شوبات 27, 2020

پەسەندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازی لە کۆمێنتی جیاوازی پەرلەمانتاراندا

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، پەرلەمانی کوردستان، پرۆژە یاسای چاکسازیی پەسەندکر. باس و خواسی پرۆژە یاساکە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیووە و، بەشێکیان دەستخۆشی دەکەن و بەشێکی دیکەش پێیانوایە، ئەم پرۆژە یاسایە، بەس نییە بۆ ئەوەی چاکسازیی ڕاستەقینە بەدی بێت و، تێبینیی جۆراوجۆر هەیە. پەرلەمانتارانیش، لە فراکسیۆنە جیاوازەکان، بەمشێوەیە کۆمێنتی خۆیان لەسەر پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە، بە "هەولێر" گوت؛
پێشەوا هەورامانی، لە فراکسیۆنی پارتی: هەنگاوێکی زۆر باشبوو، ئێمە تموحی زیاترمان هەیە لە فراکسیۆنی پارتی. وە پشتگیریی هەموو هەنگاوێکی چاکسازی دەکەین. سه‌رۆکی حکوومەتی هەرێم، لە یەکەم بابەتی کارنەمەکەیدا باسی لە چاکسازی کرد، ئێمەش پاڵپشتیی تەواوی ئەم پرۆسەیە دەبین. لەوانەیە لێرە و لەوێ قسە لەسەر ئەم پرۆژەیە بکرێت، لەوانەیە هەندێک کەموکووڕیشی هەبێت. بەڵام ئەوانەی ڕەتیدەکەنەوە، ئەوانەن خۆیان خاوەنی هیچ پرۆژەیەک نین.
زکری ئەحمەد، لە فراکسیۆنی یەکێتی : پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە، کارێکی باش بوو. چونکە، هەنگاوێکی باشی حکوومەتی هەرێمە بۆ دەستپێکردنی چاکسازی. هەموومان دەزانین، نا یەکسانی و گەندەڵییەکی زۆر لە لیستی مووچەدا هەیە. بە بڕوای من، دەبێت چاکسازی لە داهاتیش بکرێت. بەڵام، دەبێت دەستخۆشی لەهەر هەوڵێکی حکوومەت بکەین بۆ پیاده‌کردنی چاکسازی. پێموایە هەنگاوێکی باشە و گۆڕانکاریی باش دروستدەکات.
دابان محەمەد، لە فراکسیۆنی گۆڕان:
پرۆژە یاساکە خاڵی باشی تێدایە. بەڵام، ئێمە و هەموو لایەنەکان و خەڵکیش، چاوەڕێی هەنگاوی گەورەترین. چاکسازیی گەورە لە داهات دەکرێت، داهاتی نەوت و داهاتەکانی دیکە. دەبێت بزانرێت ئەو داهاتانەی دەست حکوومەت دەکەوێت چەندە. ئەم هەنگاوە وەک هەنگاوی یەکەمی چاکسازی سەیر دەکرێت. ئێمە چاوەڕێی هەنگاوی گەورەترین، دەبوو ئەو چاکسازییەی لە خەرجیی مووچە کراوە، سەرجەم خەرجییەکانی دیکەی حکوومەتی بگرتایەتەوە.
سۆران عومەر، لە فراکسیۆنی کۆمەڵ : پرۆژە یاسای چاکسازی ماددە و بڕگەی زۆر باشی تێدایە. ئەگەر دانەوەی مووچەی پاشەکەوتکراوی بە ڕێکارێکی ڕوون و، کەمترین مووچەی خانەنشینی بە ٤٠٠ هەزار دینار دیاری بکرایە تێیدا، وەک فراکسیۆنی کۆمەڵ، دەنگمان پێیدەدا. بەڵام، ئەو دوو داخوازییەی تێدانەبوو، بڕگە و مادەکانی زۆر باشبوو کە هەموومان کارمان تێداکردبوو.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، لە فراکسیۆنی یەکگرتوو : بەداخەوە، پرۆژە یاساکە بە نیوەچڵی تێپەڕێندرا. دەبووایە گشتگیرتر بووایە و هاووڵاتییانی کوردستان، ڕاستەوخۆ سوودیان لە چاکسازییەکە وەربگرتایە. بەڵێ، هەندێک خاڵی ئیجابیی تێدایە، لە پاککردنەوەی لیستی مووچە و ڕێکخستنی خانەنشینی. نەمانی بندیوار و مووچەی نایاسایی و وەرگرتنەوەی پۆستی ناشایستە. بەڵام، دەکرا باشتر بووایە و، حیسابی بانکی فەرمانبەران بەشێوەیەک بووایە سوودیان لێ وەرگرتبا. دەبوو مووچەی پلە نزمەکان باشتر بکرابا و، لە هەمووی گرنگتر؛ پێویست بوو یەک یاسای خانەنشینی هەبووایە.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ : "هەولێر" بۆ وەرگرتنی کۆمێنی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، لەسەر پرۆژە یاساکە، پەیوەندیی بە سیپان سالمه‌وه‌، کرد. بەڵام، فراکسیۆنەکەیان ئامادە نەبوون کۆمێنتی خۆیان بڵێن .

© 2017 Hawler