کانونی دووەم 20, 2020

جەیمس جێفری: هەوڵەکانتان لە شەڕی دژی داعش بەرزدەنرخێنین

لە دوو هەفتەدا دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا لە هەولێر پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش هاتنە هەولێر، ئامانجیانە هەڵوێستی کوردستان بزانن لەسەر دۆخی ناوچەکە و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەن لە چاکسازی و پرسە نێوخۆییەکاندا .

بەیانی رۆژی شەممە نێردەی سەرۆکی ئەمریکا هاتە هەولێر، ئەو لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەیمس جێفری رایگەیاند:" شتێکی گەورەیە دووبارە سەردانی هەرێمی کوردستانم کردەوە، سەردانی دۆستانم کردووە لە هەرێمی کوردستان."
جەیمس جێفری هەروەها رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەرزنرخاند لە چاکسازیەکان و ئەو ئابوورییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە."
شەڕی دژی داعش بەتایبەت چالاک بوونەوەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی نێوان جێفری و سەرکردەکانی کوردستان بوو، نوێنەرەکەی سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت:" ئەمریکا سوپاسگوزاری ئەو خەبات و کارانەیە هەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش کردووەیەتی، هەروەها خەمباری خۆیشی دەربڕی بە بوونی چەند شەهیدێکی پێشمەرگە لە شەڕی ئەو دواییەی داعش لە سنووری خانەقین و جەلەولا."
نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، ئەمریکا وەکو هاوبەش و هاوپەیمانی کورد دەمێنێتەوە لە شەڕی دژی داعش، بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ سەقامگیری عێراق و هەموو ناوچەکە .
هەروەها مەسروور بارزانی خۆشحاڵی خۆی پیشاندا لە سەردانەکەی نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش.
لەماوەی دوو هەفتەدا دووەم بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بێتە هەولێر،23ـی مانگی رابردوو، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بێ ئەوەی بچێتە بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە بۆ دڵنیایی دان بوو بە کورد لە هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە هەردوولا چەندین ساڵە دۆست و هاوپەیمانی یەکدین.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەڕوونی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: "جەنابی سەرۆک من دەمەوێت سوپاستان بکەم و دووپاتبکەمەوە لە پابەندبوونمان لە پشتگیریکردنی سەرکردایەتی ئێوە، سەرکردایەتی کورد لە عێراق و هەروەها لەگەڵ ئێوەدا کار بکەین تاوەکو دڵنیابین لەوەی کە داعش و هەر گرووپێکی تیرۆریستی دیکە، چیدیکە توانایان نەبێت جێ پێی خۆیان بکەنەوە و نەشتوانن یەک ئینج لەم ناوچەیە بەدەستبهێننەوە".
ئەوکات میدیای جیهان سەردانەکەی بۆ دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی بۆ کورد لێکدایەوە، چونکە پێنس گوتی گەڕاندنەوەی هەر سانتیمەترێک لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش لە عێراق و سووریا کە بەبێ هاوپەیمانیەتی و هاوبەشی بەهێزمان لەگەڵ ئێوە و بوێری گەلی کورد و گەلی ئەمریکا، قەت نەدەگەیشتە ئەنجامەکەی .
داعش ماوەیەکە جموجۆڵەکانی زیادی کردووە، چەند تەقینەوەیەکی کردووە لە کەرکووک، لە خانەقین و جەلەولا رۆژانە هێرش دەکات، ئەمریکا ئامانجیەتی رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکات، چونکە لە چەند ناوچەیەک بۆشایی ئەمنی دروست بووە و هەماهەنگی پێشمەرگە پێویستە بۆ ئاسایشی ناوچەکە، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنیەکان، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان لە پەیوەندیدایە بۆ هێرشی ئاسمانی. لە دوایین ئۆپەراسیۆنیشدا بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە تیرۆری عێراق، ئۆپەراسیۆنی لە چیای قەرەچووغ کرد، بەپێی راگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندی، ژماریەکی زۆر چەکداری داعش کوژراون .

 

© 2017 Hawler