ئاب 13, 2020

خۆپیشاندەرانی مەیدانی خەلانی لە بەغدا شەوێکی خوێناویان تێپەڕاند

پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە عێراق، لە ئاستێکی مەترسیداردایە و پسپۆڕێکی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" باس لەوە دەکات، لە ئێستادا سیمای شەڕی نێوخۆیی لە عێراق بەدەرکەوتووە و ئەگەر بە شێوەیەکی سیاسی دۆخەکە چارسەر نەکرێت، بەرەو ئەو مەترسییە دەڕوات، ئەمەش لە کاتێکدایە، شەقانی بەغدای پایتەخت، نا ئارامە و لە ڕووداوێکشدا لە مەیدانی خەلانی لە بەغدا چەند چەکدارێک سەدان خۆپێشاندەریان خەڵتانی خوێن کرد و دەیانیان لێ کوشتن؛

خۆپیشاندەران هیچ پێشنیارێکی حکومەت قبوڵ ناکەن
ئەگەرچی لە سەرەتای خۆپێشاندانەکان، خۆپیشاندەران ئاستی داواکارییەکانیان سەرەتایی بوو، وەک چەندجاری تریش لە عێراق داوای خزمەتگوزاری و باشکردنی بژێوی کرابوو، وە هەوڵێکیش هەبوو بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دانوستان ئەنجامبدەن و چەندین بەڵێنیان لە پەرلەمان و حکومەت وەرگرت، بەڵام لە ئێستادا، دوای هاتنە کایەی توندوتیژی و زیادبوونی ژمارەی کوژراو و برینداران، خۆپیشاندەران هەموو پێشنیارێکی حکومەت ڕەتدەکەنەوە و داوا دەکەن سەرجەم ئەو حزبانەی ئێستا لە حکومەتدان پاشەکشە بکەن و لە کایەی حوکمڕانی دوور بکەونەوە و بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش ئەوە ڕەتدەکەنەوە حیزبەکانی ئێستا لە نێو لیستی هەڵبژاردنەکان بوونیان هەبێت.

سەدان خۆپیشاندەر خەڵتانی خوێن کران
ئەوەی ئێستا قسە و باسی لەبارەوە دەکرێت و خۆپیشاندەرانیشی توڕەتر کردووە، ڕووداوەکەی مەیدانی خەلانی و پردی سنەک لە بەغدا بوو، کە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو چوونە نێو خۆپێشاندەران و ڕەشەکوژیان ئەنجامدا و کوشتارگەیان خوڵقاند، بە گوێرەی ئامارەکانیش لە پەلەمارەکەدا زیاتر لە ٢٠ کەسیان کوشتووە و نزیکەی ١٢٠ کەسیشیان بریندار کردووە، ئەگەرچی لە سەرەتادا ناسنامەی ئەو چەکدارانە نەزانراو بوو، بەڵام دواتر بە گوێرەی راپۆرتێكی پێگه‌ی ئیلێكترۆنی "ئیندیپێندنت عه‌ره‌بی" کە لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقییەوە دەستی کەوتووە، ئەو چەکدارانە سه‌ر به‌ كه‌تیبه‌كانی حزبوڵلای عێراقین كه‌ میلیشیایه‌كی چه‌كداری سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبین و راسته‌وخۆ بەرپرسن لە ئەنجامدانی ئەو کوشت و بڕە.

پسپۆڕێکی سیاسی: دوو گریمان هەیە سەبارەت بە دۆخی عێراق
پسپۆڕێکی سیاسی، سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی"هەولێر" باسی لەوە کردووە، لە ئێستادا دۆخەکە ئەوەندە بەرەو ئاڵۆزی چووە، کە پێشبینی کردن و خوێندنەوەی ئەستەم بێت، د.سەباح سوبحی، پسپۆڕی سیستەمە سیاسییەکان و مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین، ڕایدەگەینێت، ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران دەکرێت تەواجهی سیاسی هەیە لە نێوخۆی عێراق و لە دەرەوەی عێراقیش، کە ئەوەی دەرەوەیان زیاتر تایبەتە بە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق و ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدایە هەژموونی ئێران لە عێراق و ناوچەکە کەمتر بکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر دۆخەکە بەشێوەی سیاسی چارە نەکرێت پەلدەهاوێت بۆ شەڕی نێوخۆیی کە ئێستا ئاماژەکانی دەرکەوتووە.
سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی سەرجەم حیزبەکانی عێراق لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە، پرسیاری ئەوەمان ئاراستەکرد، پێشبینی دەکەن حیزبێکی نوێ لەسەر شەقام و لە ناوجەرگەی ناڕەزاییەتییەکان لە دایک بێت؟ ڕایگەیاند، زۆر زەحمەتە لە نێو شەقامی عێراق حیزبێکی نوێ دروست بێت و بتوانێت و کۆنتڕۆڵی شەقام بکات، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ هەموو ئەوانەی بەشدارییان کردوە لە کایەی حوکمڕانی و ڕۆڵیان هەبووە، هەر ئەوان دواجار دەتوانن کاریگەرییان لەسەر خەڵکی هەبێت و سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ عێراق، پێی وایە، ئەوەندەی ئیتیفاقی هێزە دەرەکییەکان گرنگە بۆ ئەو بابەتە، ڕێککەوتنی سیاسی لایەنە عێراقییەکان گرنگ و کاریگەر نییە.

© 2017 Hawler