ئاب 13, 2020

حکوومه‌تی نوێی عێراق بەر لە دەستبەکاربوونی بە هەڵوەشاوە دەزانرێت

گەرم و گوڕتربوونی خۆپێشاندانەکان، لە مەیدانە جیاوزەکانی بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی تری عێراق، هێزە سیاسییەکانی بەرەو لاوازی بردووە و تا ڕادەیەک گەیشتوونەته‌ ئەو بڕوایەی، بڕیاری یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئایندەی حکوومه‌تی عێراق لە ژێر دەستی ئەواندا نەماوە و، ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان لە دیاریکردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەدوور بگرن و بەرپرسیارێتییەکە هەڵنەگرن.

خۆپێشاندانی یەک ملیۆنی
چەند ڕۆژێکە، خۆپێشاندەران لە بەغدا، هەڕەشەی بەرفراوانکردنی خۆپێشاندانەکان دەکەن و بە گوتەی خۆیان خۆپێشاندانی یەک ملیۆنی بەڕێدەخەن و هەڕەشەی هەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوزی بەغداش لە پێشووتر جیددیتربووە و گەیشتووە بە ئاستێک چیتر ناکرێت بە ڕووبەڕووبوونەوە و توندوتیژی هەوڵی ئەوە بدرێت پێشی پێ بگیرێت، لە هەنبەر ئەو هەڕەشانەش، کەسایەتییە سیاسییەکان پێشبینیی توندوتیژی زێتر دەکەن و خەزعەلی دەڵێت: “پێشتر ئێمە هۆشداریمان دابوو لە رووداوەکانی مانگی 10، ئێستاش هۆشداری دەدەین لەو رووداوە کە رووداوێکی پیسە، دەیانەوێت پشێوییەکی گەورە لە بەغدا دروستبکەن و تا بکرێت زۆرترین کوژراوی لێبکەوێتەوە”.
ئەم لێدوانەی خەزعەلی لە کاتێکدایە، لە ژێر فشاری ئەمریکادایە و بەوە تۆمەتبار دەکرێت، دەستی هەیە لە هەڵکوتانە سەر خۆپێشاندەران و کوشتنیان.

ئایندەی حکوومه‌تی نوێی عێراق
لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدلمەهدی، لە پۆستی سەرۆکوەزیران، وەک چاوەڕواندەکرا، نە ڕەوشەکە بەرەو باشتر ڕۆیی، نە توندوتیژییەکانی سەر شەقامی عێراق کۆتایی پێهات، لە دوای دەستلەکارکێشانەوەکەشی کابینەکەی بوو بە کابینەیەکی کاربەڕێکار و لە هەوڵی دۆزینەوەی کەسێکدا بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی کابینەکە بکات و ئەو بۆشاییە سیاسییە پڕ بکرێتەوە، بەڵام ئەمە ئاسان نییە؛
هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران
هەرچەندە هاوپەیمانێتی سائیروون وفەتح، ئەوەیان ڕاگەیاندووە، لەماوەی یاساییدا، کەسێک بۆ سەرۆککۆوماری عێراق ده‌ستنیشان ده‌کرێت بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار بۆ ئەرکی پێکهێنانی کابینەکەی ڕای بسپێرێت، بەڵام ئەمە قسەی کۆتایی نییە و وادەی یاسایی کە ٣٠ ڕۆژە بۆ ئەو مەبەستە پێدەچێت کۆسپی زۆر بێتە بەردەمی ئەو پرسە گرنگە و دیاریکردنی کەسێک و، ڕێککەوتن لەسەر سیفاتەکانی ئاسان نابێت و خۆپێشاندەران باس لەوە دەکەن ئەوان دەبنە فلتەری کۆتایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەو مەبەستە بە گرنگ نازانن.

ناکۆکی لایەنەکان سەریهەڵداوە
کێشەیەکی تر لەبەردەم ئایندەی سیاسی و حوکمڕانیی عێراق، مەرجەعیەتی جیاواز و زۆری لایەنە سیاسییەکان و دوای ئەمانەش دەستتێوەردانی وڵاتانە. ئێستا، ناکۆکی نێوان لایەنەکان لە هەمبەر چارەنووسی حکوومه‌تی نوێی عێراق سەریهەڵداوە و بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشبوون. هەندێکیان هەڵبژاردنی پێشوەختە و دروستکردنی کابینەیەک بە دەنگدان بە دروست دەزانن و، پێیانوایە دەبێت کابینەی نوێش هەڵوەشێتەوە پاش دیاریکردنی سەرۆکوەزیران. بەشێکی تریشیان پێیان باشە کابینەی نوێ، کە دەستبەکار دەبێت، دەبێت سێ ساڵی یاسایی خۆی تەواو بکات، ئەمەش پێدەچێت سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان بێت و بابەتی تریش بەدوای خۆدا بهێنێت.

© 2017 Hawler