ئاب 13, 2020

كوردستانیان پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆكی حكوومەت دووپات دەكەنەوە

مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتارێكی لەبارەی كار و چالاكییەكانی 100 رۆژی رابردووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و رایگەیاند، حكوومەتی هەرێم هی هەموو هاووڵاتیانە، بە تەنیا هی تاكە كەسێك و یان چەند حزبێك نیە. بە گوتەی كوردستانیان لە 100 رۆژی رابردوودا حكوومەتی هەرێم كاری زۆر باشی كردووە، هەموو ئەمانەش شتی دڵخۆشكەرن و خەڵك ئۆمێدی بۆ دروست بووە كە لە 100 رۆژی داهاتوودا دەتوانێت شتی زۆر گەورەتر بكات، بۆیە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆكی حكوومەت دووپات دەكەینەوە.

مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دیاركرد:" ئێمە حكوومەتێكمان دەوێت خزمەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكات، ئێمە پابەندبوونی خۆمان دووپات دەكەینەوە بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزتر و حكوومەتێك كە خزمەتی خەڵك بكات، نەك بە پێچەوانەوە، ئەمەش بنەمای كاركردنمان بووە لە رۆژی دەست بەكاربوونمان، ئێمە هەرچی لەتواناماندا بێت دەیكەین بۆ خزمەتكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان و دەشزانم هاووڵاتیان چاوەڕوانی زیاتریان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام بێگومان ئەنجامدانی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی پێویستی بە كاتی زیاتر و زەمینەی لەبارتر هەیە، كە پشتیوان بە خوا و هاووڵاتیان ئۆمێدمان زۆرە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاست چاوەڕوانی ئێوەدا بێت، بێگومان تێپەڕبوونی 100 رۆژ تەنیا دەست پێكێكە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە 100 رۆژی دەست پێكدا كاری بەرچاومان كردووە، وە لە چەندین بواری گرنگدا پێشكەوتی باش بەدی هاتووە، بۆ نموونە باشتركردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا، رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، هەروەها گەڕانەوەی شەفافیەت و دڵنیای زیاتر لە بواری داهاتی گشتی و ناوخۆیی نەهێشتنی رێژەیەكی بەرچاوی رۆتینی، دەتوانین بڵێین بە گشتی حكوومەت چالاكتر و ئەكتیڤ تر بووە، دەتوانم بەدڵنیایەوە بڵێم كە ئێستا كوردستان بەهێزتر و سەقامگیر ترە، حكوومەتیش شەفافترە، ئێمە هیوادارین كە بە بەردەوام بوون، لەم پیلان و رێكارانەی كە گرتوومانەتە بەر لە چەند ساڵی داهاتوودا دەستكەوتی زۆر گەورەتر بە دەست بهێنین.
د. رەزا محەمەد، شارەزا لە بواری ئابووری بۆ "هەولێر" دیاركرد:" كابینەی نۆیەم لە 100 رۆژی رابردوودا كاری زۆر باشی كردووە، هەموو ئەو كارانەش بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بووە، سەرۆكی حكوومەت نایەوێت تەنیا پشت بە كەرتی نەوت ببەستێت، بەڵكو گرنگی زۆری داوە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ، گەشتیاری و پیشەسازی، ئەو كەرتانەش زۆر گرنگن، ئەگەر حكوومەتی هەرێم لەسەر ئەو گرنگیدانە بەردەوام بێت بێگومان ئەو كەرتانە جێگەی نەوت دەگرنەوە، بەیانی بازاڕی نەوت بشكێت، كاریگەری لەسەر كوردستان نابێت، چونكە ئەو كەرتانەی كە سەرۆكی حكوومەت باسی كرد، كەرتی گرنگن و ئابووری هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە دەبات.
د. كازم حەسەن، مامۆستای زانكۆ بۆ "هەولێر" دەڵێ:"سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیوەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بە یەكێك لە ئەركە لە پێشینەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داناوە و نیازپاكی هەرێمی كوردستانی بۆ بەغدا دووپات كردۆتەوە، رێككەوتن لەسەر بودجە كراوە، خەریكە لەسەر كێشەكانی دیكەش دەگەنە رێككەوتن، باشتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا، لە بەرژەوەندی هەولێر و بەغدایە، جگە لەوەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، چونكە ئەو رێككەوتنەی كە كراوە وا دەكات كە جارێكی دیكە مووچەی هاووڵاتیان پاشەكەوت نەكرێت.
رزگار موسا، مامۆستا لە كەرتی پەروەردە بۆ "هەولێر" گوتی:" كابینەی نۆیەم جیاوازە لەگەڵ هەموو كابینەكانی پێش خۆیی، چونكە هەر لەسەرەتای دەست بەكاربوونی، سەرۆكی حكوومەت كە كارنامەكەی لە پەرلەمان خوێندەوە، ئۆمێدێكی گەورەی بۆ خەڵكی كوردستان دروست كرد، لەو 100 رۆژەدا سەرۆكی حكوومەت زۆربەی بەڵێنەكانی جێبەجێ كردووە، ئەوە مامۆستایانی گرێبەست بوونە هەمیشە، ئەمساڵ بە هەزاران قوتابخانە نۆژەن كراونەتەوە، باسی لەوە كرد كە گرنگی زیاتر بە كەرتی پەروەردە دەدات و رێگە نادات چی دیكە قوتابخانەیەكی سێ دەوامی لە كوردستان بمێنێت، هەموو ئەمانە شتی دڵخۆشكەرن و خەڵك ئۆمێدی بۆ دروست بووە كە لە 100 رۆژی داهاتوودا دەتوانێت شتی زۆر گەورەتر بكات.
جەواد مونیر، كە كاری تەكسی دەكات بۆ "هەولێر" دەڵێ:" بەڕاستی كابینەی نۆیەم بەبێ جیاوازی خزمەتی خەڵكی كوردستان دەكات، پێش سەرۆكی حكوومەت دەست بەكار بێت زۆربەی رێگاوبانەكانی سنووری سۆران خراپ بوون، بەڵام دوای دەستبەكاربوونی و لە ماوەیەكی كورتدا هەموو رێگاوبانەكان نۆژەن كرانەوە و ئێستا هیچ رێگایەكی خراپ بوو لە دەڤەرەكە نیە، ئەوە لە بواری رێگاوبان، لە بوارەكانی دیكەش بەردەوام خزمەتی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كردووە، هێشتا بە تەواوەتی زستان نەهاتووە دەست بە دابەشكردنی نەوت كراوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر بازاڕ هەبووە، داواكارین لە داهاتوودا كاری باشتر بكرێت بۆ خزمەتكردنی هەموو چین و توێژەكانی كوردستان.
لە بابەتی پەیوەندیدار بە پرسی گەندەڵییەوە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، كەشێكی لەبارمان هێناوەتە ئاراوە، كە چیدی گەندەڵیی تیایدا گەشە ناكات، خۆم زۆر لەسەر ئەم بابەتە رژدم و چاوپۆشی لە گەندەڵیی هیچ كەس و لایەنێك ناكەم. ئێستا رێكاری یاسایی زۆر تووندمان گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەوانەی بۆ راپەڕاندنی كارەكانیان، لە دامودەزگاكانی حكوومەتدا، بەرتیل وەردەگرن، یان بەرتیل دەدەن، چەندین كارمەند و بەرپرسی حكوومی لەسەر بەرتیل وەرگرتن و چەندەها خاوەنكاریش، بەهۆی بەرتیلدان، لەم ماوەیەدا كەیسەكانیان دراوەتە دادگاكان، سەبارەت بەو پرسە كۆڤان قورتاس، هاووڵاتیەكی سنووری رواندزە بۆ "هەولێر" ئاشكرای كرد:" پێش دەستبەكاربوونی مەسروور بارزانی، وەكو سەرۆكی حكوومەت، لە دامودەزگاكان گەندەڵیەكی زۆر هەبوو، بۆ هەر فەرمانگەیەك چووبایە دوو رۆژ كارەكانی تۆی ڕانەدەپەڕاند، جگە لەوەی لەهەر ژوورێكی فەرمانگەیەكی حكوومی 4 فەرمانبەر دەبینران، بە چا خواردنەوە و موبایلەوە خەریك بوون، دوو سەعات چاوەڕوان دەبووی تا بەس وەڵامی تۆیان دەدایەوە، كەچی ئێستا بۆ هەر فەرمانگەیەك بچی بە دوو كاتژمێر هەموو كارەكانی خۆت دەكەی و دەگەڕێیەوە ماڵەوە، دەستخۆشی لە سەرۆكی حكوومەت دەكەین و داواكارین هەر كەسێك كەمتەرخەم بێت لە كارەكەی سزا بدرێت".

© 2017 Hawler