کانونی دووەم 20, 2020

هاوپەیمانان: گرنگە پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق هەماهەنگ بن

وەکو هەنگاوێكی دیکەی دووپاتکردنەوەی هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەمەر و هاوکاریی دیکەی سەربازی بۆ پێشمەرگە دەنێرێت. هاوپەیمانان دەڵێن؛ پێشمەرگە رۆڵی کاریگەری هەبووە لە شەڕی داعش و، وەکو بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پابەندی و هاوپەیمانیی نێوانمان بەردەوام دەبێت .

مایلی کاگنز، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رایگەیاند:" زیاتر لە 100 هەمەری سەربازی و ژمارەیەک پارچەی کەرەستە سەربازییەکان و هاوەن و فیشەک و بێتەل دەدەنە هێزەکانی پێشمەرگە، بێ ئەوەی کاتی ناردنی ئەو چەک و کەرەستە سەربازیانە ئاشکرا بکات. ئەو دەڵێت؛ جگە لەو هاوکارییە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە راهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. ئەو یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنە ماوەدرێژ دەبێت. پێشمەرگە هاوپەیمانێکی متمانە پێکراوی هاوپەیمانانە .
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانان، باسی چاکسازیش لە نێو پێشمەرگە دەکات، کە چەند وڵاتێکی کارای هاوپەیمانێتییەکە، لەوانە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا دەستیان پێکردووە و، بەردەوامە. دەڵێت:" چاکسازییەکە 38 خاڵی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، ئامانج لە هەنگاوەکە بریتییە لە هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووی بەتوانا، چاکسازییەکان دوو ساڵ زیاترە دەستیان پێکردووە و هەندێک کاری باشیش لەوبارەوە کراوە. "
راهێنانی پێشمەرگە قۆناغی باشی بڕیوە، دوو مانگ جارێک هاوپەیمانان دوو هەزار پێشمەرگە رادەهێنن. تا ئێستاش راهێنان بە نزیکەی هەزار پێشمەرگە کراوە، بەشێک لە پێشمەرگە راهێندراوەکانیش ژنانی کوردی ئێزدین. ساڵانە، ناوەندەکە مەشق بە نزیکەی ١٢ هەزار پێشمەرگە دەکات،ئامانج ئەوەیە ساڵی داهاتوو بەرەو قۆناغی پەیوەندی و راوێژکاری بڕۆن لە جیاتی راهێنانی راستەوخۆ، بگەنە قۆناغێك کە بەردەوام پێشمەرگە بۆ هەموو مەترسی و هەڕەشەکان ئامادەبێت و پارێزگاری لە ئاسایشی ناوچەکان بکات .
گوتەبێژی هاوپەیمانان، گوتیشی؛ گرنگە بەلایانەوە هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە زیادبکرێت، بۆئەوەی گوشارەکان لەسەر رێکخراوی داعش زیاتربن.
پێشمەرگە رۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری لە تێکشکاندنی داعش هەبووە، لەبەرئەوە ئێستاش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و چەک و کەرەستەی دیکەی سەربازیی بۆ دەنێرێت.
لە دوای رووخانی خەلافەتەکەی داعش، کە لەسەرەتا رووبەری دەسەڵاتەکەی ١٠٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو و ئێستا بووه‌ته‌ ناوچه‌یه‌کی بچووک ، داعش دەستیکردووە بە شەڕی چەتەیی و ناوە ناوە هێرش دەکات. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پێشبینی دەکات نزیکەی ١٤ بۆ ١٨ هەزار چەکداری داعش لە سووریا و عێراق مابن و خۆیان حەشاردابێت. بەپێی راپۆرتێکی مانگی ئاداری وەزارەتەکە، گرووپەکه‌ خەریکی خۆ رێکخستنەوەیە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی داوا دەکات هەولێر و بەغدا هاوکاربن لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش . سەرەڕای نەمانی خەلافەتەکەی، داعش سوودی لەو بۆشاییە ئەمنیە بینیوە لە هەندێک ناوچە دروستبووه‌،بەتایبەت لەدوای ساڵی ٢٠١٧وە، مەخموور وەکو ناوچەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. لەدوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی ئەو ناوچانە ئاساییە نییە، نەک هەر مەخموور، بەڵکو خانەقین و جەلەولا و کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش. بۆیە، هاوپەیمانان، هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بە گرنگ دەزانن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە.

 

© 2017 Hawler