کانونی یەکەم 08, 2019

کوردستان وزەی پێویستی کارەبای بۆ وەرزی زستان و هاوین نییە

لەگەڵ کۆتایی هاتنی وەرزی بەهار و سەرەتایی وەرزی پایز، بە جۆرێکی تر، لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماو سۆڵی زستان و وەرزی گەرمای تاقەتپڕوکێنی هاوین، گرفتی کەمی کارەبا، لە کوردستان سەرهەڵدەدات و ئەم کێشەیەش ساڵانە دووبارە دەبێتەوە و تا ئیستا چارسەری پیویستی بۆ نەدۆزراوەتەوە، ئەگەرچی چەند کاتژمێرێکی کەم کارەبای نیشتیمانی بۆ ماڵان زیادبووە بە پێی تێپەڕینی ساڵ، بەڵم لەگەڵ ئەوەشدا، وەک پێویست نییە و گرفتەکە درێژەی هەیە، بە تایبەت لە وەرزی زستاندا، کە ئامێرە گەرمکەرەوەکان دەبنە یەکێک لە پێدوایستییە سەرەکییەکانی ماڵان و بەکارهێنانی زیاد دەکات.

لە ئیستادا، گۆڕانکاری لە خشتەی کارەبادا کراوە و هەمووان هەست بەوە دەکەن، بە بەراورد بە چەند مانگێکی پێشتر، کە کەش و هەوا پێویستی بە بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی نەبوو، کارەبای نیشتیمانی، تا رادەیەکی زۆر کاتژمێرەکانی زیاتر بوو، بەلام لە ئیستادا و لەگەڵ گۆڕینی کەش و هەوا، دووبارە کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی ڕووی لە کەمبوونە و مۆلیدەی گەڕەکەکان زیاتر کار دەکەن، کە هاوولاتیان گلەیی ئەوەیان هەیە، نرخی ئەمپێرەکانی گرانە و توانای ئەوەیان نییە، ژمارەی ئەمپێرەکانیان زیاد بکەن.
لەمبارەیەوە، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، رایدەگەینێت؛ بەداخەوە، ئێمە چەندینجارە دووبارەی دەکەینەوە، لە وەرزی زستاندا، کارەبا دەبێت بە سەرچاوەی گەرمکردنەوە و بەکارهێنانی ئامێرە گەرمییەکان، کە ئەمەش خواستێکی نائاسایی و گەورە دەخاتە سەر بەکارهێنانی کارەبا، ئەمەش بووە بە شتێکی سروشتی لە کوردستان".
گوتەبێژی وەزارەتی کوردستان، دەڵێت:" چارسەر ئەوەیە، ئێمە لە چەند لایەکەوە کار لەسەر ئەم باباتە بکەین و بە تەنیا ئەرکی وەزارەتی کارەبا نییە، دەبێت وەزارەتی پەروەردە، وا لە قوتابیان و منداڵان بکات ڕێز لە وزە بگرن و کارەبا بە هەدەر نەدەن، دەبێت وەزارەتی ئەوقاف لە ڕێگای مامۆستایانی ئاینییەوە باس لە دیاردەی زێدەڕۆیی کردن لە بەکارهێنانی کارەبا بکات، دەبێت شارەوانی بە ئەرکی خۆی هەڵبسێت و وەزارەتی خوێندنی باڵا هەوڵبدات توێژینە و ڕێگای نوێی بەرهەمهێنانی وزە پێشکەش بکات..تا دوایی.
سەبارەت بە خشتەی کارەبای نیشتیمان بۆ وەزری زستان، رایدەگەینێت، جاری هیچ خشتەیەکیان نییە و هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا و بە دەستهێنانی زۆرترین وزە و باشترین دابەشکردن.
سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکان لە سەرچاوەکانی وزەی کارەبا، لە ئیستادا، دەڵێت:" بڕیارە گازی کێڵگەی خورمەڵە زیاد بکات، بەرهەمی پێ زیاد بکەین، هەروەها وێستەگی خەباتی هەڵمی ٣٠٠ مێگاوات لە ڕێگایە و لە ژێر تێستکردندایە و نازانین بۆ ئەم زستانە سوودی لێدەبینین یا نا، لەگەڵ کۆمەڵێک چاکسازی لە ڕێگای کۆنتڕۆڵ و تیمەکانمانەوە.
سەبارەت بە وزەی بەردەستی کارەبا لە کوردستان لە ئێستادا، ڕایدەگەینێت:" ئێمە لە ئێستادا ٣ هەزار و ٢ سەد تا سێ هەزار و ٥ سەد مێگاوات دەتوانین بەرهەم بێنین، بەڵام وەکو ژێرخان، ٦ هەزار و ٧ سەد مێگاوات توانای بەرهەمهێنانمان هەیە، هەندێکیان بە هۆی نەبوونی سوتەمەنی یا نەبوونی پارە بۆ نۆژەنکردنەوەی ناتوانرێت بەردەست بێت.
سەبارەت بە بڕی خواست لەسەر وزەی کارەبا لە کوردستان دەڵێت:" لە بەهاردا خواست لەسەر کارەبا لە هەزار مێگاواتیش کەمترە، بەلام لە زستاندا خواست نزیکەی ٧ هەزار مێگاوات بووە لە ساڵی پار.

 

© 2017 Hawler