کانونی یەکەم 08, 2019

عادل عەبدولمەهدی: پێویستە لایەنە سیاسیەكان بە زووترین كات پێكهێنانی حكومەت یەكلابكەنەوە

ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە، عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی عێراق داوایكرد هه‌رچی زووه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی دیاری بكرێت، كابینه‌ی ئێستای حكومه‌ته‌كه‌شی بۆ كاربه‌ڕێكه‌ر گۆڕی.

عادل عەبدولمەهدى، سەرۆک وەزیرانى ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی عێراق رایگه‌یاند: دەستلەکارکێشانەوەمان پێشکەشکرد، چونکە وڵات بە قەیرانێکى قوڵدا تێدەپەڕێت و خەریک بوو دۆخەکە بە ئاقارێکى مەترسیداردا بڕوات، ئێستاش (15) رۆژ لەبەردەم سەرۆک کۆماردایە بۆ راسپاردنى سەرۆک وەزیرانى نوێ.

عەبدولمەهدی گوتیشی: حكومەتی كاربەڕێكەری ئێستا دەسەڵاتەكانی سنوردارن و ناتوانێت پڕۆژە یاسای بودجەی 2020 پێشكەش بە پەرلەمان بكات.

عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسیەكان بە زوترین كات پێكهێنانی حكومەت یەكلابكەنەوە.

عادل عەبدولمەهدی، لە یەكەم لێدوانی لەدوای پەسەندكردنی نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی له‌لایه‌ن پەڕلەمانەوە، ڕایگەیاند: پێویستە بەشوێن جێگرەوەیەك بۆ سیستمی هەڵبژاردنی ئێستادا بگەڕێن، چونكە سیستمی هەڵبژاردنی ئێستا خزمەت بە حزبەكان دەكات و دەسەڵات بۆ ئەوان قۆرخ دەكات و لاوانیش لە ناوەندەكانی بڕیار دووردەخاتەوە، ئاماژەی بە دانیشتنەكانی ڕۆژانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران كرد كە نائاسایی بووە و لەكاتێكدا دانیشتنی ئەمڕۆ ئاسایی بووە، چونكە حكومەت بۆتە حكومەتی كاربەڕێكەری ڕۆژانە.

رۆژی هه‌ینی عادل عەبدولمەهدی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش بە پەرلەمان كرد و رۆژی دواتر پەرلەمانی عێراق بە تێكڕای دەنگ دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەند كرد.

 

© 2017 Hawler