ئاب 13, 2020

داعش لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان خۆی رێكخستووەتەوە

بەبڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی میحوەرەكانی گەرمیان دەكات و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان كۆ بوویەوە. جێگری سەرۆكی هەرێم دەڵێ، جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە سنووری گەرمیان زیادی كردووە، پێداویستییەكانیان بۆ دابیندەكەین تاوەكو بتوانن رێگری لە هێرشەكان بكەن.

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "سەردانەكەی ئێمە بۆ ئەم میحوەرە بۆ میحوەری یەك و دوو و میحوەری خورماتوو لەسەر فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە كە فەرماندەی گشتییە و بڕیاردرا سەردانی ئەو ناوچانە بكەین، لەبەر ئەوەی داعش جموجۆڵێكی زۆری هەیە و بەبەردەوامی چالاكییان هەیە، لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو دوو چالاكی گەورەیان كردووە كە تێیدا 6 پێشمەرگە و ئاسایش شەهید بوون و چەند ئاسایش و پێشمەرگەیەكیش برینداربوون".
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، داعش ئێستا شەڕی پارتیزانی دەكات و خۆی رێكخستووەتەوە، سوودیشیان لەو بۆشایە وەگرتووە كە لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەكە هەیە، هەروەها زۆر ناوچە هێشتا هەر لە ژێر دەستی داعشدایە و بەشێوەی پارتیزانی چالاكی تێدا ئەنجام دەدەن.
هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی:" پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دووپات دەكەینەوە.
لەلایەكی دیكەوە هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 11ی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین، بۆ "هەولێر" دەڵێ:" بەداخەوە بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم زۆر خراپە، كەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی میلیشاكان، حەشدی شەعبی، هەروەها بارودۆخی ئەو ناوچانە لەرووی ئابوورییەوە زۆر باش نیە و لەژێر هەڕەشەدان، داعش بۆتە هەڕەشە بۆ سەر ئەوان، ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆچی داعش تەنیا لەو ناوچانە جموجۆلی هەیە كە ناوچەی كوردستانین لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، پێموایە ئەركی قیادەی سیاسی كوردە، ئەركی هەموو حزبەكانە، كە خیتابێكی هاوبەش، بەرنامەیەكی هاوبەشیان هەبێت بۆ ئەو ناوچانە، بیرێكی جددی لەو خەڵكە بكەنەوە، چونكە وای لێ هاتووە خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارە بێت و خەڵكی عەرەب جێگەی ئەوان بگرێتەوە".

© 2017 Hawler