ئەم پەڕەیە چاپ بکە

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان : لەپلانی وەبەرهێناندا گرنگیی تایبەت بە ئیدارەی راپەڕین و ناوچەكانی دیكەش دەدرێت

ده‌شتی ئیسماعیل_سایتی هه‌ولێر

 

 

د.محەمەد شوكری و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی دەستەی وەبەرهێنان سەردانی ئیدارەی راپەڕینیان كرد و، لەگەڵ لایەنی ئیداریی ناوچەكە و وەبەرهێنەران كۆبوونەوە.

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و شاندی یاوەری، ‌لە دەستپێكی سەردانەكەیدا لەلایەن هیوا قەرەنی و بەرپرسانی ئیدارەی ناوچەكە پێشوازیكران. دواتر لە كۆبوونەوەیەكدا، سەرۆكی ئیدارەی راپەڕین باسی لەو پرۆژانه‌کرد که‌ بۆناوچه‌که‌ پێویستن. هاوكات، د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، باسی پلان و بەرنامەی كابینەی نۆهەم و دەستەی وەبەرهێنان و گرنگیدان بە وەبەرهێنانی كرد.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، رایگەیاند: ئێمە سەرقاڵی ئامادەكاریی پلانی وەبەرهێنانین و چاكسازی لە وەبەرهێنان و پەیڕەوكردنی سیستمی یەكپەنجەرەیین بۆ كارئاسانی لە مامەڵەی وەبەرهێناندا.
د. محەمەد شوكری، ئەوەشی راگەیاند: لە پلانی وەبەرهێناندا، گرنگی تایبەت بە ئیدارەی راپەڕین و ناوچە هاوشێوەكانی دەدرێت. تایبەت بە ئیدارەی راپەڕین چەندین هەلی وەبەرهێنان لە سێكتەری پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتوگوزار لە پلانی وەبەرهێناندا لە ئایندەدا رادەگەیەنین.
هەر لە میانەی سەردانەكەیدا، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیدارەكە لەگەڵ وەبەرهێنەران و سەرمایەداری ناوچەكە كۆبوونەوەیەكی فراوانی کرد.
د. محەمەد شوكری لەو كۆبوونەوەیەدا بە وەبەرهێنەرانی راگەیاند: ئێوە سەرمایەی نیشتمانین و، ئێمە لەم كابینەیەدا كۆمەڵێك رێكاری تایبەت پیادەده‌كەین بە جێبەجێكردنی سیستمی یەك پەنجەرەیی و نەمانی رۆتین لەپێناو كارئاسانی بۆ كارەكانی ئێوە. هاوكات، چاو لە كەموكورتییەكانی وەبەرهێنانیش ناپۆشین و رێكاری پێویست دەگرینەبەر.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، داوای لە وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی ناوچەكە كرد كە سەرمایەكانیان لە وەبەرهێناندا لە پڕۆژە پێویستەكانی ناوچەكە بخەنەگەڕ.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر شەممە, 29 شوبات 2020 09:06