شوبات 27, 2020

هەرێمی کوردستان لە داڤۆسەوە پەیامی ئارامی و سەقامگیری بڵاو دەکاتەوە

کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، لە کارەکانی بەردەوامە و، شاندی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دوو رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکە، لەگەڵ سەرۆک و بەرپرس و نوێنەری باڵای کۆمەڵێک وڵاتی جیهان، لەوانەش ئەمەریکا، کۆبووەتەوە. پسپۆڕێکی ئابووری پێیوایە: بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەم کۆڕبەندەدا کاریگەریی باشی بۆ سەر ناساندنی هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی جیهان هەیە، چونکە، داڤۆس شوێنێکی گرنگە بۆ ئەوەی کوردستان لەوێوە پەیامی خۆی بە وڵاتان و ناوەندەکانی ئابووریی جیهان بگەیەنێت و، پێیان بلێت کوردستان شوێنێکی ئارام و لەبارە بۆ وەبەرهێنان.

کۆڕبەندەکە، رۆژی سێشەم، 20 مانگ، دەستی پێ کرد و بڕیارە تا 24ی کانوونی دووەم بەردەوام بێت. لە کۆڕبەندەکە سێ هه‌زار خاوه‌نكار، سیاسه‌تمه‌دار، مامۆستای زانكۆ و نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، له‌ 117 وڵات به‌شدارییان کردووە. له‌ میانی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، تاوتوێی چه‌ندین ته‌وه‌ری جیاواز ده‌كرێت، وه‌ك پێشهاته‌كانی جیهان، نایه‌كسانیی داهات، جه‌مسه‌رگیریی سیاسی، كێشه‌ی ژینگه‌ و ئاو وهه‌وا، ره‌وشی ئابووری جیهانی، سه‌رمایه‌داریی هاوپشكی، گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وام، ته‌كنه‌لۆجیا، بازرگانی، چواره‌مین شۆڕشی پیشه‌سازی و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماتییه‌كان. له‌و میانه‌یه‌دا، نزیكه‌ی400 كۆبوونه‌وه‌ی كراوه‌ و داخراو ده‌کرێن.
پێویستە بگوترێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تا ئێوارەی رۆژی چوارشەم، لەگەڵ چەندین سەرۆک و نوێنەر و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان کۆبوونەوەی کردووە. نوێترین کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بوو، کە بە کۆبوونەوەیەکی گرنگ هەژمار دەکرێت و هەر دوو لا رێز و پێزانینی خۆیان لە هاوکاریکردنی دوولایەنە، بەتایبەتی لە جەنگی دژی تیرۆر دەربڕی. هەرێمی کوردستان، لە رۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەش لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی ئەرمنیا، وەزیری دەرەوەی سوید، وەزیری دەرەوەی تورکیا و کۆمەڵێک بەرپرس و نوێنەری وڵاتان کۆبوویەوە.
کۆڕبەندی داڤۆس، لە رەهەندی جیاوازەوە کاریگەریی بۆ سەر پێگەی هەرێمی کوردستان هەیە و، وڵاتان لە رێگەی ئەم کۆڕبەندەوە زیاتر بە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشنا دەبن.
دکتور محەمەد سەلمان، پسپۆڕی ئابووری بۆ هەولێر روونیکردەوە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆربەندی ساڵانەی ئابووریی داڤۆس بایەخێکی زۆر تایبەتی هەیە، چونکە لە لایەک ئەم جۆرە بەشداریکردنە بۆ کورد بەشداریکردنێکی مێژووییە و، ساڵانێکی زۆر نییە هەرێمی کوردستان لەم کۆڕبەندەدا بەشداری دەکات و هەر بۆیەش پڕبایەخە بۆ هەرێمی کوردستان لەم شوێنە بوونی خۆی بسەلمێنێت و، بتوانێت لە پانێلە جیاوازەکاندا بەشداری بکات و پەیامی خۆی بگەیەنێت.
بەگوتەی ئەو پسپۆرە ئابوورییە: لە رێگەی کۆڕبەندەکەوە، هەرێمی کوردستان زیاتر دەتوانێت پێگە و سەنگی خۆی بە دنیا بناسێنێت و، هاوکات پێوەندییەکانی خۆیشی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا بەهێزتر بکات. هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ کێشە هەڵکەوتووە، کە ئەویش ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراستە و زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بتوانێت لەم کۆڕبەندەدا خۆی بناسێنێت و نیشانی بدات کە لەو ناوچە پڕ تەنگژە و قەیراناوییە، ناوچەیەک هەیە بە ناوی هەرێمی کوردستان و لە دابینکردنی ئاسایش و ئارامی رۆڵی کارا دەبینێت.
دکتور محەمەد سەلمان، پێیوایە: پیشاندانی ئەم پێگەیە، جگە لە لایەنی سیاسی وئەمنی، لە رووی ئابووریشەوە زۆر گرنگە و دەبێتە هۆکاری ئەوەی وڵاتان هەرێمی کوردستان باشتر بناسن، چونکە هەرێمی کوردستان لە نەخشەی وزەی جیهاندا پێگە و مەکانی خۆی هەیە و، دەتوانێت سەرنجی کۆمپانیاکانی جیهان بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان رابکێشێت.
ئەو ئابووریناسە، گرنگیی داڤۆس بۆ هەرێمی کوردستان بەسەر سێ خاڵدا دابەش دەکات. یەکەمیان ئەوەیە، هەرێمی کوردستان لە رێگەی داڤۆس نامەیەک یان پەیامێک بۆ جیهان دەنێرێت و پێیاندەڵێت: لە رووی ئابوورییەوە هەرێمی کورستان گرنگە و دەکرێ شوێنێکی لەبار بێت، چ بۆ وەبەرهێنان و چ بۆ دابینکردنی وزە.
دووەم، هەرێمی کوردستان، توانای هەیە لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی جیهان وه‌بەرهێنان بکات و، سێیەمیش پێناسەی ژینگەی ئارامی کوردستان بۆ وڵاتانی جیهان بکات و پێیانبلێت هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئارامە.
ئابووریناسەکە، پێشکەوتنی ئابووری و وەبەرهێنان بە ئارامی و ئاسایش دەبەستێتەوە و، پێیوایە هەرێمی کوردستان لە ئارامترین وڵاتانی جیهان بووە، کە توانیویەتی کەشێکی پڕ لە ئاسایش و ئارامی چ بۆ دانیشتووانەکەی و چ بۆ ئەوانەی بە هەر هۆکارێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، دابین بکات.
ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەم کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەدەچێت کە تێیادا سەرۆکی دەیان وڵات و وەبەرهێنەر و کەسایەتییە دیارەکانی جیهان بەشداری دەکەن کۆڕبەندەکە یەکەم جار لە ساڵی 1971 دامەزرا و سەرووی هەزار کۆمپانیای بەناوبانگی جیهان تیایدا ئەندامن. ئامانجی سەرەکی کۆڕبەندەکە ئابووری ئازاد و رەخساندنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنانە لە هەموو ولاتانی جیهان.
پێویستە بگوترێت، هەرێمی کوردستان، لانیکەم لە دەیەی رابردوودا چ لە رووی ئابوورییەوە و چ لە رووی رۆڵی لە دابینکردنی سەقامگیری و ئاشتی و جەنگی دژی تیرۆر، زیاتر بۆ وڵاتانی جیهان ناسراوە. هەرێمی کوردستان، لە لەناوبردنی داعش رۆڵێکی باڵای گێڕا و بۆ هەموو جیهان سەلمێنرا لە ناوچەی قەیراناوی رۆژهەڵاتی نێوەراست، شوێنێکی ئارام بۆ پێکەوە کارکردن و وەبەرهێنان هەیە.

 

© 2017 Hawler