شوبات 27, 2020

هەندێك لایەن نایانەوێت ئەمریكا لە عێراق بچێتە دەرەوە

لەگەڵ ئەوەی هەوڵ هەیە دووبارە متمانە بە عادل عەبدولمەهدی بدرێتەوە، بە بڕوای ئەندامانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بارودۆخی عێراق زۆر ئالۆزە، هەر ئەوەش وایكردووە كە هەندێك لایەن نەیانەوێت سەربازانی ئەمریكا خاكی عێراق بەجێبهێڵن، چونكە پێیانوایە ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانان نەمێنن رەنگە جارێكی دیكە داعش و گرووپەكانی تیرۆریستی سەر هەڵبدەنەوە.

دووبارە متمانە بە عادل عەبدولمەهدی دەدرێتەوە
دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لایەنە سیاسییەكانی عێراق هێشتا نەیانتوانیوە جێگرەوەیەك دەست نیشان بكەن، كە رەزامەندیی خۆپیشاندەران و سەرجەم لایەنەكانی لەسەر بێ‌. بۆیە، ئێستا هەوڵ هەیە كە دووبارە متمانە بە عادل عەبدولمەهدی بدرێتەوە.
رۆژی 11\1\2020 عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد. بەشێك لە لایەنەكان و چاودێرانی سیاسی پێیانوایە؛ هاتنەكەی لەم كاتەدا پەیوەندیی بە دوو بابەتەوە هەیە، یەكەمیان مانەوەی لە پۆستی سەرۆكوەزیران و دووەمیان بەدەستهێنانی پشتیوانیی هەرێم هەر وەك چۆن لە سەرەتاوە كورد پشتیوانیی لە دانانی ئەو بۆ ئەو پۆستە كرد.
هەندرێن لەزگین، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە "هەولێر"ـی راگەیاند: عادل عەبدولمەهدی لەو ماوە كەمەی كە بۆتە سەرۆكوەزیران توانیویەتی زۆر كاری باش بكات. ئەگەر دەسەڵاتی تەواوی بدرێتێ و لەلایەن لایەنەكانەوە دەست لە كاروباری وەرنەدرێت سەركەوتوو دەبێت و دەتوانێت كاری زۆر باشتر بكات و عێراق لەو دۆخەی كە تێكەوتووە ڕزگار بكات.
لەلایەكی دیكەوە، ناسر هەركی، ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە "هەولێر"ـی گوت:" دیاریكردنی كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران لەم بارودۆخەدا زۆر زەحمەتە، چونكە لایەنەكان هەر كەسێك دەست نیشان بكەن، شەقامی عێراقی ئەو كەسە ڕەتدەكاتەوە. بۆیە، دەبێت هەماهەنگی لە نێوان شەقام و لایەنەكان هەبێت بۆ ئەوەی پێكەوە بگەنە رێككەوتن لەسەر كەسێك كە ببێتە سەرۆكوەزیران، كەسێك بێت كە دەسەڵاتی لە دەستدا بێت و بتوانێت عێراق لەو بارودۆخەی كە تێیكەوتووە ڕزگار بكات.

هەندێك لایەنی عێراقی نایانەوێت ئەمریكا خاكی عێراق بەجێبهێڵێت
رۆژی 05-01-2020 پەرلەمانی عێراق، بەبێ بەشداریی پەرلەمانتارانی كورد و زۆربەی سوننەكان، كۆبووەوە و دەنگیان بە پرۆژە بڕیاری كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق دا. بە بڕوای هەندرێن لەزگین، بارودۆخی عێراق زۆر ئالۆزە و بۆتە گۆڕەپانی تەسفیەی حساباتی وڵاتان، ئەو بارودۆخەش بۆتە جێگەی نیگەرانیی هەموو پێكهاتەكان.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، روونیشیكردەوە:" ئەگەر ئەمریكا نەبوایە كەس نەیدەتوانی عێراق لەدەستی رژێمی پێشوو ڕزگار بكات. ئەوان عێراقیان ڕزگار كردووە، مانەوەی ئەوان لە عێراق بەپێی رێككەوتنێكی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە. ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانان نەمێنن رەنگە جارێكی دیكە داعش و گرووپەكانی تیرۆریستی سەر هەڵبدەنەوە و دەبنە كێشە بۆ عێراق. بۆیە، هەتا ئێستاش مەترسی داعش هەر ماوە و ئه‌وه‌ش واده‌کات هەندێك لایەن نه‌یانەوێت ئێستا ئەمریكا خاكی عێراق بەجێ بهێڵێت".

 

© 2017 Hawler