نیسان 07, 2020

ئیتاڵیا ٦ ساڵە لە شەڕی دژی داعـــــش هاوکاریی پێشمەرگە دەکات

دلۆڤان رەحیم - هه‌ولێر

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ئیتاڵیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە و سەرکردەکانی یەکێک لە وڵاتە گرنگەکانی ئەوروپا کۆبووەوە. شەڕی داعش و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق تەوەری گفتوگۆکانی هەردوولا بوون .
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایین و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا، پێکهاتبوون. پەیوەندییەکانی نێوان رۆما و هەولێر و پتەوکردنی پەیوەندیی بازرگانی و هەلی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە کوردستان تاوتوێکرا .
جگە لەو تەوەر و پرسانەی گفتوگۆی لەسەر کرا، لەو راپۆرتەدا گرنگی و پەیوەندیی هەردوولا دەخرێتە روو. ئیتاڵیا، وەکو ئەندامێكی چالاکی هاوپەیمانیی دژی داعش، چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستانە و پاڵپشتی پێشمەرگەیە لە شەڕی دژی داعش، چەکیشی ناردووە و کۆنسوڵخانەکەشی لە چەندین بواردا چالاکە.
پێگەی ئیتاڵیا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا
ئیتاڵیا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و 120 راهێنەری سەربازیی لە هەرێمی کوردستان هەیە. وڵاتەکە، لە ماوەی رابردوودا بە کردەوە پاڵپشتییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە. وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لەماوەی کەمتر لە دوو مانگ دووجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە. ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکان لەماوەی رابردوودا بەرەوپێش بردووە، وڵاتەکە کۆنسوڵخانەی هەیە لە هەرێمی کوردستان و چەند ساڵێکە چالاکە، پەیوەندی هەردوولا بەهێزە و راوێژکارانی سەربازی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی مەشق بە پێشمەرگە دەکەن، بە گشتی ئیتاڵیا بە 1497 سەرباز و راوێژکار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشدارە،390 ئۆتۆمبێل و زریپۆشی لە نێو هاوپەیمانی هەیە لەگەڵ ١٧ فڕۆکەی جەنگی، راوێژکارانی لە کەرکووک و هەولێر جێگیربوون و رۆڵیان هەیە لە راوێژ بۆ پێشمەرگە و نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش .
رۆما، لە بوارەکانی زانیاری هەواڵگری، پێدانی چەک، مەشق و راهێنان و چاکسازی لە پێشمەرگە هاوکارە، لە ١٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٥وە مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و تا ئێستا زیاتر لە ٧ هەزار پێشمەرگە لەلایەن ئیتاڵیاوە مەشق و راهێنانیان پێکراوە، 6 مانگیشه‌ ئیتالیا سەرۆکایەتیی سەنتەری مەشقی هاوپەیمانان دەکات، راوێژکارانی ئیتاڵیا لە تەکتیکەکانی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و بەکارهێنانی مووشەکی دژە تانک و بەکارهێنانی تۆپ و هاوەن بە وردی و پێکانی ئامانجەکان، له‌گه‌ڵ هەڵگرتنەوەی مین و نیشانە شکێنی هاوکاریی پێشمەرگە دەکات .
پەیوەندییەکی بەهێز و مێژوویی
ئیتاڵیا، وەکو وڵاتێکی خاوەن قسە و بڕیار لە ئەوروپا، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەلایەوە گرنگە، کوردستانیش وەکو ناوچەیەکی ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی سەرنجی وڵاتەکەیە، هەر لەبەر ئەوەشە هەردوولا پەیوەندییەکی مێژوویی باش لە نێوانیاندا هەیە، بۆیە بەردەوام ترافیکی سەردانی بەرپرسانی ئیتاڵی بۆ کوردستان و سەردانی شاندی کوردستان بۆ ئیتاڵیا هەبووە، لە نۆڤەمبەری ٢٠٠٥ سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئیتاڵیای کرد و لەگەڵ سیلڤیۆ بەرلسکۆنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا - ئەوکاتی ئیتاڵیا- کۆبووەوە، لە ساڵی ٢٠٠٩ بە هەمان شێوە سەرۆک بارزانی سەردانی ئیتاڵیای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆبووەوە، ساڵی ٢٠١٢ش سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە چووە ئیتاڵیا و، لەگەڵ جولیۆ تێرزی وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا کۆبووەوە.
هەرچەندە حکوومەت و بەرپرسانی ئیتاڵی زوو دەگۆڕدرێن، بەڵام پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا بەهێز و چەسپاو ماوەتەوە، ساڵی ٢٠١٤، سەرۆک بارزانی لە ئیتاڵیا لەگەڵ فدریکا مۆگرینی، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئیتاڵیا کۆبووەوە، مۆگرینی ئەوکات رایگەیاند:"٤٠٠ پڕۆژەی وەبەرهێنانمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و چاوەڕێی زیاتریش دەکەین لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، لە داهاتوودا پەیوەندییەکان باشتریش دەبن، ماتیۆ رێنزیش سێ مانگ دواتر سەردانی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان شەڕی داعش و هاوکاریکردنی زیاتری ئیتاڵیا بۆ پێشمەرگە تاوتوێکرا، رێنزی ئەوکات سەردانی راوێژکارەکانی ئیتاڵیاشی کرد لە هەرێمی کوردستان
راوێژکارانی ئیتاڵیا، لە شەڕی داعش رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە رێگەنەدان بە زیادبوونی هەڕەشەکانی داعش، پێشمەرگە لە بەنداوی موسڵ بە هاوکاری راوێژکارانی ئیتاڵیا رێگەی نەدا داعش کارەسات بخولقێنێت و، هەڕەشەی تەقاندنەوەی بەنداوەکە بکاتە کردار. وەکو وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپاش، بەردەوام جەخت لە گرنگیی بنەبڕکردنی هەڕەشەی چەکدارانی داعش دەکات .
ئیتاڵیا، لەبەرئەوەی لەسەر دەریایە، پێگەیەکی گرنگی هەیە لە ئەوروپا، لە خاڵێکی گرنگیشدا لەگەڵ کوردستان هاوبەشن، وڵاتەکە باوەشی بۆ هەزاران کۆچبەر کردووەتەوە، هاوشێوەی کوردستان کە بووەتە پەناگەیەکی ئارامی ئاوارەکان، ئەو پرسەش لە کۆبوونەوەی هەردوولا گفتوگۆی لەسەر کراوە، پێکەوەژیانی پێکهاتەکانیش لە کوردستان خاڵێکی گرنگە بەلای رۆماوه‌، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام داوا دەکات لە عێراق رێز لە پێکهاتەکان بگیرێت، بەڵام ئێستا تەنیا هەرێمی ئارامی هەموو پێکهاتە و ئایینزاکان لە ناوچەکە هەرێمی کوردستانە .
ئیتاڵیا وڵاتێکی کۆمارییە و ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەسە، %78ـی دانیشتووانەکەی کریستیانی کاسۆلیکین، سەرۆکەکەیان سێرگیۆ ماتارێللایە و جۆسێپێ کۆنتیش سەرۆکوەزیرانە .

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر چوار شەممە, 19 شوبات 2020 07:02
© 2017 Hawler