کانونی یەکەم 08, 2019

نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران كرایەوە

دوای رەزامەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی و حزبی نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران كرایەوە، بەوەش چیتر خەڵكی دەڤەری سۆران بۆ مامەڵەی پاسپۆرت رێگەی هەولێر ناگرنە بەر.

بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگاری هەولێر، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق، قایمقامەكانی هەر چوار قەزاكانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز، لەگەڵ بەرپرسانی حزبی و حكوومی و خەڵكێكی زۆر نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران كرایەوە.
كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران گرنگیەكی زۆری دەبێت و نزیكەی 340 هەزار كەس سوودمەند دەبن لە كردنەوەی ئەو نووسینگەیە، لە هەمان كاتدا فشار لەسەر پاسپۆرتی هەولێر كەم دەبێتەوە و هاووڵاتیان دەتوانن بە كەمترین ماوە مامەڵەكانی خۆیان رابكەن و ببنە خاوەن پاسپۆرتی خۆیان.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی:" پیرۆزبایی لە خەڵكی هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز دەكەین، ماندوبوونێكی زۆر بینرا تا ئەو نووسینگەیە كرایەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاوكار بوو بۆ كردنەوەی ئەو نووسینگەیە، زۆر سوپاسی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی عێراق دەكەین، هەروەها سوپاسی ئەو پەرلەمانتارانە دەكەین كە رۆڵیان بینی لە كردنەوەی ئەو نووسینگەیە.
وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" چوار نووسینگەی پاسپۆرت دەكرێنەوە، نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەمال لە ماوەیەكی نزیكدا دەكرێتەوە، لە زاخۆ و كۆیە ئەو نووسینگانە دەكرێنەوە، لەگەڵ تەواو بوونی بینای ئاكرێ نووسینگەی پاسپۆرت لەو قەزایەش دەكرێتەوە، تەواوی ئەو خزمەتگوزاریانە لە چوارچێوەی بەرنامەی كابینەی نۆیەم لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پێویستە خزمەتگوزارییەكان لە هەموو شوێنێك بە پەلە و بەڕێز پێشكەش بە هاووڵاتیان بكرێت، هاووڵاتیان هاوكار بن لەگەڵ نووسینگەكە و دامەزراوەكانی حكوومەت لەناوچەكە، بۆ ئەوەی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان بتوانن خزمەتگوزارییەكان وەكو پێویست پێشكەش بە هاووڵاتیان بكەن، هەر لەگەڵ كردنەوەی نووسینگەی سۆران، لە ماوەیەكی كورتدا دوو كەس بوونە خاوەنی پاسپۆرت، پیرۆزبایی لە خاوەنەكانیان دەكەین.
دواتر د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ سنووری چوار قایمقامیەت، كە ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی لێیە، ئەمە یەكێكە لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر سوپاس بۆ وەزیری ناوخۆ بۆ هەوڵ و تێكۆشانەكانی، زۆر سوپاس بۆ پەرلەمانتارانی بەغدا، زۆر سوپاس بۆ هەموو ئەو لایەنانەی كە هیمەتیان كرد، كە ئێمە ئەو رۆژە بە شانازییەوە ببینین، ئەمە بار سووكییەكی یەكجار زۆر بۆ هاووڵاتیانی دەڤەرەكە دروست دەكات، چونكە لە ماوەی رابردوو رۆژانە خەڵكێكی زۆر لە سنووری ئەو قەزایانە سەردانی پارێزگای هەولێریان دەكرد بۆ نوێكردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت، لە رێگادا كۆمەڵێك رووداوی هاتووچۆ روویان دەدا، پارەیەكی زۆر خەرج دەكرا، بەڵام بە كردنەوەی ئەو نووسینگەیە ئەو شتانە نامێنن، بۆیە پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵكی ئەو دەڤەرە دەكەین".

© 2017 Hawler