شوبات 27, 2020

پێشبینی دەکرێ ڕاگرتنی راهێنانی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانان کاتی بێت

بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، کاریگەریی خراپی بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش هەبووە و راهێنانەکانی پێشمەرگە و زۆڕێک لە یارمەتییە لوجستیکییەکانی وەستاندووە. سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، وێڕای ئاماژەدان بەوەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق پاڵپشتییەکانی پێشمەرگەی کەم کردووەتەوە، پێشبینیی کرد هەڵویستی هاوپەیمانانیش کاتی بێت و دووبارە دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە. چونکە، هێشتا داعش مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە و دۆخی عێراق و کوردستان ئەوە دخوازێت لە لایەن هاوپەیمانەوە پاڵپشتی بکرێن.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە گشتی و ئەمەریکا بە تایبەتی کە سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکەی دەکرد، لە ئاستی جیاوازی دیپلۆماسی و سەربازی دەستیان بە جموجۆڵ کردووە پێداچوونەوە بەسەر چالاکییەکانیانلە عێراق و هەرێمی کوردستان بێنن. ئەم گۆڕانکارییانە رێک دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی شیعە دەنگی بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دا. کورد و زۆرینەی سوننە بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد و بە بڕیارێکی هەڵەیان هەژمار کرد.
شیعەکان لە ژێر کاریگەریی عاتیفی کوژرانی هەر دوو سەرکردەی سەربازیی ئێران و حەشدی شەعبی ناکۆکییەکانی خۆیان وەلا نا و بێ ئەوەی بیر لە بەرژەوەندی نیشتیمانیی بکەنەوە دەنگیان بە پڕۆژەکە دا. هەر چەندە پڕۆژەیاساکە جێبەجێکردنەکەی بە بڕیاری حکوومەت گرێ دراوە و حکوومەتیش لە قۆناغێکی کاربەڕێکەردایە و رەنگە نەتوانێت جێبەجێی بکات بەڵام بڕیارەکە هەندێک دەرهاویشتەی هەبووە.
ئەوەی جێگەی تیڕامانە و وەک دەرهاویشتەیەکی ئەم بڕیارە هەژمار دەکرێت ئەوەیە بەشێک لە هاوپەیمانان هەر زوو مەشق و راهێنان و چالاکییەکانی خۆیان لە عێراق راگرت و ئەوەی هەڵوێستەکەی لە هەموویان بەهێزتر بوو ئەمەریکا بوو کە هەڕەشەی لە عێراق کرد ئەگەر بڕیارەکە جێبەجی بکات ئەوا سزایەکی زۆر قورسی بەسەردا دەسەپێنێت و داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو خەرجییانەی کرد کە چەند سالێکە لە عێراق خەرجی کردووە.
جگە لە هەڵویستی هێزەکانی هاوپەیمان، ناتۆش هەر لە دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق سەرجەم راهێنانەکانی خۆی لە عێراق هەڵپەسارد و داوای کشانەوەی هێزەکانی کرد. لە دوو رۆژی رابردوودا رێبەرانی ناتۆ خەریکی تاتوێکردنی دواین بڕیارەکانی خۆیانن و دەیانەوێت لە سەر چۆنیەتی کارکردنیان لە داهاتوودا لە عێراق مانەوە یان کشانەوە بڕیاری کۆتایی بدەن و، هەر ئێستە لە کاتی ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە نوێنەرانیان لە ئەوروپا تاوتوێی پرسەکە دەکەن.
هەر چییەک بێت، بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر یارمەتی و چالاکییەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان هەبووە و زۆرێک لەو وڵاتانە راهێنانی پێشمەرگە و زۆریک پاڵپشتی تریان راگرتووە.
هاوپەیمانان، کاتێک دوای سەرهەڵدانی داعش بۆ مەبەستی لەناوبردنی داعش هاتنە عێراق و هەرێمی کوردستان، رۆڵی زۆر گرنگ و کاریگەریان بینی لە پاراستنی خەڵکی عێراق لە داعش. رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە یەک لە سەر سێی خاکی عێراقی داگیر کردبوو و ببووە هەڕەشە بۆ سەر بەغدا و هەولێر، لە لایەن هاوپەیمانانەوە بەرپەرچ درایەوە و بە پاڵپشتی پێشمەرگە گورزێکی کاریگەریان لە داعش وەشاند. جگە لە بەرزنرخاندنی رۆڵی هاوپەیمانان لە لەناوبردنی داعش لە لایەن کوردەوە، هاوپەیمانانیش رۆڵی پێشمەرگەیان بە کاریگەر هەژمار کردووە و پێداگرییان لەسەر رێکخستنی و پشتگیری زیاتری پێشمەرگە کردووەتەوە بۆ ئەوەی بەرەی دژە تیرۆر بەهێزتر بکرێت.
رێڤینگ هروری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ هەولێر باسی لە خراپیی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی بڕیارەکە کاریگەریی خراپی بۆ سەر یارمەتیدانی پێشمەرگە و تەنانەت سوپای عێراقیش هەبووە.
ئەو دەڵێت: یارمەتییەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش یارمەتیی لەشکری و ناردنی هێزێکی گەورەی سەربازی نەبوو، بەڵام لەرووی لۆجستیکی و راهێنان و مەشقپێکردنی پێشمەرگە و ناردنی راوێژکارە سەربازییەکانیان رۆڵی زۆر کاریگەرییان هەبوو لە بەهێزکردنی توانای پێشمەرگە و سوپای عێراق و لە هەمان کاتدا بەربەستێکی گرنگ بوون بۆ زیاتر بەهێزبوونی داعش.
لەدوای راگرتنی یارمەتی و راهێنانەکانیان ئەو سەرۆک لیژنەیەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە بڕیارەکە کاتی دەبێت، چونکە ئەمە نەک بەزیانی هەرێمی کوردستانە بەڵکو بۆ هەموو عێراقیتش زیانی هەیە و، ئاشکرایە هێشتا داعش لەناو نەچووە و هەر یەک لە پێشمەرگە و سوپای عێراق پێویستییان بە هاوکاری و پاڵپشتییەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش هەیە.
لەبارەی ئەوەی ئایا دەکرێ پەرلەمانی کوردستان خۆی کۆبوونەوەیەک رێک بخات و، داوا لە هاوپەیمانان بکات، لانیکەم لە هەرێمی کوردستان، درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن، ئەو نوێنەرەی پەرلەمان گوتی: "ئەمە هیچ کاریگەرییەکی نییە، چونکە پرسی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق سیادییە و لە دەستی حکوومەتی عراق دایە و ئەوەی کورد پێویستە بیکات ئەوەیە بە دانوستان و کاری دیپلۆماسی قەناعەت بە عێراقییەکان بهێنێت بڕیارێکی لەم شێوەیە جێبەجی نەکات، چونکە زیانی بۆ هەموو عێراق هەیە."
بۆ نموونە، پێشتر لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکان، هێزەکانی هاوپەیمانان لە سەر خەت بوون و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەگەڵ پیشمەرگە و سوپای عێراق ده‌کرد، بەڵام لە کاتی راگرتینی چالاکییەکانیان لەوانەیە ئەم یارمەتییانە بوەستێنن و پێشمەرگە دەبێت خۆی بە تەنیا رووبەرووی داعش ببێتەوە.
هەرچەندە پێشمەرگە، پێشتریش چەندین ساڵ، بە بێ هیچ پشتیوانییەک شەڕی خۆی کردووە و سەرکەوتنی مسۆگەر کردووە، بەڵام پاڵپشتی هاوپەیمانانیش گرنگە و بۆیەش هرۆری پێشبینی دەکات ئەم ڕاگرتنه‌ی راهێنانی سەربازی، کە هاوپەیمانان دەریانکردووە، کاتی بێت و عێراقیش ناخوازێت ئەمە روو بدات و تەنیا مەسلەحەتی سیاسیی هەندێک لایەن لە ژێر کاریگەریی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران هۆکار بوو پەرلەمان هەنگاوێکی لەم شێوەیە بنێت.
پێویستە ئاماژە بەو راستییەش بکرێ، هاوپەیمانان رۆڵێکی گرنگیشیان هەبووە لە یەکخستن و په‌یڕه‌وکردنی چاکسازی لە نێو هێزەکانی پێشمەرگە، بە تایبەتی هەوڵدانیان بۆ دروستکردنی یەک هێزی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی رابردوو کاریگەرییان لەسەر ئەمەش دەبێت.
هروری پێیوایە: پرسی چاکسازی لە نێو هێزی پێشمەرگە داواکارییەکی سەرکردایەتی سیاسیی کوردە و، ئەگەر هاوپەیمانانیش هاوکاری نەکەن ئەو پێویستییە هاتووەتە کایەوە کە لە نێو ئەو هێزانە چاکسازی بکرێت و هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتمانیی یەک بخرێن و رێک بخسترێن.
ئەگەر هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هاوپەیمانان بێت لە جەنگی داعش یارمەتی بدرێ، ئەوا هاوپەیمانان و جیهانیش پێویستییان بە پێشمەرگەیە بۆ ئەوەی ریشەکێشی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە بکرێت کە دواجار کاریگەریی بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری لە سەرتاسەری جیهان دەبێت.

 

© 2017 Hawler