی مامناوەندییە لە نێوان ئێمە و کاندیدی ڕاسپڕدراودا.
* بەڵام تێبینی دەکرێت، پارتی و یەکێتی حەز بکەن خۆتان کاندید دیاریی بکەن؟
- پارتی و یەکێتی دنیایەک خوێنمان داوە، بە دەنگی جەماوەری خۆمان نوێنەرەکانمان چوونەتە پارلەمانی عێراق؛ باشە دەکرێ کابرایەک کە دۆستی ئێمەیە، دۆستی هەموومانە، خۆی بکاتە وەکیلی ئێمە؟ وەکیلی ئەو حزبانەی هەزاران شەهیدیان داوە؟ بچێ لە سەر شەقام کەسێک بێنێ و بڵێ ئەوە کوردێکی بێلایەنە و بیسەپێنێ و بڵێ کوردینە ئەوە نوێنەری ئێوەیە؟!!
* ئەگەر وای کرد، ئێوە ڕازی نابن؟
- نەخێر ئێمە ئەوە قەبووڵ ناکەین، سەددام حوسێنیش تەها محێدین مەعرووفی کردە جێگری سەرکۆماری عێراق، دەیگوت: ئەوە نوێنەری کوردە، ڕای یەک کوردیشی وەرنەگرتبوو، بۆیە کوردیش قەبووڵیان نەبوو.

* ئەگەر عەلاوی سوور بوو لە سەر جێبەجێکردنی بیرۆکەی کابینەی (بێلایەنەکان) و کورسیی وەزارەتەکانی بە بەتاڵی بۆ کورد هێشتەوە، هەڵوێستی ئێوە چ دەبێ؟
- من وەک ڕای تایبەتی خۆم دژی ئەو بۆچوونەم، من لەگەڵ ئەوەدام، ئەوە ڕەت بکرێتەوە، چونکە ئەگەر شوێنی وەزیرەکانی ئێمە بە بەتاڵی مانەوە، ئەزموونی سوننەکانمان هەیە، سوننە بایکۆتیان کرد، وەزارەتەکانیان بەجێهێشت، خەڵکیان بە وەکالەت بۆ دانان، ئیدارەی وەزارەتەکانیان لە باتی بەڕێوە دەبردن، هەروەک وەختی خۆی برادەرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكوومەت کشانەوە، ئێمە بە وەکالەت، خەڵکمان لە شوێنیان دانا، برادەرانی یەکگرتوویش بە هەمان شێوە.
* ئەمە باشتر نییە، لەوەی هەر وەزارەت نەبێ؟
- نەخێر باش نییە، ئەوە فێڵێکی شەرعییە دەیانەوێت لە بەرامبەر کورد بیکەن، بە ڕای من نابێ کورد ئەمە قەبووڵ بکات.

*مەترسییەکە لە کوێدایە؟
دەبێ بەندینخانە لە وڵاتی دیکە بکاتەوە
- بەیانی ئەو دەتوانێ ئەو پۆستە وەزاریانە بە بەتاڵی بهێڵێتەوەو، کەسانێک دابنێ، بە وەکالەت بەڕێوەیان ببات، جارێ ئەم بەڕێزە هەژدە بەڵێنی داوە، من نازانم؟ حزبەکان پشتیوانی نەبن، ئەو هەژدە بەڵێنانە بە چی و بە کێ جێبەجێ دەکات؟! کێشەکان زۆر زۆرن؛ دەستوورە، کێشەکانی هەرێمی کوردستانە، هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، گەڕاندنەوەی پارەی عێراقە لە دەرەوە، ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵییە، دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دزییان کردووە؟ (بە خەندەوە) کەواتە ئەگەر ئەمانەی بۆ بکرێ و هەموو ئەو وەزیر و بەرپرسانە بگرێ کە گەندەڵییان کردووە، بەندیخانە لە عێراق نامێنێ، هەمووی پڕ دەكرێ لە دز! دەبێ لە وڵاتێکی دیکەش بەندیخانە بکەنەوە، چونکە جێی ئەم هەموو دزە دەستگیرکراوە نابێتەوە، کە وا بڕیارە حكوومەتەکەی بەڕێز عەلاوی بیانگرێ!!

* زۆرن ئەو کەسانە؟
- بەڵێ، ئەوانەی بردوویانە لەوانە زۆرترن کە نەیانبردووە.

* واتە ناتوانێ بەڵێنە گەورەکانی جێبەجێ بکات؟
- من نازانم ئەم هەموو بەڵێنانە بە چ هێزێک جێبەجێی دەکات؟ بە چ هێزێک دەخوڕێ؟

* هێزی ماڵی شیعەی لە پشت نییە؟
- خۆی کێشەیەک لە ماڵی شیعیدا هەیە، ڕەنگە بەم ڕەنگە یان بە ڕەنگی تر بێت، جا فشار بێت، عادل عەبدولمەهدیش هەر وابوو، وتیان با دەربازی بکەین، بینیمان کۆتاییەکەی چیی لێهات.

* ئەی کورد چ هەنگاوێک، ج نەخشەڕێگایەکی بە دەستەوەیە؟
- ئەوەی جێگای خۆشحاڵیمانە، کوردستانییەکان یەکدەنگن. ئەو زنجیرە کۆبوونەوانەی جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان کردوویەتی، هاودەنگییەکی باشی لە نێو ڕیزەکانی کوردستان دروست کردووە، هەموو لایەنەکان قسەی چاکیان کردووە، ئەوانەی لە حکوومەتیش نین، برایانی یەکگرتوو، برایانی کۆمەڵ، لێدوانی باشیان داوە.

* ئەی ئێوە وەک پارتی لەگەڵ لایەنەکان ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدان؟
- بەڵی لەگەڵ یەکێتی قسەم کردووە، لەگەڵ گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ و برایانی تورکمان و کلدان و ئاشووری قسەم کردووە؛ هەموویان هەمان هەڵوێستی ئێمەیان هەیە.
* هەنگاوی عەمەلیتان چییە؟
- ئەمڕۆ( ١٨-٢) شاندێکی هاوبەش لە هەر حزبێک یەکێک یان زیاتر، دەچنە بەغدا، لەوێش سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، پەیوەندییان پێوە دەکەن، هەر ئەمڕۆ (١٨-٢)کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی هەیە ( کورد، شیعە، سوننە) ئەم بابەتە گفتوگۆ دەکەن، خیارات هەیە.

* چین ئەو خیاراتانە؟
- یەکێک لە خیاراتەکان ئەوەیە: دەنگ بە پڕۆژەیەکی لەو جۆرە نەدەن، ئەگەر دەنگی پێ نەدەین، بێگومان پڕۆژەکە سەرناکەوێت، چونکە هەموو حزبەکان پێیان ناخۆشە، ئەی حزب بۆچی هەڵبژاردن دەکات؟ بۆچی خۆی ڕێک دەخات، بۆ ئەوەی بچێتە پارلەمان و وزیری هەبێت؛ بۆ ئەوەی خزمەت بکات و خەڵک دەنگی پێ بداتەوە. ئەگەر خەڵک لە دەرەوەی حزب وەزیری بۆ دابنێن، ئەم حزبە ئەسڵەن بۆچی هەبێ؟

* ڕوانگەی شیعەکان چییە، کۆدەنگیەکیان لەسەر بیرۆکەی عەلاوی هەیە؟
- پێم وایە بەشێک لە شیعەکانیش هەتا ئەگەر بۆ بەرژەوەندی شیعە، ئەگەر چاویشیان بنووقێنن، بەڵام لە دەروونی خۆیانەوە ئەم شێوەیان پێخۆش نییە.

* ئەی ئەگەر بەبێ کورد و سوننە پڕۆژەکەی عەلاوی چووە واری جێبەجێکردنەوە؟
- بێگومان دەبێتە حكوومەتێکی یەکڕەنگ، وەکو حكوومەتی لوبنانی لێ دێت، بینیمان، ئەوێ ڕۆژێ شیعەکان هەر خۆیان لە پارلەمان بڕیاریان دا، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە، چونکە کورد و سوننە بەشدار نەبوون، بڕیارەکە مولزەم نەبوو و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو؛ ئەوە باشترین نموونەیە، هەموو کەس ئەوە دەزانێ، برایانی شیعە خۆیشیان باش دەزانن، حوکمی یەک تائیفی، یەک حزبی تاکڕۆیی لە عێراق فەشەلی هێناوە و بەسەر چووە، لەمەودواش شتی وانابێ، عێراق لەو قۆناغە دەرباز بووە.

* چۆن؟ عێراق بۆتە دیموکراتی، ئەم نموونەی حوکمڕانییەی تێپەڕاندبێت؟
- لە حاڵەتی دیموکراتیدایە، بەڵام دیموکراتی بەکار ناهێنرێت، ئەمە واقیعی عێراقە.

* حاڵەتی دیموکراتی یانی چی؟
- واتا سیستەمی حوکمی یەک مەزهەبی، تاکحزبی، چیتر نایخوات، قەبووڵ ناکرێ، ئەمە پێی دەڵێن: حاڵەتێکی دیموکراتی، ئەمە هۆشیاربوونەوەیەکی دیموکراتییە، مەرج نییە ئێمە مومارەسەی دیموکراتی دەکەین لە حوکمرانیدا.

* ئاخر ئەی بە ناوی زۆرینەی شیعە ناتوانن ئەوە بکەن؟
- بەڵام ئەگەر شیعە زۆرینەن، مانای ئەوە نییە نوێنەرایەتیی هەموو گەلان و پێکهاتەکانی عێراق دەکەن، ئەوان تەنیا نوێنەرایەتیی شیعە دەکەن، ئەگەر بە تەنیا حكوومەت پێک بێنن، دەبێتە حكوومەتی شیعەی عێراق بەس، نابێتە حكوومەتی عێراقیەکان، برادەرانی شیعەش ئەم ڕاستییە باش دەزانن.

* کارتی فشاری کورد بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە سەر نەگرێت، چییە؟
- یەکەم: یەکڕیزیی کوردستانییە، واتا کەس جورئەت نەکات لە پشتەوە بسووڕێتەوە و درزێک بخاتە ناو ئەو یەکڕیزییەوە، بچێ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەو کەسانەی بەغدا بکات و بڵێ: هەرچی دادەنێیت بۆ من ڕازی دەبم، ئاخر سەیر لەوەدایە ئەم کاندیدە ڕاسپێردراوە دەڵێ: ئەوانەی دەیانکەم بە وەزیر، نابێ حزبییش بن؟!! (بە خەندەوە) ئاخر ئەوە تەنیا لە سیستەمی لیبیای جاران وابووە! (من تعذبە کفرە) ئاخر ئەمە لە عێراق نایخوات! لە زەمانی مەلیکەوە حزبەکان شۆڕش و ڕاپەڕینیان کردووە، حزبەکان حكومڕانيیان کردووە، حزبەکان کودەتایان کردووە.

* سیناریۆی بەشدارینەکردنتان تاوتوێ کردووە؟
- بە تەئکید ئەو خیارەش هەیە، بەڵام لە راستیدا نامانەوێت، بە تەنیا بڕیار بدەین و بەتەنیا بین، دەمانەوێت لێکتێگەیشتنێکی عێراقی بۆ ئەم پرسە هەبێت، نەک ئێمە و سوننە لە دژی شیعە بین؛ ئەوەش لای کورد ڕەتکراوەیە. ئێمە هاوپەیمانێتی لەگەڵ تائیفەیەک لە دژی تائیفەیەکی دیکە ناکەین. دەمانەوێت، هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دیالۆگی هاوبەش و تێگەیشتنی هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوش کار دەکەین؛ دەمانەوێت بە هەموومان ئەم برادەرە تێبگەیەنین، پێی بڵێین: حوكمڕانی بەم شیوەیە نابێ، باشە تۆ بەیانی بەبێی ئێمە حكوومەت دروست دەکەی، دواتر دێی داوای پشتیوانیشمان لێ دەکەیت، ئاخر ئەگەر ئێمە شەریکی تۆ نەبین، چۆن و بۆچی پشتیوانیت لێ بکەین؟

* ئەگەر پشتیوانی نەکەن؟
- بێگومان ئەم ئەگەر پشتیوانیی لێ نەکەین، ئەم حكوومەتەش دووچاری کێشەی زۆر دەبێتەوە، بۆ نموونە، سبەی دەچینەوە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەوسا چی ڕوو دەدات، بێگومان هەر ئەو ئەحزابانەی ئەو برادەرە ئیستا دەیەوێت تەریکیان بکات، دەیبەنەوە، خۆ ئەو حزبێکی نییە، ئێستا دەڵێ: من کاندیدی حزبەکانم ناوێ، پرسیارێک لە جەنابی محەمەد تۆفیق عەلاوی دەکەین؟ ئەی خۆی کاندیدی کێیە؟!

* من لە ئێوە دەپرسم کێیە؟
- شیعەکان خۆیان بە رێككەوتن ئەویان پێشنیاز کردووە و کاندید کراوە، باشە کە شیعە ئەویان کاندید کردووە، بۆ كورد ئەو مافەی نییە کاندیدی خۆی بۆ وەزارەتەکان ئیختیار بکات؟! ئەو سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت بە سەرچاو، بەڵام ئەو نابێت ڕێگە بە خۆی بدات وەزیر بۆ ئێمە دابنێ؛ ئێمە وەزیر بۆ ئەو دادەنێین، بۆ ئەوەی هاوکاری بێت و یارمەتی بدات لە سەرخستنی کابینەکەی، ئێمە بەم ڕاشکاوییە دەبێ قسە لەگەڵ ئەم برادەرە بکەینەوە. ئەم شتەی ئەو باسی دەکات هەموومان تووشی شۆک بووین، بە نیسبەت ئێمە ئەوە موفاجەئە بوو، بۆ زۆربەی عێراقییەکانیش جێگای سەرسووڕمانە، نابێ حزبی بێ، نابێ حزبەکان ڕۆڵیان هەبێ لە بەربژێری وەزیرەکان؟! نابێ حزبەکان پشتیوانیی کاندیدەکان بکەن؟ ئێ خۆیشی کاندیدی حزبێکە، بە ناوی تەیاری سەدر و فەتحە، ئەی ئەوانەش حزب نین!؟ ئەمانەش سیاسی نین؟!

* ئەی دواجار چی دەکەن؟
- دواجار ئەمە شتێکی تازەیە و ئێمەش دەبێ بە شێوەیەکی تازە و تاوتوێكراو ڕووبەڕووی ببینەوە، پێمان خۆشە ئەو کارەش بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بکرێت، بەبێ تێگەیشتنی هاوبەش کاری هاوبەش ناکرێت.

© 2017 Hawler