کانونی یەکەم 08, 2019

جەنجاڵی و خنکانی شەقامەکانی هەولێر لە بەدواداچوونێکی هەولێر ـدا شەقامەکان بە بەر شۆفێران ناکەون

هاتوچۆ و گواستنەوە، لەگەڵ گەورەبوونی شارەکانی کوردستان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانیان، پێویستی بە ئالیەتی نوێ و میکانیزمی باشتر هەیە، بە بەراورد بە ساڵانی زوو، ساڵانە، لەگەڵ کرانەوەی دەرگای قوتابخانە و زانکۆکانی کوردستان، شەقامەکانی هەولێر، لە کاتی دەوامی بەیانیان، پشوو درێژییەکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی بگەیتە شوێنی کارەکەت، ئەگەرچی شوێنی دەوام و کارەکەت دووریش نەبێت بە پێوانەی کیلۆمەتر، بەڵام جەنجاڵی و قەرەباڵغی سەر شەقامەکان، بە ڕادەیەکە زۆرجار دەتوانی بەو ماوەیە دەیان کیلۆمەتری تر ببڕی لە کاتێکدا ئەو جەنجاڵییە لەسەر شەقامەکان نەبێت.

کڕۆکی گرفتەکە
ڕۆژنامەی هەولێر، بۆ بەدواداچوون و زانینی گرفتەکە و هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە، چەند شەقامێکی جەنجاڵی بەسەر کردەوە و لەگەڵ چەند شۆفێرێک دوا، یەکێک لەو شۆفێرانە، کە شۆفێری تەکسی بوو، بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند، لە ئیستادا شەقامەکانی هەولێر، راستە بەرینتر و باشترن لە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان، پێویستیان بەوەیە کاری زیاتر لە شەقامەکان بکرێت، ئەو شۆفێرە، پێی وایە، ئێواران لە بەشێکی زۆری شەقامەکان، کاسبکاری سەربەخۆ و فرۆشیاری سەربەخۆ ئۆتۆمبێل ڕادەگرن و لە بەشێک لە شەقامەکاندا قەرەباڵغی دروست دەکەن، وە دەشڵێت:" ئێواران یا کاتی چوونەوەی هاووڵاتیان، بەهۆی قەرەباڵغی شەقامەکانەوە بۆ ڕێیەکی کەمیش ناچارن داوای کرێی زۆر بکەین".
فەرمانبەرێک، کە ڕۆژانە دەبێت کاتژمێر ٨ لە شوێنی کارەکەی ئامادە بێت و لە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کار دەکات، باس لەوە دەکات، ئەگەر سبەینان بمەوێت لە کاتی خۆم بگەمە شوێنی کارەکەم، لانی کەم ٤٠ خولەکم دەوێت، بەڵام لە کاتی تر هاتوچۆم کردووە و تەنیا ١٥ خولەکم بەس بووە تا بگەمە جێگای کارەکەم.

هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم گرفتە
ڕۆژنامەی "هەولێر"، پەیوەندی بە فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر کرد و کێشەکەی بۆ باسکرد، لەمبارەیەوە وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، باسی لەوە کرد؛ ئەمە کێشەیەکی گشتییە و لە هەموو شارە گەورەکانی دنیا بوونی هەیە، بە تایبەت لە پایتەختەکان، لە کاتی چوونە دەوام یا گەڕانەوە بۆ ماڵ. لۆد لە شەقامەکانی شار دروست دەبێت ولە هاتوچۆ پێی دەوترێت (وقت ضروە) واتە ئەو کاتە شتێکی ئاساییە ئەو جەنجاڵییە ڕووبدات، ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەوەیە، هەوڵبدەین خنکان لە شەقامەکاندا ڕوو نەدادت.
سەبارەت بە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم جەنجاڵییە، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، باسی لەوە کرد، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کەسی بە مەبەستی هاتوچۆ بۆ شوێنی کار، زۆر لە زیادبووندایە و هەر کەسێک ئۆتۆمبێلی خۆی بەکاردێنێت و ئالیەتی گواستنەوەی بە کۆمەڵمان لاواز، لەو شارانەی ئەم کێشەیە نیە، هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، میکانیزمی گواستنەوەی بە کۆمەڵیان هەیە و چالاکە. هۆکارێکی تریش ئەوەیە زۆرجار شوێنە گرنگەکان دەکەونە سەر هەمان شەقام، بۆ نموونە ڕێگای زانکۆ و پەیماناگاکان، بمانەوێت یان نا ئەو ڕیگایە قەرابڵغ دەبێت و چارسەری نیە.

ڕێوشوێنەکانی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، باسی لەو میکانیزمانە کرد کە ئێستاکە گیراوەتە بەر لە پێناو ئەوەی خنکانی شەقامەکان لەو کاتانە ڕوونەدادت و ڕایگەیاند، یەکتربڕی شەقامەکانمان هەڵگرتووە، چونکە زۆربەی کات لەو جۆرە یەکتربڕانە وەستان ڕوودەدات، وە بۆ ئەوەی خنکان بەهۆی وەستانەوە ڕوونەدات، ئێمە چوارڕێیانەکان دەکەیەن بە دووڕیان و چەند ترافیکێکمان هەڵگرتووە.
سەبارەت بە گرتنی یوتێرنەکانی سەر شەقام، دەڵێت:" لەو شەقامانەی کە پێمان وابووە یوتێرن و جێگای سوڕانەوەی زۆرە، بە زەرورمان نەزانیووە و هەندێکیمان داخستووە، بۆ ئەوەی هاتوچۆ تێیدا خاو نەبێت. دەشڵێت؛ ئەگەربێت و جێگای فەرمانگە حکومییەکان بگوازرێتەوە بۆ ناوچەیەک تا ڕادەیەک چارسەر دەبێت، بۆ نموونە لەگەڵ گواستەنەی دادی هەولێر، ئەو لۆد و ئیزدیحامەی ناو بازاڕ کەم بۆوە و ئیستا هەمووکات ئاساییە.
باسی لەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا، چەند بڕیارێک هەبوو بۆ ئەوەی سیستمی هاتوچۆی (ترام) بۆ شارەکانی کوردستان، دابنرێت، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە کە بەوە بەشێکی زۆری ئەو لۆدەی سەر شەقامەکان چارسەر دەبێت.
پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی (ترام) بۆ شارەکانی کوردستان
ڕۆژنامەی هەولێر، بۆ بەدواداچوون، سەبارەت بەو پلان و بڕیارانەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە رابردوودا و لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆ، باسی لێوەکرد، پەیوەندی بە ئومێد محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کرد و لەو بارەیەوە بە "هەولێر"ی ڕاگەیاند؛ ئێمە وەکو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، دیزاینی سیستەمی (ترام)مان بۆ شارەکانی کوردستان ئامادەیە، وە بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە، بەلام تاوەکو ئێستا هیچ کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان ئەوانەی لەگەڵیان دانیشتووین نەگەیشتووین بە ئەنجام.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی پرۆژەکە، دەڵێت:" پرۆژەکەی ئێمە دانانی هێڵی (ترام)ە لە نێو شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، چەند ساڵێکیش دەبێت دیزاینی پرۆژەکە تەواو بووە، بەڵام جێبەجێکردنی پرۆژەکە پارەیەکی زۆری دەوێت و لە تاقەتی حکومەتی هەرێم نییە، لە ئیستادا، هیچ کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانیش لە ئەستۆی نەگرتووە، کە بەمە دەتوانرێت بەشێکی زۆری ئەم گرفتە چارە بکرێت.

 

© 2017 Hawler