کانونی دووەم 20, 2020

پێشوازی و پشتیوانی لە هەنگاو و هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەکرێت

١٠٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێپەڕی، سەرۆکی کابینە، مەسرور بارزانی، لە گوتارێکدا، باسی لە دەستکەوتەکانی کابینەکەی کرد، ئەوەی لە ئێستادا دەگوترێت، کابینەی نوێ وەک ئەمانەتێک سەرجەم ئەو ئەو کارە جێهێڵراوانەی لە ئەستۆ گرتووە کە لە کابینەکانی پێشووتر ئەنجامنەدراوە و ئێستا بە گەرم و گوڕی دەستی بۆ دەبرێت؛

کابینەی نۆیەم مامەڵەیەکی جوانی لەگەڵ فشارە ئابورییەکان کردووە
ئابوریناسێک، باس لەوە دەکات، ئەو بڕیارانەی لەماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم دراوە، سەرجەمیان ڕەهەندی ئابوری و دارایی پێوە دیارە، ئەگەر بە ناڕستەوخۆش بوبێت، سێکتەری ئابوری لە پێش چاو گیراوە کە ئەمە گرنگییەکی زۆری بۆ داهاتووی کوردستان دەبێت، ئابوریناس، سیپان شێراونی لە بارەی هەوڵە ئابورییەکانی کابینەی نۆیەم، دەڵێت:" گرنگترین بڕیار کابینەی نۆیەم لە ڕووی ئابورییەوە، ئەو بڕیارەبوو کە پەیوەست بوو بە یەکخستنەوەی داهاتەکان بوو کە ئەمە ڕێگای لە بەهەدەردان و بەفیڕۆدان و تەخشان و پەخشان کردنی داهات گرتووە".
بە بڕوای ئەو ئابوریناسە، هەوڵەکان لە بواری پەرەپێدانی وەبەرهێنان و کارکردنی دروست لەو بوارە لە ماوەیەکی تردا دەبێتە هۆی، زیادبوونی داهات و زیاتربوونی هەلی کار لە کوردستان.
بە بڕوای ئەو، ئابوری و سیاسەت دووڕوی یەک دراون، هەربۆیە باس لەوە دەکات، بە بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ئابوری کە کابینەی نۆیەم دەستی بۆ بردووە، ڕەنگە لەو ماوە کەمەی ئێستا کە دەستبەکار بووە سودەکانی هەمووی دەرنەکەوێت، بەڵام لە داهاتوودا دەردەکەوێت چ گۆڕانکارییەک لە ژێرخانی ئابوریدا ڕوویداوە، شێروانی، ئەوەش ڕووندەکاتەوە، کابینەی نوێ مامەڵەیەکی زۆر دروست و جوانی لەگەڵ ئەو فشارە ئابورییانە کردووە کە لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوون، ئەوانەش دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەری شەڕی داعش و بە لێشاو هاتنی ئاوارە و پەنابەر بۆ کوردستان.

هەنگاوێکی گرنگی کابینەی نوێ دروستکردنی کلتوری حکومەتی هاووڵاتیانە
بۆ قسەکردن، لەسەر بڕیارە ئیداری و کارگێڕییەکانی، کابینەی نۆیەم، کە هەر لەسەرەتاوە سەرۆکی حکومەت گرنگی پێداو و چەندین بڕیاری سەبارەت بە ڕێکخستنی کاروبارە ئیدارییەکان لە دام و دەزگاکانی هەرێم دەرکرد، پەیوەندیمان کرد بە ئاوارە بەختیار، پسپۆڕی کارگێری، گوتی:" لە ڕوانگەی ئیدارییەوە دروستکردنی حکومەتی هاوولاتیان لەسەرجەم وڵاتە مۆدێرنەکان جێگای هەڵوەستە و بایەخە کە کابینەی نوێ زۆر جوان دەستی بە دروستکردنی ئەم کلتورە کردووە".
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە ئیدارییە، بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم سەرجەمیان لە خزمەتی خەڵکی بووە و توانیوییەتی بە شێوەیەک لە شێوەکان گڕ و تینێک بخاتە نێو دائیرە و ئەو جێگایانەی کە هاووڵاتیانی هەرێم بۆ ڕایی کردنی مامەڵە فەرمییەکان ڕووی تێدەکەن، ئەمەش بە چەندین وردەکاری و بڕیاری گرنگ ئەنجامدرا کە تیایدا کاتی کارکردنی فەرمانبەرانی حکومەت بە تەواوی ڕێکخرا.
هەروەها باس لەوە دەکات، ئەگەرچی لە کوردستان هەژموونی وڵاتانی دراوسێ تا ڕادەیەک زاڵە، بەڵام بە بەردەوامبوونی ئەم نەهجەی کابینەی نوێ کاری لەسەر دەکات، بە دڵنیاییەوە لە ماوەی داهاتوودا کوردستان نمونەیەکی زۆر جوان لە ڕووی ئیداری و خزمەتگوزارییەوە پیشان دەدات.

© 2017 Hawler