شوبات 27, 2020

پارتی پۆستەكانی خۆی لە مووسڵ وەردەگرێتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، دەڵێ: شنگال بۆتە مەیدانی هەندێك هێزی نایاسایی، تا ئەو هێزانە لە ناوچەكە بن بارودۆخی شارەكە ئارام نابێت و خەڵكەكەی، كە ئێستا 75% ئاوارە بوونە، ناگەڕێنەوە. جگە لەوەی خەڵكی دەشتی نەینەوا و شنگال بە دەست كەمیی پرۆژەی خزمەتگوزارییه‌وه‌ دەناڵێنن، پێویستە حكوومەتی عێراق بوودجەیەكی تایبەت بۆ ئەو ناوچانە تەرخان بكات.

بەرەكات شەمۆ، سەرۆكی فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە "هەولێر"ـی راگەیاند: خەڵكی دەشتی نەینەوا و شنگال بە دەست كەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە دەناڵێنن. پێویستە حكوومەتی عێراق بوودجەیەكی تایبەت بۆ ئەو ناوچانە تەرخان بكات، بۆ ئەوەی ئاوەدان بكرێنەوە. چونكە ئەو ناوچانە لەسەر دەستی داعش وێران بوونە، لەگەڵ ئەوەی رێژەی بێ كاری لەو ناوچانە زۆرە، بۆیە ئەگەر پرۆژەی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە جێبەجێ بكرێن، هەم رێژەی بێ كاری كەم دەبێتەوە، هەمیش ئەو خەڵكەی كە ئاوارە بووە دووبارە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام ئەگەر بارودۆخەكە هەر بەو شێوەیە بێت، ئەو خەڵكەی كە ئاوارە بووە ناگەڕێنەوە و هەر لە ئاوارەییدا دەژین.
بە بۆچوونی سەرۆكی فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، شنگال بۆتە مەیدانی هەندێك هێزی نایاسایی، تا ئەو هێزانە لە شنگال بن بارودۆخی شارەكە ئارام نابێت و خەڵكەكەی، كە ئێستا 75% ئاوارە بوونە، ناگەڕێنەوە، بۆیە پێویستە ئەو هێزانە لە شنگال نەمێنن و ئیدارەی شەرعیی شارەكە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی ئەمن و ئەمان بۆ شارەكە بگەڕێتەوە.
شەمۆ، ئاشكراشی كرد:" زیاتر لە دوو هەزار و 100 خێزان لەسەر چیای شنگال لەناو خێمەدا دەژین، بارودۆخی ئەوان زۆر خراپە، حكوومەتی عێراق هیچ هاوكاریی ئەوان ناكات، داوا دەكەن بارودۆخی شنگال و دەوربەری ئاسایی بكرێتەوە، بۆ ئەوەی لە ژیانی ژێر خێمە ڕزگار بن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
بەرەكات شەمۆ، سەرۆكی فراكسیۆنی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، زیاتر گوتی:" لە ماوەی رابردوو لە ئەنجامی دروستبوونی ئەو گۆڕانكارییانەی لە ئیدارەی پارێزگای مووسڵ کران، وەكو پارتی توانیومانە لەسەر پشكی كورد هەندێك لە پۆستەكانی پارتی بەدەست بێنینەوە و ژمارەیەكی تر لە پۆستەكان ماون، ئەو پۆستانە گرنگن و لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەو پۆستانەی كە ماون ئەوانیش وەربگرینەوە، كە پشكی پارتی لە ئیدارەی پارێزگای مووسڵ 21 پۆستە و هەموویان وەردەگرین و خزمەتی خەڵكی خۆمان دەكەین لەو سنوورە، چونكە ئەو پۆستانە كاریگەری زۆر لە سنووری ماددەی 140 و دەشتی مووسڵ دەبێت، بەو پێیەی تا ئێستا پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ماددەی 140 ئەنجام نەدراون، بەڵام بە هەبوونی بەرێوەبەرە كوردەكان دەتوانین پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سنوورەكە جێبه‌جێبکەین".

© 2017 Hawler