نیسان 07, 2020

ئەزموونی حکوومەتی تائیفی لە عێراق شکستیخواردووە

نیوەی ئەو ماوە یاساییە تێپەڕیوە، کە دراوه‌ته‌ محمەد تۆفیق عەلاوی، بۆ ئەوەی کابینەکەی بباتە بەردەم پەرلەمانتارانی عێراق و دەنگی لەسەر بدرێت.

چەند ڕۆژێکیشە، عەلاوی، جموجۆلەکانی خێراتر کردووە لە پێناو ئەوەی کابینەکەی خۆی بە تەواوی ئامادە بکات، خۆیشی لە تویتێکدا، لەبارەی وادەی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی، دەڵێت:" له‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی نزیك ده‌بینه‌وه‌، كه‌ خۆی له‌ ته‌واوبوونی پێكهاته‌ی كابینه‌ی حكوومه‌تێكی بێلایه‌ن ده‌بینێته‌وه‌ و دوور له‌ ده‌ستوه‌ردانی هیچ لایه‌نێكی سیاسی، له‌ كه‌سانی ده‌ستپاك و كارامه‌ پێكهاتووه‌".
لە ماوەکانی ڕابردووشدا، سەرۆک بارزانی، پێشوازیی لە چەندین شاندی پارێزگاکانی عێراق کرد و، پێی ڕاگەیاندن؛ کێشەمان لەگەڵ خەڵکی عێراق نییە، بەڵکو کێشەمان لەگەڵ حکوومەتەکاندا هەیە، کە دەستووریان جێبەجی نەکردووە." لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەکەی عەلاوییان کرد.
ئەو ڕەخنەیەی ئێستا لە عەلاوی دەگیرێت، ئەوەیە؛ عەلاوی وتار و هەنگاوەکانی تا ڕادەیەک بە ئاراستەی ڕازیکردنی باڵە جیاوازەکانی شیعەیە و، کورد و سوننەش، لەو هەنگاوە نیگەرانن. ڕەخنەیەکی دیکەش کە لێی دەگیرێت، هەوڵی پێکهێنانی کابینەیەکە بێ گەڕانەوە بۆ حیزبە سیاسییەکان. لەمبارەیەوە، خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، لە لێدوانێکیدا، ڕایگەیاندووە؛ کورد شەریکە لە عێراقدا، بۆیە دەبێت شەراکەت و هاوسەنگی بپارێزرێت، ناکرێت کەسێک لە هەرێمەوە ببرێت و بکرێتە وەزیر، بڵێن: ئەمە شەریکایەتییە، خۆ تەها جەزراوی لەحکوومەتی بەعسدا وەزیر بوو، بەڵام چی بۆ کورد کرد؟.
خەسرەو گۆران، ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ ئەگەر پێویست بکات، کورد خاوەنی ٦٠ پەرلەمانتارە لە پەرلەمانی عێراق و هەڵوێستیان دەبێت.
چاودێرێکی سیاسیش، بۆ "هەولێر" باسی لەوەکرد: ئەو وتانەی عەلاوی، بۆ ڕاکێشانی مەیلی خۆپێشاندەرانە بە لای خۆیدا. چونکە، بەشێکی زۆری خۆپێشاندەران قبووڵی ناکەن وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئەو چاودێرە سیاسییە، باسی لەوەشکرد، کاتێک عەلاوی دەڵێت؛ وەزیرەکان کەسی بێلایەن دەبن و بێ گەڕانەوە بۆ حیزبە سیاسییەکان هەڵدەبژێردرێن، خۆی ڕەتکردنەوەی بەشێکی پرۆسەی دیموکراتییە، چونکە، حیزبە سیاسییەکان کە بەشداریی هەڵبژاردنیان کردووە، لە پێناو ئەوەیە کادرانی خۆیان بنێرنە پۆستە حکوومییەکان و خەڵکیش لەسەر ئەو بنەمایە دەنگی بە لایەنە سیاسییەکان داوە.

© 2017 Hawler